له خوا بترسن ئەو خەڵكە بەلاڕێدا مەبەن!
شێخ مقبل بن هادی الوادعی، پرسیارێكی ئاراستەی ئەوانە كرد كە باوەڕیان بە هەڵبژاردنە و فەتواكانی ابن باز و ابن عثیمین دەكەنە بەڵگە و شوێنكەوتوانی خۆیانی بۆ دەنگدان پێ قایل دەكەن، پێی وتن: ئێوە شوێنكەوتووی هەواو ئارەزووی خۆتانن نەك بەڵگەی شەرعی!
ئایا ئەگەر ئەو دوو زانایە لە فەتواكەیان پاشگەز ببنەوە ئێوەش پاشگەز دەبنەوە؟ بێگومان نەخێر چونكە دڵخۆشی ئەوان بە فەتوای ئەو دو زانایە بە هۆكاری ڕێزگرتن و متمانەیان نییە بە زانستیان، نەخێر، حاڵ و واقعیان هەروەها ڕاو بۆچوونیان لەسەر ئەو دوو زانایە ئەوە دەسەلمێنیت، بەڵكو مەسەلەكە تەنها ئەوەیە كە ئەو فەتوایەیان كە بێگومان هەڵەیش بوونە تێیدا، بەدڵیانە و لەگەڵ بەرژەوەندییەكانیاندا دەگونجێت و جگە لەوەش شێوازی پرسیارەكەش جۆرێك لە فریودانی تێدا بووە بۆیان. بۆ نموونە مەعلومە حوكمی پێكهێنانی حیزبی سیاسی و وەرگرتنی ئافرەت بۆ بەرپرسیارێتی سیاسی و دەسەڵات، هەروەها بەشداریكردنی غەیری موسوڵمان وەكو خاوەن دەسەڵات بەسەر موسوڵمانانەوە لای ئەو دوو زانایە حەرامە و ڕێگە پێدراو نییە و دەیان پرسی تریش كە ئەوان بە حەرامی دەزانن و لە ناو هەڵبژاردن و دەنگدان و پەرلەماندا بوونی هەیە و فەتواكانیان لەو بارەوە هەیە و زانراوە و دیارن، ئیتر ئەگەر بە شێوازی پرسیارەكە فریویان نەخواردووە، چۆن سەرەڕای ئەو هەموو فەتوای خۆیان دێن بەیەك فەتوای تر هەمووی هەڵدەوەشێننەوە؟! نموونە ئەگەر پرسیارەكەیان بەم شێوە بكردایە: یا شێخ، ئایا درووستە بەشداری لە هەڵبژاردن و پەرلەماندا بكەین بە مەبەستی نەهێشتنی خراپە و وتنی قسەی حەق، بەڵام ئەو دەنگدان و پەرلەمانە زۆر ناشەرعی گەورەی لە خۆ گرتووە، وەكو:
1- بۆ ئەوەی بەشداری بكرێت پێویستە حیزب پێكبهێنرێت و هەروەها پێویستە ئافرەتیشی تێدا بەشدار بێت، ئینجا ئەو جێگەیە كە موسوڵمانان بۆی دەچن بۆی هەیە مەسیحی و یەهودی و مولحید و عەلمانی و هەموو جۆرە توێژێكی كۆمەڵگای تێدا بێت و یەكلاكردنەوەی هەموو شتێكیش لەوێ بە زۆرینەیە نەك بە گەڕانەوەی بۆ حوكمی قورئان و سوننەت؟
2- هەر ئەندامێك لە هەڵبژاردندا سەركەوت و دەنگی پێویستی بە دەستهێنا، پێویستە سوێند بخوات لەسەر جێبەجێكردنی دستور وەكو خۆی، ئەو دستورەش حوكم تێیدا بۆ الله پاشان پێغەمبەرەكەی نییە 4h5، بەڵكو بۆ ئەوانەیە كە دایانناوە كە بریتین لە هەموو جۆرە دین و توێژ و ڕاوبۆچوونێكی گونجاوو ناكۆك لە گەڵ ئیسلامدا.
3- هەروەها ئەگەر ویستی گەل لەسەر ئەوە بوو نەسڕانییەك جولەكەیەك عەلمانییەك بێ دینێك یان موسوڵمانێك یان ئافرەتێك ببێتە سەرۆكی وڵات یان هەر بەرپرسیارێتیەكی تری گەورە بگرنە دەست كەس بۆی نییە لە حوكمی زۆرینە دەربچێت چونكە هەر لەسەرەتاوە ئەندامە موسوڵمانەكە سوێندی لەسەر ئەو جۆرە مەسەلانە خواردووە و باوەڕی بە سیستمی دیموكراسی هەیە و ئازادی بیروڕاو ئازادی گۆڕینی ئایینی بەلاوە ئاساییە، ئەگەریش وا نەبوایە هەر لە بنچینەوە ڕێگەی چوونە ژوورەوەی ئەو جێگەی نەدەبوو!
ئایا ئەگەر بەم شێوە پرسیار لە ابن باز و ابن عثمین بكرایە دەیانوت بەڵێ درووستە و شەرعییە بەشداری بكەن،؟نەخێر مەحاڵە و حاشا لە ئەوان وا بڵێن، نووسین و كتێب و دەرس و فەتواكانیشیان بەڵگەیە لەسەر ئەوە، بۆیە اتقوا الله ئیتر كەم خۆتان و خەڵكی داماو بە هەندێ قسەو فەتوا بخەڵەتێنن، كە خۆتان دڵنیان لە حەق و ڕاستی دوور كەوتوونەتەوە و حوكمی شەرعتان نەپێكاوە، ئەرێ ئێوە باوەڕتان بە قەبرو قیامەت و مردن نییە ئەو هەموو بەرپرسیارێتییە ترسناكانە دەگرنە ئەستۆی خۆتان و خەڵكی لەڕێگەی ڕاست دەردەكەن و بەسەر هەڵەی گەورەیاندا دەبەن؟ مردن زۆر لەوە نزیكترە كە هەركەسێك گومان دەبات، بزانە وڵامتان بۆ لەخشتەبردنی ئەو خەڵكە چییە، سویند بە الله كارێكی زۆر خراپ دەكەن و خۆتان و ئەو خەڵكەش بەو كارەتان تووشی جۆرەها زیانی دونیایی و قیامەتی دەكەن و الله لەسەر هەموو ئەو كارانەتان لێتان دەپرسێتەوە: (وَسَوْفَ تُسْـَٔلُونَ).[1]
[1] الزخرف:44