الخميس , مارس 23 2023
سه‌ره‌تا / زنجیرەکان / #چۆن_تدبّر_ی_قورئان_بكەین:1

#چۆن_تدبّر_ی_قورئان_بكەین:1

#چۆن_تدبّر_ی_قورئان_بكەین:1

تەقوا پردی (تدبر) ە

موسوڵمان بە دەقی ئایەتی قورئان فەرمانی پێكراوە قورئان بە تێگەیشتن و بە (تدبر) بخوێنێتەوە، وەكو الله تعالی فەرموویەتی: (أَفَلَا يَتَدَبَّرُونَ الْقُرْآنَ أَمْ عَلَىٰ قُلُوبٍ أَقْفَالُهَا) چەندین ئایەتی تریش لە سەر هەمان واتا و مەبەست هەیە، جا بۆ تێگەیشتن لە واتاكانی وشەی (تدبر) لە ڕوناكی قسەی زانا و شارەزایاندا، هەر جارەو بە كورتی هۆكارێك یان چەند هۆكارێك بەمەبەستی چاك تێگەیشتن و لێوردبوونەوە لە قورئانی پیرۆز دەخەینەڕوو إن شاء الله.

تدبر واتە: بیركردنەوەو تێڕامان وباش تیگەیشتن لە ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز بەمەبەستی پەی بردن بە واتا و بە مەبەست و حیكمەتەكانی، ئەگەر موسوڵمان بگاتە ئەو تێگەیشتنە، كە قورئان بە تدبر دەربڕینی لێ كردووە، ئیمانی زیاد دەكات و دەگاتە بڕوای بەهێز و یەقین، چێژو سوودیش لە قورئانی پیرۆز وەردەگرێت.

یەكەم هۆكار بۆ گەیشتن بە (تدبر) ئەوەیە موسوڵمان گوێڕایەڵی فەرمانەكانی قورئان بێت و خۆی لە قەدەغەكراو وحەرامەكانی بپارێزێت، ئەگینا واتای چی ئەگەیەنێت قورئان بخوێنیت و پێچەوانەی كار بكەیت؟ یان بەبەرنامە و پەیڕەو و فەرمانی غەیری قورئان هەڵسوكەوت و كار بكەیت! بەو شێوە خوێندنەوەی قورئان كاریگەری لەسەر لایەنی روحی و ئیمانی خوێنەرەكەی نابێت و هەر دەبێتە جۆرێك لە ڕاهاتن و خوێندنەوەیەكی ساردوسڕی بێ گیان.

الله تعالی فەرمویەتی: (وَاتَّقُوا اللَّهَ وَيُعَلِّمُكُمُ اللَّهُ) واتە: پەروەردگار تەقوای كردووەتە هۆكار بۆ فێربوون و بۆ وەرگرتنی بۆ زانست، ئێوە تەقواتان هەبێت، الله تعالی فێرتان دەكات و (تدبر) تان پی دەبەخشێت! تەقوا پردی تیگەیشتنە لە قورئان! بە پێچەوانەشەوە واتە بەبێ تەقواو و ڕاوەستان لە سنوورەكانی پەروەردگار، زانستی بەسوود فێر نابن، ئەوە هاوكێشەیەكە لە خودی ئەو قورئانەدا كە دەیخوێنینەوە هاتووە و چەندین ئایەتی تریش هەمان ئەو واتای لێ وەردەگیرێت.

هەروەها بۆ ئەوەی بگەین بە پلەوپایە و ئاستی (تدبر)، پێویستە هەست بە گەورەیی و مەزنیی ئەو قورئانە بكەین كە دەیخوێنینەوە، ئەبێ – وەكو هەندێ لە زانایان فەرموویانە – باوەڕمان وابێت:

لەگەڵ قورئاندا زیندووین و بەبێ قورئان مردووین!

لەگەڵ قورئاندا چاوساغ وبیناین و بەبێ قورئان سەرلێشێواو و نابیناین!

لەگەڵ قورئاندا لەسەر ڕێگای ڕاستین و بەبێ قورئان گومڕاو وێڵین…

دەبێت قورئان بە بەرنامەی ژیانمان بزانین، هەم بە گوفتارمان هەم بە كردارمان ئەوە بسەلمێنین، ئەگینا ئێمە لە كوێ و (تدبر ) و پەی بردن بە واتاكانی لە كوێ!

إحسان برهان الدین

1 رمضان 1442

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *