الجمعة , مايو 26 2023

بەشی ١١

#شەرحی_أصول_السنة_ی_پێشەوا_أحمد_بن_حنبل: 11
باوەڕهێنان بە بینینی الله لە ڕۆژی قیامەتدا
پێشەوا أحمد لە (أصول السنة) كەیدا فەرموویەتی: (وَالْإِيمَانُ بِالرُّؤْيَةِ يَوْمَ اَلْقِيَامَةِ كَمَا رُوِيَ عَنْ اَلنَّبِيِّ صلى الله عليه وسلم مِنْ اَلْأَحَادِيثِ اَلصِّحَاحِ، وَأَنَّ اَلنَّبِيَّ صلى الله عليه وسلم قَدْ رَأَى رَبَّهُ، فَإِنَّهُ مَأْثُورٌ عَنْ رَسُولِ اَللَّهِ ، صَحِيحٌ، رَوَاهُ قَتَادَةُ، عَنْ عِكْرِمَةَ، عَنْ اِبْنِ عَبَّاسٍ ; وَرَوَاهُ اَلْحَكَمُ بْنُ أَبَانٍ، عَنْ عِكْرِمَةَ، عَنْ اِبْنِ عَبَّاسٍ ; وَرَوَاهُ عَلِيُّ بْنُ زَيْدٍ، عَنْ يُوسُفَ بْنِ مِهْرَانَ، عَنْ اِبْنِ عَبَّاسٍ، وَالْحَدِيثُ عِنْدَنَا عَلَى ظَاهِرِهِ كَمَا جَاءَ عَنْ اَلنَّبِيِّ صلى الله عليه وسلم ، وَالْكَلَامُ فِيهِ بِدْعَةٌ، وَلَكِنْ نُؤْمِنُ بِهِ كَمَا جَاءَ عَلَى ظَاهِرِهِ، وَلَا نُنَاظِرُ فِيهِ أَحَدًا.).
(وَالْإِيمَانُ بِالرُّؤْيَةِ يَوْمَ اَلْقِيَامَةِ كَمَا رُوِيَ عَنْ اَلنَّبِيِّ صلى الله عليه وسلم مِنْ اَلْأَحَادِيثِ اَلصِّحَاحِ) واتە: باوەڕهێنان بە بینینی الله تعالی لە ڕۆژی قیامەتدا ئەویش بەشێكە لە بیروباوەڕ و عەقیدەی ئەهلی سوننەت و جەماعەت، ئەم مەسەلەش پێشتر باسمان كرد و وتمان بەڵگەكانی كیتاب و سوننەت لەسەر ئەو بابەتە كۆكن و بەشێكمان لە ئایەت و فەرموودەكان لەو بارەوە خستەڕوو.
(وَأَنَّ اَلنَّبِيَّ صلى الله عليه وسلم قَدْ رَأَى رَبَّهُ، فَإِنَّهُ مَأْثُورٌ عَنْ رَسُولِ اَللَّهِ صلى الله عليه وسلم، صَحِيحٌ، رَوَاهُ قَتَادَةُ، عَنْ عِكْرِمَةَ، عَنْ اِبْنِ عَبَّاسٍ ; وَرَوَاهُ اَلْحَكَمُ بْنُ أَبَانٍ، عَنْ عِكْرِمَةَ، عَنْ اِبْنِ عَبَّاسٍ ; وَرَوَاهُ عَلِيُّ بْنُ زَيْدٍ، عَنْ يُوسُفَ بْنِ مِهْرَانَ، عَنْ اِبْنِ عَبَّاسٍ، وَالْحَدِيثُ عِنْدَنَا عَلَى ظَاهِرِهِ كَمَا جَاءَ عَنْ اَلنَّبِيِّ صلى الله عليه وسلم ) لێرەدا پێشەوا أحمد باس لە بینینی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم دەكات بۆ پەروەرگاری، بێ ئەوەی دیاری بكات بینینەكە چۆن بووە، بەچاوی سەر بووە یان بە چاوی دڵ.
مەسەلەی بینیی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم بۆ پەروەردگاری ئەوە بابەتێكی خیلافییە و كۆدەنگی سەلەفی لەسەر درووست نەبووە، لە فەرموودەكەی مەسروق دا هاتووە بە دایكمان عائیشەی وتووە الله لێی ڕازی بێت، ئەی دایكە عائیشە! ئایا پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم پەروەردگاری خۆی بینیوە؟ ئەویش فەرموویەتی: (لقَدْ قَفَّ شَعَرِي ممَّا قُلْتَ، أيْنَ أنْتَ مِن ثَلَاثٍ مَن حَدَّثَكَهُنَّ فقَدْ كَذَبَ: مَن حَدَّثَكَ أنَّ مُحَمَّدًا صلَّى اللهُ عليه وسلَّم رَأَى رَبَّهُ فقَدْ كَذَبَ، ثُمَّ قَرَأَتْ: {لَا تُدْرِكُهُ الْأَبْصَارُ وَهُوَ يُدْرِكُ الْأَبْصَارَ وَهُوَ اللَّطِيفُ الْخَبِيرُ} [الأنعام: 103]، {وَمَا كَانَ لِبَشَرٍ أَنْ يُكَلِّمَهُ اللَّهُ إِلَّا وَحْيًا أَوْ مِنْ وَرَاءِ حِجَابٍ} [الشورى: 51]. ومَن حَدَّثَكَ أنَّه يَعْلَمُ ما في غَدٍ فقَدْ كَذَبَ، ثُمَّ قَرَأَتْ: {وَمَا تَدْرِي نَفْسٌ مَاذَا تَكْسِبُ غَدًا} [لقمان: 34]. ومَن حَدَّثَكَ أنَّه كَتَمَ فقَدْ كَذَبَ، ثُمَّ قَرَأَتْ: {يَا أَيُّهَا الرَّسُولُ بَلِّغْ مَا أُنْزِلَ إِلَيْكَ مِنْ رَبِّكَ} [المائدة: 67] الآيَةَ، ولَكِنَّهُ رَأَى جِبْرِيلَ عليه السَّلَامُ في صُورَتِهِ مَرَّتَيْنِ.) البخاري: 4855. واتە خەریكە لە ترسی ئەو قسەتدا قژم ڕادەوەستێت و فەرموویەتی هەركێ وتوویەتی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم الله پەروەردگاری خۆی بینیوە ئەوا درۆی كردووەو ئینجا ئایەتەكەی بۆ خوێندووەتەوە.
بەڵگەی تریش لەسەر ئەوەی كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە شەوی میعراجدا پەروەردگاری خۆی نەبینیوە بەڵكو بەچاوی دڵی بینیوێتی. أبو ذر الله لێی ڕازی بێت دەفەرموێت پرسیارم لە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم كرد ئایا پەروەردگاری خۆتت بینی؟ ئەویش فەرمووی: (نور أنی أراه) مسلم: 178. لە ڕیوایەتێكی تردا فەرموویەتی ڕووناكییەكم بینی. هەر لە صحیح ی مسلم دا هاتووە ( أن النبي صلی الله علیه و سلم رأی ربه رؤیة قلبیة) واتە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم بە دڵی پەروەردگاری بینیوە نەك بە چاوی، بەمەش زانایان وەڵامی ئەو ڕیوایەتەی ابن عباس یان داوەتەوە الله لێی ڕازی بێت كە پێشەوا أحمد پشتی پێ بەستووە و فەرموویانە مەبەست لە بینینی دڵە نەك بینینی چاو.
بۆیە وتەكەی ئیمام ئەحمەد و ابن عباس یش الله لێی ڕازی بێت وەكو ابن تیمیة دەفەرمویت دەكرێت بە ڕەهایی وەرنەگیرێت و بڵێین مەبەستیان بینینی دڵ بووە نەك بینینی چاو، چونكە نە لە كیتاب و نە لە سوننەتدا وارد نەبووە كە پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم پەروەردگاری خۆی لە شەوی میعراجدا بە چاوی سەری بینیبێت، بەڵكو وەكو لە سوڕەتی النجم یشدا ئاماژەی پێكراوە دوو جار پەروەردگاری خۆی بەدڵی بینیوە: (وَلَقَدْ رَآهُ نَزْلَةً أُخْرَىٰ) النجم:13.
بەڵگەش لەسەر ئەوەی الله تعالی لە دونیادا لەلایەن هیچ كەسێكەوە نابینرێت ئەوەیە كاتێك موسی علیه السلام داوای كرد پەروەردگاری ببینێت،( ربِّ أَرِنِي أَنظُرْ إِلَيْكَ) الله پێی فەرمووە تۆ ناتوانیت من ببینیت: (قَالَ لَن تَرَانِي وَلَٰكِنِ انظُرْ إِلَى الْجَبَلِ فَإِنِ اسْتَقَرَّ مَكَانَهُ فَسَوْفَ تَرَانِي ۚ فَلَمَّا تَجَلَّىٰ رَبُّهُ لِلْجَبَلِ جَعَلَهُ دَكًّا وَخَرَّ مُوسَىٰ صَعِقًا ۚ) الأعراف:143. جا ئەگەر چیاكان بەرگەی بینینی الله نەگرن ئەوا مرۆڤ بەو لاوازییەوە ناتوانێت بەرگەی بینینی پەروەردگاری بگرێت. بەڵام لە ڕۆژی قیامەتدا الله تعالی هێزێكی وا بە ئیمانداران دەبەخشێت كە بتوانن سەیری پەروەردگاریان بكەن.
ئەوانەی نكۆڵییان لە بینینی الله كردووە لە ڕۆژی قیامەتدا موعتەزیلەو جەهمییەكانن، ئەم دوو تاقمە هەموو دەقەكانی بینینیان تەئویل كردووە و لەسەر زاهیرو حەقیقەتەكەی لایان بردووە. ئەشاعیرەش وەکو پێشتر ئاماژەمان پێکرد باوەڕیان بە بینینی الله لە ڕۆژی قیامەتدا هەیە بەڵام باوەڕیان بە جێگیر کردنی جیهەت نییە!
بینینی پەروەرگار لە ڕۆژی قیامەتدا لە چەندین ئایەت و زیاد لە سی لە هاوەڵانەوە گێڕدراوەتەوە وهیچ بوارێكی بۆ گومان تێدا نییە و هەركێیش باوەڕو عەقیدەی بە بینینی الله نەبێت لە ڕۆژی قیامەتدا ئەوە زۆر ئایەت و فەرموودەی صحیح ی ڕەتكردووەتەوە.
لە ڕاستیدا مەسەلەی بینینی الله عزوجل لە ڕۆژی قیامەتدا و بینینی لە دوینادا لە لایەن پێغەمبەرەوە صلی الله علیه و سلم بە چاوی دڵی یەكێكە لە باسە مەزنەكانی عەقیدە و یەكێكە لە جیاكەرەوەكانی نێوان ئەهلی سوننەت و نەیارەكانیان لە ئەهلی بیدەع، ئەوەش كە تاقمەكان ئەمەیان كردووەتە بەهانەی ئەوەی كە ئەهلی سوننەت لەناو خۆیاندا لە مەسەلەكانی بیروباوەڕدا خیلافیان لە نێواندا هەیە، لە راستیدا وا نییە و ئەوەی بینینی پێغەمبەری صلی الله علیه و سلم بۆ پەروەردگاری لە شەوی میعراجدا جێگیر كردووە لەسەر ئەوە هەڵدەگیرێت كە مەبەستی ئەوە بووە كە بەچاوی دڵی بینیوێتی نەك بەچاوی سەری.
(وَالْحَدِيثُ عِنْدَنَا عَلَى ظَاهِرِهِ كَمَا جَاءَ عَنْ اَلنَّبِيِّ صلى الله عليه وسلم) لەمەدا هەندێك لە قسەكەی پێشەوا أحمد وا تێدەگەن كە مەبەستی بینینی چاوی سەر بووە، بەلام دەكرێت بەو شێوە تەفسیر بكرێت كە مەبەستی بینینی چاوی دڵ بووە وەكو چۆن فەرموودەكەی ابن عباس یش كە ئاماژەی پێ دەكات بەهەمان تەفسیر تەفسیر بكرێت.
(وَالْكَلَامُ فِيهِ بِدْعَةٌ، وَلَكِنْ نُؤْمِنُ بِهِ كَمَا جَاءَ عَلَى ظَاهِرِهِ، وَلَا نُنَاظِرُ فِيهِ أَحَدًا.) شیكردنەوەی ئەم مەسەلەو زۆر قسە كردن لەسەری و تاوتوێ كردنی بیدعەیە چونكە هاوەڵان وایان نەكردووە، بۆیە هەر ئەوەندە بەسە كە باوەڕمان هەبێت كە ئیمانداران لە رۆژی قیامەتدا پەروەردگاریان دەبینن و لە دونیادا كەس ناتوانێت الله ببینێت، هەموو ئەو فەموودە و شوێنەوارانەش دەربارەی هاتوون كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە شەوی میعراجدا پەروەردگاری خۆی بینیوە لەسەر ئەو تێگەیشتنی وەردەگیرێت كە مەبەست پێی بینینی چاوی دڵە و مەبەست بینینی چاوی سەر نییە چونكە بەڵگەكان لەسەر ئەوە لە قورئان و لە سوننەتیشدا زۆرن.
لە كۆتایی ئەم باسەدا پێشەوا ئەحمەد فەرموویەتی: (وَلَا نُنَاظِرُ فِيهِ أَحَدًا) واتە مشت ومڕو مجادەلەشی لەسەر ناكەین، لە سەرەتاشەوە جەختی لەسەر خراپی مشتڕ و موجاەلە كردەوە و لێرەشدا جارێكی تر جەختی لەسەر كردەوە.
شایەنی باسە و وەکو پەیامێکیش لێرەدا دەمەوێت ئەوە ئاراستەی هەموو خوێنەرێکی بەڕێزی ئەم زنجیرەیە بکەم، کە وەکو جێبەجێکردن بۆ وتەکانی پێشەوای ئەهلی سوننەت پێشەوا احمد بن حنبل کە لێرەدا ولە ڕۆشنایی قسەی زانایاندا کتێبەکەی شەرح دەکەم، ئامادە نیم لەسەر هیچ بابەت وباسێکی ئەم پۆستانە موجادەلەو مشت ومڕ بکەم یان وەڵامی هیچ کەسێک بدەمەوە كە لە دژم دەكرێت، چونکە من ئەوەی بە حەقی دەزانم دەیگەیەنم ولێپرسراوێتی خۆم بەرانبەر دین وعەقیدەکەم بەجێ دەگەیەنم، وەکو پیشەی چەند ساڵەم إن شاء الله بەو شێوە بەردەوام دەبم و وەڵامی هیچ کەسێک نادەمەوە کە بە هەڵەم دەزانێت، یان بە خستنەڕووی عەقیدەی ئەهلی سوننەت قەڵس وبێزارە، پێشتریش کە باسی حوکمی دژە سوننەتەکانم کردووە لە كوردستاندا، یان باسی حوکم و حەقیقەتی هەڵبژاردن ودەنگدانم کردووە، یان حەقیقەتی سەرپێچی هەندێ تاقمە گومڕاکانم لە مێژووی ئیسلامیدا کردووە کە ئێستا لە کوردستاندا بوونیان هەیە وهەوادار و شوێنكەوتوویان هەیە، تووشی هێرش وسوکایەتی زۆر بوومەتەوە وبەهەمان شێوە هەوڵمداوە وەڵامی کەس نەدەمەوە ولەوانەی پێشوو و لێرەشدا تەنها چاوەڕوانی پاداشتی لای پەروەردگارم ومەسەلەکە لە بازنەیەکی کەسێتی تەسکدا بچووک ناکەمەوە وهیچیشم لەگەڵ هیچ کەسێکدا نییە ونەکەسیش لەو تاقمە گومڕایانە بە شەخسی دەناسم، بۆیە داوای لێبوردن لە هەرکەسێک دەکەم کە داوای مونازەرەو وڕاكێشانم دەکات بۆ تێکگیران وکات بە زایە بردن، هەمیشە وتوومە لە جیاتی ئەوەی لەگەڵ ئەوانەدا بچمە ناو کێژەلوکەی موجادەلەو مشتومڕی بێ سوود وزیان بەخش
، کتێبێک نامیلکەیەک پۆستێکی
نوێ لە ڕوونکردنەوەی عەقیدە وبەرگریکردن لە بیروباوەڕی ئەهلی سوننەت دەنووسم وخۆم بە تێکگیران لەگەڵ ئەهلی بیدەع سەرقاڵ ناکەم..
May be a graphic of text

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *