الخميس , ديسمبر 7 2023
سه‌ره‌تا / زنجیرەکان / شورا و هەڵبژاردن .. ئاسمان و ڕێسمان!

شورا و هەڵبژاردن .. ئاسمان و ڕێسمان!

شورا و هەڵبژاردن .. ئاسمان و ڕێسمان!

 

هەندێ جار لە هەندێ كەسەوە گوێبیستی ئەوە دەبین هەڵبژاردنی پڕ لە موخالەفاتی عەقیدە و بیروباوەڕ كە لەم سەردەمەدا لە زۆر لە وڵاتانی عەرەب و موسوڵمانان دەگوزەرێت، بەراورد دەكرێت بە شورا لە ئیسلامدا كە ئەوەش بەراوردێكی نازانستی و نالۆژیكیشە! وەڵامیش لەسەر ئەو شوبهەو گومانە ئەوەیە: دیموكراسی و هەڵبژاردن، لەگەڵ شورا كە الله تعالی فەرمانی پێ كردووە، لە هیچ شتێكدا یەكناگرنەوە و لە هەموو ڕوویەكەوە جیاوازن، بەڵگەش لەسەر ئەوە:

1- سەرچاوە و ئەسڵی هەڵبژاردن لە كوێوە بۆمان هاتووە؟ بێگومان لە ڕۆژئاوای نەسڕانییەوە، واتە لەلای بێباوەڕانەوە. ئەی سەرچاوەی شورا چییەو لە كوێوە پێمان گەیشتووە؟ بێگومان لەلای الله تعالی خۆیەوە كە فەرموویەتی: ﴿وَأَمرُهُم شورىٰ بَينَهُم﴾[1]كێ شورای كردووە بە شەرع بۆمان؟ بێگومان الله تعالی خۆی. ئەی ئایا مرۆڤەكان بۆیان هەیە شەرع دابنێن و ئەگەر دایاننا پەیڕەو دەكرێت؟ بێگومان نەخێر. الله تعالى فةرموويەتی: ﴿أَفَغَيْرَ اللَّهِ أَبْتَغِي حَكَمًا﴾[2]

2- شوراى گەورە لە ئیسلامدا پەیوەندیدارە بە سیاسەتی ئوممەتی ئیسلامەوە، ئەوانەشی كە ئەهلی ئەو شورایەن بریتین لە زانایان و پیاوچاكان و دڵسۆزانی ئیسلام.

بەڵام هەڵبژاردن و دیموكراسی كەسانێك بەڕیوەی دەبەن كە زۆر جار هەر باوەڕیان بە ئیسلام نیە و بە كۆنەپەرستی دەزانن! خۆ ئەگەر هەندێ جار خەڵكێكی موسوڵمان و دیندار بخەنە ئەو جێگەیە لە ئەوپەڕی بێ دەسەڵاتیدان و هیچ گۆڕانكارییەكیان پێ ناكرێت و تەنها بۆ شەرعییەتدانە بەو جێگەیە و خۆڵ لە چاوكردنی خەڵكە كە گوایە ئەو شوێنە هەمو جۆرە بیروبۆچوون و ئایینیەكی تێدایە. ئەمە جگە لەوەی ئەوانەی كە ئەگەنە ئەو جێگەیە لە بنچینەوە خۆیان لە ئیسلام ناحاڵین و جاری وا هەیە لە ڕیكلامی كاندیداندا دەبینی كەسێك لەوانە تەنها بۆ ئەوەی پێی بوترێت موسوڵمانێكی مۆدێرن و سەردەمیانەیە دەڵێت ئەم نوێژەیەی كە دیبینن لە مزگەوتەكاندا جۆرێكە لە سەما كردن، ئیمامی مزگەوتەكەش وەكو مایسترۆیە ئەوەی لە پێشەوەی مۆسیقاژەنەكانەوە دەست ڕادەوەشێنیت چی بكات لە پێشەوە ئەوانیش هەمان شت دەكەن! جا وەرە دڵت بەوە خۆش بێت دیفاع لە ئیسلام بكات؟! ئینجا لەوێیش عابیدو فاجر و خواناس و مولحید و داوێن پاك و داوێن پیس هەمووی وەكو یەكە و ئەوەی كە الله فەرموویەتی : ﴿أَفَنَجْعَلُ الْمُسْلِمِينَ كَالْمُجْرِمِينَ﴾ و ﴿أَمْ نَجْعَلُ الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ كَالْمُفْسِدِينَ فِي الْأَرْضِ أَمْ نَجْعَلُ الْمُتَّقِينَ كَالْفُجَّارِ﴾ [3]لەوێ نامێنێت، هەروەها ژن پیاویش هیچ فەرق و جیاوازییەكیان لە نێواندا نامێنیت لە كاتێكدا الله فەرموویەتی: ﴿وَلَيْسَ الذَّكَرُ كَالْأُنثَى﴾.[4]

3- ئەهلی شورا هیچ حەڵاڵێك حەرام ناكەن و هیچ حەرامێك حەڵاڵ ناكەن! بەڵام ئەوانەی لەڕیگەی هەڵبژاردنەوە دەگەنە پەرلەمان تەشریع دەكەن و هیچ سنوور و حوكمێكی ئیسلام نییە هێڵی سوور بێت بەلایانەوە، هەموو حوكم و سزا و سنوورێكی ئیسلام لەوێ بە حوكمی زۆرینەوە ئەگەری لابردنی هەیە لەڕێگەی ئەو موشەریعانەوە چونكە دەسەڵاتی تەواویان لەو بارەوە هەیە.

ئەهلی شورا هیچ حوكمیكی پێچەوانەی كیتاب و سونەت تەشریع ناكەن، بەڵام لەوێ وا نییە! الله تعالی فەرموویەتی: ﴿وَمَن يَقُلْ مِنْهُمْ إِنِّي إِلَٰهٌ مِّن دُونِهِ فَذَٰلِكَ نَجْزِيهِ جَهَنَّمَ كَذَٰلِكَ نَجْزِي الظَّالِمِينَ﴾[5] هەروەها فەرموویەتی: ﴿مَا لَهُم مِّن دُونِهِ مِن وَلِيٍّ وَلَا يُشْرِكُ فِي حُكْمِهِ أَحَدًا﴾[6]

4- لە ئیسلامدا شورا بۆ مەبەستی هەندێ حاڵەتی دیاریكراوە، ئەگینا هەرچی حوكمەكەی لە قورئان و سوننەت و قسەی پێشینانی ئەم ئوممەتەدا هاتبێت شورا قسەی تێدا ناكات. بەڵام ئەوانەی لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەگەنە پەرلەمان سنورێك نییە لەوەی لە قورئان و سونەتدا هاتووە حیسابی بۆ بكەن، خەلكی داوای گۆڕینی هەر حوكمێكی ئیسلامیان كرد و زۆرینە لەسەری ڕازی بوون ئیتر تەواو دەگۆڕێت، الله تعالی فەرموویەتی: ﴿أَفَحُكْمَ الْجَاهِلِيَّةِ يَبْغُونَ وَمَنْ أَحْسَنُ مِنَ اللَّهِ حُكْمًا لِّقَوْمٍ يُوقِنُونَ﴾[7]

5- شورا لە هەموو كات و ساتێكدا و لە هەموو شتیكدا واجب نییە لە ئیسلامدا، بەڵكو كەی پێویستی كرد دەبەسترێت ، بۆیە هەندێ جار شورا دەبێتە واجب و هەندێ جاری تر وا نییە، بۆیە پێغەمبەر 4h5 لە كاتی غەزاكانی پرس وڕاوێژی دەكرد.

بەڵام ئەوانەی لەڕیگەی هەڵبژاردنەوە دەگەنە ئەوێ فەرزە و پێویستە بۆ هەموو شتێك قسەی خۆیان هەبێت و هەموو ئیسلام لەوێ هەڵدەوەشێتەوەو جارێكی تر دەنگی لەسەر دەدرێتەوە ئەگەر پێویست بكات.!

6- شورا دەیسەلمێنێت كە ئیسلام شیاوە بۆ هەموو سەردەم و زەمانێك، بەڵام لە پەرلەمانەكانی دونیادا ئیسلام هەندێ جار لە باشترین حاڵەتدا لە هەندێ بواری باری كەسایەتی و هاوشێوەی دەكرێتە سەرچاوەیەك لە نێو چەندین سەرچاوەی تردا، ئەویش بە شێوەیەكی لاواز.

7- دیموكراسی مەعنای ئەوەیە خەڵكی بەوەی كە بەباشی دەزانن بۆ خۆیان حوكمی خۆیان بكەن، بەڵام شورا هیچ حوكمێك داناهێنن كە ئەسڵی لەشەرعدا نەبێت، بەڵكو هەموویان هاوكاری یەكترن بۆ تێگەیشتنی حەق و گێڕانەوەی شتە لاوەكییەكان بۆ بنەما سەرەكییەكانی ئیسلام.

[1] –  الشوری/38

[2]الانعام/ 114

[3] القلم:35.

[4] آل عمران: 36.

[5] – الأنبیاء/29.

[6] – الكهف/26

[7] – المائدة/50

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *