الخميس , مارس 23 2023
سه‌ره‌تا / زنجیرەکان / محمد علي پاشا و كوشتارگەی قەلعە

محمد علي پاشا و كوشتارگەی قەلعە

 

 

#وانەكانی_مێژوو: 5

محمد علي پاشا و كوشتارگەی قەلعە

لە سەروبەندی ئامادەكاری محمد علي پاشادا بۆ ئامادە كردنی هێزێكی دەریایی گەورە لە شاری سویسی میسرییەوە و جوڵاندنی بۆ ناوچەی نەجد بە مەبەستی لەناوبردنی دەسەڵات و حكومەتی یەكەمی سعودیە كە بریتی بوو لە هاوپەیمانییەك لەسەر بنەمای سەرخستنی عەقیدەو تەوحید لە نێوان ئەوان و شێخ محمد بن عبدالوهاب دا ، ئەمەش ترسی زۆری خستبوویە دڵی دەوڵەتی عوسمانییەوە، بۆیە فەرمانیان بە محمد علي كرد ئەو دەوڵەتەی محمد بن سعود و شێخ محمد بن عبدالوهاب بەهەر نرخێك بووە لەناو بدەن.

محمد علي پاشا سەرقاڵی درووست كردنی (أسطول) گەلەگەشتییەكی گەورە بوو بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام ترسی مەمالیك هەرچەند لە حوكمدا نەمابوون هەمیشە لە دڵیدا بوو، بەتایبەتی لەو كاتەدا، چونكە سەران و سەكردە سەربازییەكانی مەمالیك ئەگەرچی ڕۆڵیان نەمابوو، بەڵام لە ژیاندا بوون و خاوەنی كەسایەتی كاریگەر بوون و لەهەر هەلێكدا بۆی بوو هەڵسنەوە، بۆیە ئەمەی بە هەلێكی زێڕین زانی لەناویان ببات و قەتڵوعامیان بكات، چونكە مەمالیك كە پێش ئەو ساڵانیكی دوورودرێژ حوكمی میسریان كردبوو و بەوەش ناسرابوون كە لە سەر ئیسلام بە غیرەتن، ئەمە هەمیشە ئەوانی وەكو كۆسپێك وێنا دەكرد بۆ محمد علي.

كێشەی مەمالیك ئەوە بوو ئەوان بریتی نەبوون لە ماڵباتێك بۆ محمد علي یان بۆ عوسمانییەكان لەناوبردنیان ئاسان بێت، بەڵكو ئەوان كۆمەڵانێكی جەنگاوەر و سەركردەی ئازا بوون پێشتر لەسەر دەستی فاتمییەكان و دواتر ئەیوبییەكان هێنرابوون بۆ میسر و نیشتەجی كرابوون، لە دوای نەمانی حوكمی ئەیوبییەكانیش توانیان دەسەڵات لە میسردا بگرنە دەست، بۆیە حوكم لە باوكەوە بۆ كوڕ و برا بەجێ نەدەما، بەڵكو مەمالیكەكان خۆیان ڕێكدەكەوتن لەسەر سەركردەیەكی سەربازی و سیاسی بەتوانا و دەیانكردە سوڵتانی میسر، هەر بۆیە لەناوبردنیان لەو كاتەش كە سوڵتەیان نەمابوو كارێكی ئاسان نەبوو، ئەمەش وای كرد كە عوسمانییەكان ئەم كارە گەورەیە بخەنە ئەستۆی ئەو دوژمنە سەرسەختەی ئیسلام لە میسر كە محمد علي بوو ولە راستیدا پیاوی ئەوانیش نەبوو، بەڵكو بەرژەوەندی و دوژمنەكەیان یەك بوون.

محمد علي پاشا لە پێناو ڕزگار بوونی لە مەترسی مەمالیكەكان و تۆكمەكردنی بنەماكانی دەسەڵاتەكەی لە میسردا ئامادە بوو هەموو كارێك ئەنجام بدات بەدەر لە ڕەوشتی سەربازی و ئاكاری سیاسی و دین و ویژدان، بۆیە لەو كاتەی كە سوپاكەی ئامادە دەكرد بۆ ڕەوانە كردنیان بۆ نیوەدورگەی عەرەب بە سەركردایەتی طۆسۆنی كوڕی و بەمەبەستی لەناو بردنی بانگەوازی محمد بن عبدالوهاب كە بە وەهابێكان ناویان دەبردن، لەو كاتەدا بیرۆكەیەكی شەیتانی بۆ هات و بە هەلی زانی مەمالیكەكان لەناو بدات، چونكە ئەو سوپای كە ڕووی دەكردە نەجد بۆ لەناو بردنی دەعوەكەی شێخ محمد بن عبدالوهاب كاریگەری دەبوو لەسەر دەسەڵاتی محمد علي و ترسی مەمالیكەكانی هەبوو لەو كاتەدا، بۆیە لە سویسەوە كە سەرقاڵی ئامادەكردنی سوپاكە بوو گەڕایەوە بۆ قاهیرە و وەكو خۆڵ لە چاوكردنیش دواتر وای نیشاندا كە مەمالیكەكان بەنیاز بوونە كرداری سەربازی لە دژی دەسەڵاتی محمد علي بكەن، بۆیە ئەویش وەكو ئەوەی هیچی لەگەڵیاندا نەبێت هەڵسا بە بانگهێشتكردنی نزیكەی پێنج سەد كەس لە سەركردەو كەسایەتی وسەرانی مەمالیك بۆ خوانێكی گەورە بە بۆنەی سپاردنی سەركردایەتی ئەو سوپایەی ئاماژەی پێكرا بە طۆسۆنی كوڕی، هەندێكیش دەڵێن بە بیانووی ئەوە بانگهێشتی ئەو خوانە كراون گوایە محمد علي دەوێت ڕاوێژ بە مەمالیك بكات سەبارەت بە ئامانجی سوپاكەی بۆ لەناوبردنی بزوتنەوەكەی شێخ محمد بن عبدالوهاب لە نەجد و دەشوترێت كە ئەركی پلان داڕشتنی ئەو كوشتارگەیە بە وەزیری بەناوبانگی ئەوكاتە (محمد لاظوغلي) سپێردراوە كە ئێستا لە گۆڕەپانێكی ناو شاری قاهیرەدا پەیكەرێكی بۆ كراوە.

لە پاش تەواو بوونی نان خواردن دەروازەكانی كۆشكەكەی هەمووی داخست و فەرمانی بە سەربازەكانی كرد هەموو مەمالیكەكان گوللەباران بكرێن ، جگە لە یەك سەركردەیان نەبێت كە توانی هەڵبێت بەناوی ئەمین بەگ و خۆی بگەینێتە شام، ئیتر هەموویان لە دەعوەتەكەی ڕۆژی هەینی پێنجی مانگی سەفەری ساڵی 1226ی كۆچی بەرانبەر 1811 ی میلادی كوژران، ئەم ڕووداوەش لە كتێبەكانی مێژوودا بە كوشتارگەی قەلعە دەناسرێت وگەڕەكێكی نزیك ئەو كۆشكە ئێستەش لە قاهیرە بە الدرب الأحمر دەناسرێت بەهۆی خوێنیكی زۆری كوژراوەكان كە گەیشتبوویە ئەوێ! مەبەست لە قەلعەش قەڵای صلاح الدین ە لە قاهیرە كە ئەو كوشتارگەی تێدا ئەنجام درا .

سەیریش ئەوەیە تاكو ئێستا هەندێك لە مێژوونووسەكان ڕووداوی قەلعە وەكو ڕووداوێكی ئاسایی تەماشا دەكەن بەو پێیەی كە محمد علي پاشا سەركردەی یەكەمی میسر بووە و مافی خۆی بووە كە نەیارەكانی پاكتاو بكات و لەناویان ببات، ئیتر بەهەر سیناریۆ و شێوازێك بێت، بەڵام ڕاستییەكەی ئەوە بوو كە ئەو ڕووداوە غەدرێكی گەورە و كارێكی ترسنۆكانەی دوور لە هەموو ڕەوشت ئاكار و ویژدان و ئایینێك بوو، وەكو پاشكۆی ئەو قەتڵوعامەش و لەدوای ئەو كوشتارگەیە، فەرمان درا بە هێزەكانی محمد علي هەموو كەسێكی كاریگەری مەمالیك لە میسردا بكوژرێت و چەندین هەزاری تریان لێ كوژرا و بەو شێوەش بەتەواوی لەناو بران و ماڵەكانیان تاڵان كرا و كوشتن و تاڵانكردنیش هەر بەردەوام بوو لەلایەن هێزەكانەوە تاكو محمد علي ناچار بوو بەخۆی دابەزیتە ناو شارو شوێنەكان و ئەو دۆخە بوەستێنیت. بەم شێوەش كاتێك سوپاكەی بۆ لەناو بردنی دەعوەی تەوحید بەرەو نەجد بەرێكەوتن هیچ مەترسی و تەگەرەیەك نەمابوو كە محمد علي لێی بترسێت یان حیسابی بۆ بكات.

ئەگەرچی ڕووداوی قەلعە خاڵێكی رەشە بەنێوچەوانی محمد علي و دەسەڵاتی عەلمانی میسر لەو كاتەدا و تەنانەت مێژوونوسە ڕۆژئاواییەكانیش كە باسیان كردووە نەیانتوانیوە بەرگری لێ بكەن یان هیچ پاساوێكی بۆ بهێننەوە، بەڵام لەو كاتەوە تاكو ێئستا زۆر مێژوونووسی بەكرێگیراو هەن پاساوی بۆ دەهێننەوە و دەڵێن مافی خۆی بووە دەوڵەتەكەی لە مەترسی مەمالیكەكان ڕزگار بكات كە لەگەڵ خورشید بەگدا پێشتر هاوپەیمانێتیان لە دژی و لە صعید ی میسریش لەسەردەمی محمد علي دا تاكو ماوەیەك دەسەڵاتیان هەبووە و بە هێزی سەربازی لابراون لەوێ.

ڕاستە محمد علي پاشا سەركردەیەكی ستەمكار و دیكتاتۆر بوو و هەڵوێستیشی لە ئیسلام ڕوون و ئاشكرا بوو، بەڵام نە لەناوبردنی بۆ مەمالیكەكان بەو شێوە دڕەندانە و نە ڕوخاندنی بۆ بزوتنەوەكەی محمد ی كوری عبدالوهاب بە بێ هەڵكردنی ڕۆشنایی سەوزو ڕەزامەندی و پشتگیریكردنی عوسمانییەكان نەبوو، كە خودی ئەوانیش لە قۆناغی كۆتایی حوكمڕانیاندا باوەڕی تەواویان بە ستەم و سەركوتكردن و پاكتاوكردنی نەیارەكانی خۆیان هەبوو و ئەوانیش چەندین حاڵەتی هاوشێوەی غەدرەكەی محمد علي یان هەیە بەرانبەر نەیارەكانیان ئەنجامیان داوە، چونكە بەڕاستی دەوڵەتی عوسمانی لە كۆتاییەكانیدا زۆر لە ئیسلام دووركەوتبوونەوە و بەرپرس و دارودەستەكانیان لە ویلایەتەكانی ژێر دەسەڵاتیاندا هەموو ستەم و فەساد و خراپەیەكیان دەكرد و ئیسلام تەنها بوو بوو بە ئامرازێك بۆ داپۆشینی ئەو ستەم و فەساد و گەندەڵییە زۆرانەی كە بەرپرسەكانیان لەسەری بوون، كە ئەوەش دواجار بەتەواوی لاوازی كردن و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا تەماحیان لە حوكمەكەیاندا پەیدا كرد ودواجار میراتی دەوڵەتی عوسمانی هەر لە ژیانی دوا سوڵتانیاندا كە بە پیاوە نەخۆشەكە دەناسرا لە نێوان هێزو دەوڵەتەكاندا دابەش كرا و دەولەتەكەیان وەكو داهۆڵێك بوو، یان وەكو شێرەبەفرینەیەك هەر ئەوەندی دەویست پاڵێكی پێوەبنرێت و هەرەس بهێنیت ، كە بەداخەوە هەر واش بوو.

إحسان برهان الدین

18 جمادى الآخر 1443

2022-1-21

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *