حەق نەناسیت لە ناحەق پارێزراو نابیت!
موفتی – وەكو زانایەكی گەورە دەفەرموێت – كاتێك كە فەتوایەك دەدات، وەكو ئەوەیە لە جیاتی الله تعالی ئیمزای كردبێت و ڕێگەی ئەو مەسەلەی دابێت كە پرسیاری لەسەر كراوە ! چونكە خەڵكی پرسیاری ڕاوبۆچوونی خۆی لێ ناكەن! بەڵكو داوای حوكمی شەرعی لێ دەكەن بەبەڵگەی ئایەت و فەرموودە. بۆیە موفتی دەبێت پێش فەتوادان زۆر لە بابەتەكان وردبێتەوە و حیسابی زۆر شت بكات پێش ئەوەی هیچ قسەیەك بكات و بەبێ بەڵگەی كیتاب و فەرموودەی صحیح هیچ نەڵێت، بەتایبەتی ئەگەر مەسەلەیەكی هەستیار و گەورە بوو كە لە ئەگەری هەڵە كردنی موفتی خەڵكانێك بە هیلاك بچن. یەكێك لە تاوانە گەرەكانیش ئەوەیە كەسێك لە خۆیەوە بەبێ دڵنیابوون لە بەڵگەی شەرعی و بێ پشت ئەستوور بوون بە حوكمی قورئان و سوننەت لە مەسەلەیەكی شەرعیدا قسە بكات و فەتوا بدات، الله تعالی فەرموویەتی: ﴿قُلْ إِنَّمَا حَرَّمَ رَبِّىَ ٱلْفَوَٰحِشَ مَا ظَهَرَ مِنْهَا وَمَا بَطَنَ وَٱلْإِثْمَ وَٱلْبَغْىَ بِغَيْرِ ٱلْحَقِّ وَأَن تُشْرِكُواْ بِٱللَّهِ مَا لَمْ يُنَزِّلْ بِهِۦ سُلْطَٰنًا وَأَن تَقُولُواْ عَلَى ٱللَّهِ مَا لَا تَعْلَمُونَ﴾[1] هەرچی بابەتێك بواری پێ خلیسكانی تێدابوو لە عەقیدەو بیروباوەڕ و تەوحیددا، لە كردەوەو شەرعدا، ئیتر هیچ ناچارییەك نییە وا لە موسوڵمان بكات ملی پێوە بنێت و ئەنجامی بدات، بە دیاریكراویش مەبەستم مەسەلەی هەڵبژاردنە، بەڕاستی هەركێ فەتوای شەرعیبوونی بەشداریكردن لەو پرۆسەیە بدات سەركێشییەكی گەورەی بە دینی خۆی و دینی ئەو خەڵكەوە كردووە و هیچ جۆرە ترسێكی پەروەردگاری لە فەتواكەیدا ڕەچاو نەكردووە كە توانیوێتی بە ناو شەرعەوە بڵێت درووستە بچیتە پرۆسەیەكەوە لە سەرەتای تا كۆتایی پڕە لەوەی دەبێتە مایەی خەشم و قین و ڕقی پەروەردگار و هەروەها پرۆسەكە بە سروشتی خۆی پڕە لە لادان لە شەرع و لە عەقیدەو بیروباوەڕ، پرۆسەیەكی ناكۆكە لە گەڵ سەدان ئایەت و سەدان فەرموودەدا! دڵنیابن ئەوەی فەتواتان بۆ دەدا بۆ بەشداری كردن لە دو كەس بەدەر نییە و فەتواكەی لە دوو ڕێگەوە سەرچاوە دەگرێت:
1- یان ئەوەیە لە جەهلەوە قسە دەكات و لەڕاستیدا زانستی شەرعی لە ڕێگەكانی خۆیەوە وەرنەگرتووە، ئیتر چی جەهل بە بەڵگە شەرعییەكان و بنەما و بنچینەكانی بیروباوەڕی ئیسلامی بێت، یان جەهل بە واقیعی ئەو پرۆسەیە و تێنەگەیشتن لەو كارەساتانەی كە هەڵبژاردن لە خۆی دەگرێت وەكو تەشریع كردن و سوێند خواردن لە سەر حوكم كردن بە پێچەوانەی قورئان و پێدانی دەسەڵاتەكانی الله بە گەل و..هتد
2- یان كەسێكە سیاسەت سەری لێ شێواندووە و ڕێگای حەقی لێ ون كردووە و حیزبی لەلا بووەتە شتێكی پیرۆز و هەموو شتێكی تری لەو پێناوەدا كردووە بە قوربانی !
یان بزانە بەچی بەهانەیەكی تری لاوازتر لە ماڵی جاڵجاڵۆكە خۆی قایل كردووە و قەناعەتی بە خۆی كردووە ئەو قسانە بكات، گرنگ ئەوەیە تا بیناقاقا هەڵەیە و ڕاستی نەپێكاوە!
بۆیە لەبەر ڕەزامەندی الله و خێری دین و دونیای خەڵكی چاكترە بۆیان نە لە دوور و نە لە نزیكەوە بەشداری دەنگدان نەكەن و نە بەدەنگدان و نە بە هیچ شێوازێكی ڕۆڵ بینین و بەشداری كردن توخنی ئەو بابەتە نەكەون. باوەڕیش بەو قسانە نەكەن كە دەنگ نەدان گوناهە و دەنگەکەت شایەتییە! بە پێچەوانەوە تاوانی گەورە و ترسناك بەشداریكردنە نەك نەكردن! بەڵێ ڕاستە دەنگدان شایەتییە،
بەڵام شایەتییەكی ناڕاست و ناحەق و زوورە و شایەتییەكە لە مەعسیەت و توڕەیی پەروەردگاردایە! یان دەڵێن هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدا تەواو دەبێت و ئەو جۆرە قسانە، ئایا تۆ خۆت لەوەی كە الله پێی ناخۆشە و هەڕەشەی لە ئەنجامدانی كردووە لە قورئاندا دەپاڕێزیت؟
لە ڕاستیدا هەڵبژاردن بە شێوەیەك لە شێوەكان – نەك تەنها لە عێراق – بەڵكو لە زۆربەی شوێنەكانی دونیا وەكو شانۆگەرییەك وایە پێشتر دەرەنجامەكانی دەزانرێت و هیچ نەبێت ڕێگە زۆرە بۆ دیاری كردنی دەرەنجامەكانی بەو شێوەی كە خۆیان دەیانەوێت! تەنانەت لە ئەمریكای دایكی دیموكراسیدا! هەڵبژاردن لە ڕاستیدا هیچ لە مەسەلەكان ناگۆڕێت و دەیان ساڵە هەردوو حیزبی جومهوری و دیموكراتی بە نۆرە جارێك ئەم و جارێك ئەو لە ئەمریكا حوكم دەگرنە دەست و سیاسەتی ئەمریكا هەر ئەو سیاسەتەیە و ناگۆڕێت! بەشداری كردن لە هەڵبژاردن بە نیسبەت كەسی موسوڵمانەوە تەنها ئەوەیە بە دەنگی خۆی خەڵكانێك دەگەیەنێت بە پلەو پایەی سیاسی و مووچە و بزنس و گەشت و گوزاری وڵاتان و لەبەرانبەریشدا خۆی تەنها نەهامەتی دین و دونیای لە ئەنجامی ئەو بەشداری كردنەیدا بەردەكەوێت. ئەگەریش دەتەوێت بزانی دەرەنجامی هەڵبژاردن و دیموكراسی بۆ موسوڵمانان چ خێرێكی ئەبێت، بڕوانە بۆ حاڵی ئیخوان لە میسر، لە پاش سەد ساڵی ڕەبەق لە كۆشش كردنی سیاسی و باوەڕهێنان بە دیموكراسی و هەوڵدانی بێ وچان لە ڕێگەی كاری پەرلەمانی دواجار حوكمیان گرتە دەست، بەڵام چی ڕویدا و چ خێرێکیان بۆ ئیسلام و موسوڵمانان هەبوو؟ نە خۆیان لەماوەی ئەو ساڵەدا هیچیان پێ كرا و تەنانەت نە توانای بەرگریكردن و پارێزگاریشیان بوو لە خۆیان، بۆیە سەرەڕای ئەو هەموو تەنازولەی ئەوان لە دینی ئیسلامدا دەیانكرد كە هەموو سنوورێكی بەزاندبوو، كتێبێكی تایبەتی دەوێت ئەگەر بتەویت حەقی ئەو باسە بدەیت! لەگەڵ ئەوەشدا هەر بە توندڕەو ئیڕهابی حیسابیان بۆ كرا و بە ئاگرو ئاسن ڕووبەڕوویان بوونەوە و بە ئەوپەری بێ رەوشتی و بێ بەزەییانە مامەلەیان لەگەل كردن و دروشمی (سلمیتنا أقوی من الرصاص) یش هیچ دادی نەدان و سیلمیەتیان كردنی بە ژەمێكی ئاسانی خوانەناسێكی وەكو سیسی و بەداخەوە داری بەسەر بەردەوە بۆ نەهێشتن، چونكە ئەوان ئەو خەڵكەیان لە جیاتی بەرگری لە خۆكردن هەموویان فێری تەنازولات و سلمیة سلمیة كردبوو! بەو شێوەش سەد ساڵ لەڕووی ئیشی حیزبی و ئەوەی كە خۆیان باوەڕیان پێی بوو گەڕانە دواوە و پاشەكشەیان پێ كردن! ئەزموونی تاڵی جەزائریش هەر جێگای ئەوەیە پەند و عیبرەتی لێ وەربگیرێت: ﴿إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَذِكْرَىٰ لِمَن كَانَ لَهُ قَلْبٌ أَوْ أَلْقَى السَّمْعَ وَهُوَ شَهِيدٌ﴾[2] ئەگەر بمزانیبا دەنگدان و خۆ كاندید كردن و چوونە پەرلەمان لە ڕووی شەرعەوە تروسكاییەك بواری تێدایە لە ڕوانگەی شەرعەوە، یان گومانم وابوایە هەر ئەوەندەی زینا كردن و سوو خواردن و بوهتان كردن گوناهە، تەنها یەكجار و لە یەك پۆست زیاترم لەسەری نەدەكرد. بەڵام ئەمەیان زۆر ترسناكە و سنوورەكانی ئولوهیەت و حاكمیەت و ناوو سیفاتەكانی الله ی هەمووی تێدا دەبەزێنرێت و دەنگدان وەكو ئاگرێكە و موسوڵمان بۆ خۆی هەڵیدەگیرسێنیت! ئەو كەسەش كە فەتوایان بۆ دەدات و ئەو كەسانەش كە بە قسەی ئەوان ڕوو لەو كارەساتە دەكەن، هەموویان زیانێكی زۆر گەورەیان لە دین و لە دونیای خۆیان داوە و واجبی هەموو دڵسۆزێكی دین و ژینی ئەو خەڵكە ئەوەیە دەستیان بگرن و لە ئەنجامدانی ئەو هەڵە شەرعییە گەورەیە ساردیان بكەنەوە بەڵكو بگەڕێنەوە سەر ڕێگای ڕاست، بەوەش خزمەتێكی گەورە بەو خەڵكە پێشكەش دەكرێت، كە بەداخەوە زۆرێكیان نە بۆ دونیایان و نە بۆ دینیان نازانن چی باشە و چی خراپە و بەردەوام دەبنە پەیژە بۆ سەركەوتنی خەڵكی تر بەسەریاندا.كاتێك كە هەندێك دەبینم بەبێ ترسی الله هانی خەڵكی دەدەن بۆ دەنگدان و خۆیشیان چاك دەزانن دەنگدان و پەرلەمان لەڕووی شەرعەوە، لە دیدی قورئان و سوننەتەوە یەعنی چی! لەو كاتەدا هەست بە حاڵەتێكی زۆر ناخۆش دەكەم و بەزەییم بە حاڵی ئەو خەڵكەدا دێتەوە، بەو بێ زانستییەی خۆیانەوە لە بیروباوەڕو شەرعی ئیسلامدا، چۆن بەرگەی گومانی ئەو هەموو خاوەن بەرژەوەندی و گومڕاو گومڕاكەرانە بگرن و چۆن لە خشتەنەچن؟﴿بَلْ مَكْرُ ٱلَّيْلِ وَٱلنَّهَارِ﴾شەو ڕۆژ بە قسەو بە نووسین و بە پۆستی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، لە پێناو بە دەستهێنانی دەنگیاندا كە دونیای خۆیانی پێ چاك دەكەن ودواڕۆژی ئەوانی پێ خراپ دەكەن و هەوڵی لە خشتەبردنیان دەدرێت و هەڵە و پێچەوانەی شەرعیان وەكو ڕاست و كاری شەرعی و خێر بۆ وێنا دەكرێت، كورد واتەنی خوا یارمەتیان بدات.
بەڕاستی كاتێك گوێم لە هەندێك دەبێت هانی خەڵكی بۆ دەنگدان دەدەن و بۆ مەبەستی تەسكی حیزبی خۆیان كڵاویان لەسەر دەكەن،
دڵم پێیان دەسووتێت و فەرموودەكەی پێغەمبەر 4h5 دەكەوێتە بیر كاتێك حذیفة (الله لێی ڕازی بێت) جیاواز لە هاوەڵانی تر لە جیاتی پرسیاری خێرو چاكە، پرسیاری شەڕ و خراپەی لێ دەكرد بۆ ئەوەی تێی نەكەوێت و خۆی لێ بپارێزێت: (كَانَ النَّاسُ يَسْأَلُونَ رَسُولَ الله 4h5 عَنِ الْخَيْرِ، وَكُنْتُ أَسْأَلُهُ عَنِ الشَّرِّ مَخَافَةَ أَنْ يُدْرِكَنِي، فَقُلْتُ: يَا رَسُولَ اللهِ! إِنَّا كُنَّا فِي جَاهِلِيَّةٍ وَشَرٍّ، فَجَاءَنَا اللهُ بِهَذَا الْخَيْرِ، فَهَلْ بَعْدَ هَذَا الْخَيْرِ شَرٌّ؟ قَالَ: “نَعَمْ!” فَقُلْتُ: هَلْ بَعْدَ ذَلِكَ الشَّرِّ مِنْ خَيْرٍ؟ قَالَ: “نَعَمْ! وَفِيهِ دَخَنٌ” قُلْتُ: وَمَا دَخَنُهُ؟ قَالَ: “قَوْمٌ يَسْتَنُّونَ بِغَيْرِ سُنَّتِي، وَيَهْدُونَ بِغَيْرِ هَدْيِي، تَعْرِفُ مِنْهُمْ وَتُنْكِرُ” فَقُلْتُ: هَلْ بَعْدَ ذَلِكَ الْخَيْرِ مِنْ شَرٍّ؟ قَالَ: “نَعَمْ! دُعَاةٌ عَلَى أَبْوَابِ جَهَنَّمَ؛ مَنْ أَجَابَهُمْ إِلَيْهَا قَذَفُوهُ فِيهَا” فَقُلْتُ: يَا رَسُولَ اللهِ! صِفْهُمْ لَنَا، قَالَ: “نَعَمْ! قَوْمٌ مِنْ جِلْدَتِنَا، وَيَتَكَلَّمُونَ بِأَلْسِنَتِنَا” قُلْتُ: يَا رَسُولَ اللهِ! فَمَا تَرَى إِنْ أَدْرَكَنِي ذَلِكَ؟ قَالَ: “تَلْزَمُ جَمَاعَةَ الْمُسْلِمِينَ وَإِمَامَهُمْ” فَقُلْتُ: فَإِنْ لَمْ تَكُنْ لَهُمْ جَمَاعَةٌ وَلا إِمَامٌ؟ قَالَ: “فَاعْتَزِلْ تِلْكَ الْفِرَقَ كُلَّهَا، وَلَوْ أَنْ تَعَضَّ عَلَى أَصْلِ شَجَرَةٍ حَتَّى يُدْرِكَكَ الْمَوْتُ وَأَنْتَ عَلَى ذَلِكَ) [3]
[1] – الاعراف/33.
[2] – ق/37.
[3] – متفق عليه.