#وانەكانی_تایبەت_بە_عەقیدەی_ئەشاعیرە: 2
بنەماو مەرجەكانی ئەشعەری بوون!
ڕێڕەوی ئەشاعیرە كۆمەڵە بنەماوبنچینەیەكی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام سێ لەو بنەمایانە بە بنەمای سەرەكی دەژمێردرێن كە لە ئەهلی سونەت پێی جیا دەبنەوەو بەو هۆیەشەوە بووە، كە ئەوان بوون بە تاقمێكی لادەر و، ئەگەرچی بەزاری خۆیان ئیعتیراف ناكەن، بەڵام لە ڕاستیدا خاڵی هاوبەشی زۆریان لەگەڵ موعتەزیلە و جەهمیە و پێش ئەوانیش لەگەڵ فەلاسیفەدا هەیە.
زانایان دەڵێن: هەر كەسێك ئەو سێ بنچینەو مەرجانەی پێكەوە تێدا مەوجود بێت، ئەوە ئەشعەرییەكی تۆخ و تەواوە ، ئەگەر بۆ نموونە تەنها دانەیەكیانی تێدا بێت، كەواتە بەشێكی لە ئەشعەرییەت تێدایە، ئەمانەش بنەماكانن:
1- پێشخستنی عەقڵ لەسەر نەقڵ: سەرانی ئەشعەرییەت وەكو فخرالدین الرازي و أبو المعالي الجویني وابن فورك و هەموو ئەوانی تر، ئەم بنەمایە بە بنەمایەكی سەرەكی و مەزنی مەزهەبەكەیان دەزانن. بۆ نمونە قال الله و قال الرسول لەلای ئەوان – وەكو زانایەك دەفەرموێت – تەنها خۆی بەس نییە بۆ ئەوەی ورەبگیرێت، بەڵكو دەبێت بەفلتەری عەقڵیاندا تێپەڕ بێت و لەوێ مەعناكەی دیاری بكرێت، جا ئەگەر قایلكەر بوو باشە، ئەگینا ئەو كێشە لەلای ئەشاعیرە دوو حەلی هەیە، یەكەم ئەگەر دەقەكە فەرموودە بێت لە ڕێگەی تانەدان لە سەنەدەكەی ئەگەر ئاحاد بێت چارەسەی دەكەن، چونكە ئەوان فەرموودەی ئاحاد لە عەقیدەدا وەرناگرن با لە بوخاری و موسلم یشدا بێت، ئەگەر بەوە حەل نەبوو، بۆ نموونە ئایەت بوو، ئەوە حەلێكی تریان بۆی هەیە ئەویش ئەوەیە تەئویلی دەكەن و مەعنایەكی تری جیاواز لە زاهیری بۆ دادەنێن، بۆ نموونە: ( وَجَاءَ رَبُّكَ) دەڵێن، ئەوە مەبەستی (وجاء أمر ربك)ە، ئیتر بەو شێوە زۆربەی زۆری ئەو ئایەتانەی لەگەڵ عەقڵیاندا ( كە عەقڵی ئەوانیش لە ژێر كاریگەری و بنەماكانی علم الكلام و فەلاسیفەی یۆناندایە وەكو بنچینە) ڕێكنەكەوێت، بە سووك و ئاسان تەئویلی دەكەن، ئایەتەكە واتایەكی هەیە و ئەوان واتایەكی تریان بۆ داناوە.
2- دابەشكردنی نەقڵ بۆ متواتر و ئاحاد: بنچینەو بنەمای دووەمی سەرەكی ئەشاعیرە بریتییە لەوەی هەرچی فەرموودەو فەرموودەی قودیسش هەیە، دەیانكەن بە دوو بەشەوە، متواتر كە ژمارەیەكی كەمە لە فەرموودەكان و لە پرسەكانی عەقیدەدا وەكو بەڵگە قەبوڵی دەكەن، بەشی دووەمیش پێی دەڵێن ئاحاد، كە ئەمەیان زۆرترینی فەرموودەكانە و هەرچەند سەحیح بێت و با لە بوخاری و موسیلمدا بێت، لە بواری عەقیدەدا هەر وەریناگرن و ڕەتیدەكەنەوە، تەنها لە باسەكانی فیقهو غەیری عەقیدەدا وەریدەگرن. بەڵام لە مەسەلەكانی بیروباوەڕو عەقیدەدا عەقڵ دەخەنە پێش فەرموودەی ئاحادەوە.
3- پێویستە هەرچی نەقڵ هەیە(واتە كیتاب سوننەت) تەئویل بكرێت، تاكو لە گەڵ عەقڵدا یەك دەگرنەوە: واتە ئەوەش كە متواتر بوو و وەریانگرت، یان هەر ئایەت و فەرموودەیەكی تر كە لە گەڵ عەقڵ و تێگەیشتنی ئەواندا ڕێكنەكەوێت، بەم بنەمایەی سێیەمەیان چارەسەری دەكەن. واتە بنچینەی یەكەم و دووەمیان لە خزمەتی ئەم بنچینەی سێیەمەدایە،
بۆ نموونە: الله تعالی فەرموویەتی: (الرَّحْمَنُ عَلَى الْعَرْشِ اسْتَوَى) طه: 5. ئەوان بەزمانی حاڵ دەڵێن: نابێت! هەرچەند الله فەرموویەتی: (اسْتَوَى) بەڵام خۆی مەعناكەی (استولی) یە،
ئەشاعیرە بەم سێ بنەما نامۆیە و بنەمای تریشیان هەیە، كە لە باسەكانی داهاتوودا إن شاء الله باسیان دەكەین، مەودایەكی گەورەیان لە نێوان خۆیان و عەقیدەی سەلەفدا درووست كرد و بە هۆی تعصب و دەمارگیری بۆ مەزهەبەكەیان و، هەروەها بەهۆی ئەوەی لە زۆر لە سەدەكاندا دەسەڵاتیان بەدەستەوە بوو وتوانیویانە زۆرێك لە زانا و ناوداران لە ڕێگەی پێدانی بەڕێوەبردنی قوتابخانە و دار الحدیث و ئەو شوێنانەی بەدەستیانەوە بووە، بۆ لا خۆیان ڕایان بكێشن و خۆیشیان لە گەڵ ڕۆژگاردا لە بنەما و بنچینە نامۆكانیان لەگەڵ عەقیدەی ئەهلی سوننەتدا ڕۆ بچن و دوورتر بكەوتەوە.