دین لە كەسێك وەرمەگرە وابەستەی لایەن و دەسەڵات وسەرەوەی خۆی بێت، یان لە بازنەیەكی فیكری و تصور و تێڕوانینێكی دیاری كراو كە سنووری بۆ دابنێت، یان لە كەسێكەوە فەرمانی بۆ بێت، ئیتر فەرمانەكە ڕاستەوخۆ و زانراو بێت یان ناڕاستەوخۆ و شاراوە بێت.
دین لە هیچ كەسێك وەرمەگرە بە شێوەیەك لە شێوەكان لە ژێر فشاردا بێت و لەبەر ئەو هۆكارە نەوێرێت بەلای زۆر لە حوكمەكانی قورئان و سوننەتدا بڕوات، یان ڕاڤەكردنیان لەگەڵ ئەو فشارانەدا بگونجێنێت و بە پێی بەرژەوەندییەکانی تەبدیلی کەلامی الله بکات.
دین لە کەسێک وەرمەگرە كەوا هەر جۆرە فشارێكی لەسەر بێت وئاراستە بكرێت و دوو باری هەبێت، بارێكی دیار و بارێكی نهێنی و شاراوە.
دین لە كەسێك وەرمەگرە بیری لەلای ڕەزامەندی خەڵكی بێت و لەكاتی باسكردنی دیندا حساب بۆ ڕازی كردنی شەقام و خەڵكی بكات.
دین لە كەسێك وەرمەگرە نان بە دینەكەیەوە بخوات و پارەو وەجاهەت و پلەو پایەی پێ بەدەست بهێنێت وبۆ ئەو مەبەستە وبەبەهانەی جۆراوجۆرەوە هەر ڕۆژێك لە دەرگای نەیارێك لە نەیارەكانی دینەكەیدا بوەستێت و بەناو دینەكەیەوە وێڵی دەستكەوت بێت.
دین لە كەسێك وەرمەگرە لادانی ڕوون و ئاشكرای لە عەقیدە و لە شەریعەتدا هەبێت، تەنانەت ئەگەر تەوبەش بكات لەبەر ئەوەی كەس شارەزای ناو دڵ و مێشك مرۆڤەكان نییە جگە لە الله، لەو كاتەشدا دوعای خێر وبەردەوامی بۆ بكە، بەڵام هەرگیز مەیكە بە دەمڕاست و پێشەنگی خۆت چونكە لەوانەیە لەسەر كارە خراپەكانی لە ژێرەوە هەر بەردەوام بیت، یان لە هەر هەلێكی گونجاوی تردا بۆی بگەرێتەوە.