الخميس , سبتمبر 21 2023

تێگەیشتنیان بۆ ئیسلام تێگەیشتنێکی نامۆیە!

#جیاوازی_عەقیدەی_موعتەزیلە_لە_عەقیدەی_ئەهلی_سوننەت:(1)

تێگەیشتنیان بۆ ئیسلام تێگەیشتنێکی نامۆیە!

كەمكردنەوە لە پلەو پایەو گرنگی دەستگرتن بە دەقەكانی كیتاب و سوننەت و ناوو ناتۆرەنان لە هەڵگرانی ئەو پەیامە لە سەر وابەستەبوونیان بەو دوو سەرچاوە، لە بنچینەدا داهێنان و پیشەی فیرقەیەكی نەیاری ئەهلی سوننەت بووە كە قورئانیان بە تێگەیشتن و عەقڵی خۆیان وەرگرتووە و سوننەت و تێگەیشتنی هاوەڵانیان ڕەتكردووەتەوە، لە هاوچەرخەكانیشدا چی لە جیهانی ئیسلامی بە شێوەیەكی گشتی و چی لە كوردستاندا بە شێوەیەكی تایبەتی، ئەوانە ئەو كارە ئەنجام دەدەن كە شوێنكەوتووی موعتەزیلەكان و زیندووكەرەوەی بیرۆكەو گومانەكانی ئەوانن، كە ئەو كەسانەش زیاتر لە ناو هەندێ جێگە و پێگەی فەرمی لە كوردستاندا بوونیان هەیە و بەردەوام و لە هەربۆنەیەكدا هەلێكیان بۆ هەڵكەوێت دەیقۆزنەوە و بەچاوێكی گەورە و مەزن تەماشای بنەما و كەسایەتییەكانی ئەو تاقمە لادەرە دەكەن و پاڵپشت بە كەمی زانست و دووری موسوڵمانان لە دینەكیان بیروباوەڕەكانی ئەوان پێشكەشی خەڵكی دەكەن و، كار لەسەر ئەوە دەكەن هەمیشە موعتەزیلە وەكو كۆمەڵێكی ژیر و تێگەیشتوو لە دین وێنا بكەن وفەزڵیان دەدەنە سەر ئەوانەی كە تەنها لە ڕۆشنایی كیتاب و سوننەتدا دینداری دەكەن ، هاوكات خۆیشیان – بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ – وەكو كەسانێكی ژیر و شوێن پێ هەڵگری ئەوان دەناسێنن، لە بەرانبەریشدا ئەهلی سوننەت و جەماعەت، یان هەر كەسێك كە مەزن تەماشای دەقە شەرعییەكان بكات و بیەوێت وەكو خۆی پەیڕەوییان بكات و وابەستەی قورئان و فەرموودە بێت بە تێگەیشتنی زانایانی سێ سەدە چاكەكە، ئەوان وەكو كەسێكی ناحاڵی و كورت بین وبیر تەسك و دوور لە لۆژیك وێنای دەكەن و سووكایەتی بە ئەقڵ و تێگەیشتنی دەكەن.

لە ڕاستیدا موعتەزیلەكان هیچ گومانێكی تێدا نییە كە تێگەیشتنیان بۆ ئیسلام تێگەیشتنێكی نامۆیە و بنەماكانیشیان لەمەڕ عەقیدەو بیروباوەڕدا بنەماگەلێكی جیاواز و نامۆن و، هەڵقوڵاوی تێگەیشتنی فەیلەسووفەكانی یۆنان و فەیلەسوفە ئەژماركراوەكانن لەسەر ئیسلام.

لە زنجیرە باسێكدا – إن شاء الله – هەوڵ دەدەم دیارترین لادانەكانی موعتەزیلە لە ڕابردوو و هەروەها لەلای هاوئاوازەكانیان لە هاوچەرخەكاندا بخەمە ڕوو، بۆ ئەوەی ڕوون ببێتەوە كە ئەو تاقمە لە زۆر بنەمای گشتی ئیسلام لایانداوە و مەسەلەكە بەو ئاسانییە نییە كە هەندێ ناكۆكی ئاساییان لەگەڵ عەقیدەی ئەهلی سوننەت و جەماعەتدا هەبێت و گوایە حەقیش لەگەڵ ئەوان بووبێت، لەڕاستیدا نە ناكۆكییەكان بچووكن و نە هیچ كاتێكیش حەق لەلای ئەوان بووە لە باسەكانی عەقیدەو بیروباوەڕدا.

إحسان برهان الدین

15 رجب 1442

27 شباط 2021

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *