الخميس , ديسمبر 7 2023
سه‌ره‌تا / زنجیرەکان / بەشداری كردن لە هەڵبژاردن مەسەلەیەكی ئیجتیهادی نییە!

بەشداری كردن لە هەڵبژاردن مەسەلەیەكی ئیجتیهادی نییە!

بەشداری كردن لە هەڵبژاردن مەسەلەیەكی ئیجتیهادی نییە!

 

هەڵبژاردن بەو هەموو لادان و ئینحیرافاتەی لە ڕووی عەقیدەوە لە خۆی گرتووە، مەحاڵە بابەتێكی ئیجتیهادی بێت و مەسەلەیەكی خیلافی بێت، چونكە لە بابەتە گەورەكانی كانی عەقیدەدا خیلاف و ئیجتیهاد نییە، پرسگەلێكی وەكو (الحكم بما انزل الله) كە هەڕەشەی سەخت لە دژی ئەوانە هاتووە ئەنجامی نادەن، یان مەسەلەی (الولاء والبراء) كە كۆڵەكەیەكی گرنگی تەوحید و بیروباوەڕی ئیماندارەو لە هەڵبژاردندا بوونی نامێنیت،یان مەسەلەی (مرجعیة القرآن و السنة) كە ئەلف و بێی عەقیدەو تەوحید وا دەخوازێت موسوڵمان تەنها و تەنها و ئەو دوو سەرچاوە بكاتە مەشخەڵی ڕێگە بۆ دونیا و دوارۆژی و دەیان مەسەلەی تری هاوشێوە كە لە سیستمی دیموكراسیدا وەلا دەخرێن و هەر حیسابیشیان بۆ ناكرێت، چۆن موسوڵمان دەتوانیت بڵێت مەسەلەیەكی خیلافییە:

وَلَيسَ يَصِحُّ في الأَفهامِ شَيءٌ *******  إِذا اِحتاجَ النَهارُ إِلى دَليلِ

بە دڵنییاییەوە مەسەلەی هەڵبژاردن و دەنگدان لە رووی شەرعییەوە نە ئیجتیهاد هەڵدەگرێت و نە خیلافیشی تێدای،  بەڵێ ڕاستە لە هەندێ مەسەلەی عەقیدەدا و لە بازنەیەكی تەسكدا خیلاف لە نێوان زانایاندا درووست بووە، وەكو مەسەلەی بینینی پێغەمبەر 4h5 بۆ پەروەردگاری لە شەوی ئیسرائو میعراجدا، یان سزای ناو گۆڕ ئایا لەسەر گیانە یان لەسەر گیان و جەستەشە و چەند پرسێكی لەو شێوە، بەڵام ئەوە وەكو وتمان لە چەند مەسەلەیەكی دیاریكراودایە كە لە بنەما گەورەكانی بیروباوەڕدا نییە بەراورد بە حاكمییەتی الله و سپاردنی شەرعدانان بە مرۆڤەكان و گومراییەكانی تری هەلبژاردن.

هەموو ئەو قەدەغەكراوانەی كە هەڵبژاردن و دەنگدان لە خۆی گرتوون دەقی ڕاشكاوی قورئان و سوننەتی لەسەرە و لە پرسە گەورەكانی عەقیدە و بنەماكانی بیروباوەڕە، بنەمایەكی ئوصوڵی كارپێكراویشمان هەیە كە بریتییە لە: (لا اجتهاد مع النص) واتە: لە هەبوونی دەقی كیتاب و سوننەتدا لەسەر مەسەلەیەك، ئیتر واتا و بوارێك بۆ ئیجتیهاد و ڕا و تێگەیشتنی كەسێتی نامێنێت.

هەر بۆ نموونە: ئەگەر هەرچی حیزبە ئیسلامییەكانی سەر زەوی هەیە بە یەك دەنگ بڵێن دیموكراسی سیستمێكی باشە و گونجاوە بۆ ئەم ڕۆژگارەی خۆمان كاری پێبكرێت و ئەگەر ئەوان باوەڕی تەواویان پێی هەبێت و هەشیانە! ئەوە وا ناكات دیموكراسی لە گەڵ بیروباوەڕی ئیسلامیدا دژوار نەبێت و وەریبگرین! یان لەبەر ئەوەی ئەوان بە باشی دەزانن و باوەڕیان پێیەتی ئیتر ببێتە مەسەلەیەكی خیلافی و ئیجتیهادی! حاشا و مەحاڵە تا ڕۆژی قیامەت نابێتە مەسەلەیەكی ئیجتیهادی و خیلافی!

یان لەبەر ئەوەی ئیسلامییەكان لە هەر شوێنیكی ئەم دونیایەدا بەشداری كردنیان بۆ خۆیان شەرعاندووە و بەبێ هیچ بەڵگەیەكی قورئان و سونەت و تەنها بە بەڵگەی ڕێگەپێدانی چەند زانایەك چوار ساڵ جارێك خۆیان دەخەنە ئەو زەلكاوە ترسناكەی هەڵبژاردنەوە ئیتر ئەوە بەڵگە بێت كە مەسەلەی دەنگدان مەسەلەیەكی خیلافییە، نەك ئەوان هەموو دانیشتوانی سەر زەوی لە سەر حەڵاڵ كردنی حەرامێك یان حەرام كردنی حەڵاڵێك كۆك بن یەكدەنگیان هیچ بایەخێكی نییە!

الله تعالی فەرموویەتی: ﴿وَلاَ تَقُولُواْ لِمَا تَصِفُ أَلْسِنَتُكُمُ الْكَذِبَ هَذَا حَلاَلٌ وَهَذَا حَرَامٌ لِّتَفْتَرُواْ عَلَى اللّهِ الْكَذِبَ إِنَّ الَّذِينَ يَفْتَرُونَ عَلَى اللّهِ الْكَذِبَ لاَ يُفْلِحُونَ﴾[1]. هەروەها فەرموویەتی: ﴿فَإِن تَنَازَعْتُمْ فِي شَيْءٍ فَرُدُّوهُ إِلَى اللّهِ وَالرَّسُولِ إِن كُنتُمْ تُؤْمِنُونَ بِاللّهِ وَالْيَوْمِ الآخِرِ ذَلِكَ خَيْرٌ وَأَحْسَنُ تَأْوِيلاً﴾[2]. زانایانیش ناتوانن و بۆیان نییە نە هیچ حەڵاڵ بكەن و نە هیچ حەرام بكەن، تەنها پرسیاریان لێ دەكرێت و لە ڕوناكی بەڵگەكانی كیتاب و سوننەتدا وەڵام دەدەنەوە نەك تەشریع بۆ خەلكی بكەن، ئەگینا ئەوانیش وەكو ئەندام پەرلەمانەكان دەبنە شەرعدانەر و ئەرباب!

الله تعالی فەرموویەتی: ﴿اتَّخَذُوا أَحْبَارَهُمْ وَرُهْبَانَهُمْ أَرْبَابًا مِنْ دُونِ اللَّه﴾[3]، بۆیە ئەوان تەنها پرسیاریان لێ دەكرێت و ئەوانیش بەبەڵگەی ئەو دوو سەرچاوەیە وەڵام دەدەنەوە وەكو الله تعالی فەرموویەتی: ﴿فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِنْ كُنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ﴾[4].

ئینجا ئەوە پیشەی بیدعەكاران و گومڕاكانە تەقلیدی كوێرانەی زانایان بكەن و بە دوای هەڵەكانیاندا بگەڕێن بۆ ئەوەی بە گوێیان بكەن تێیدا، خۆ هەرچی خیلافێك درووست بوو مەرج نییە جێگای بایەخدان بێت، ڕەحمەت لەو كەسەش كە فەرموویەتی: (وليس كل خلاف جاء معتبرا إلا خلاف له حظ من النظر) واتە: هەر خیلافێك كە درووست بوو مەرج نییە خیلافێك بێت شایانی ئاوڕلێدانەوە بێت، مەگەر خیلافێك بێت كە شاییستەی ئەوە بێت تاوتوێ بكرێت و لێی وردبیتەوە.

هەڵبژاردن بەو هەموو موسیبەتانەی كە بۆ دین و دونیا لە خۆی گرتووە، مەحاڵە نە خیلافێكی بەهیز و نە خیلافێكی وەكو ماڵی جاڵجاڵۆكە لاوازیشی لەسەر بێت، چونكە لە مەسەلەی خیلافیدا عیبرەت بەو بەڵگانەیە كە خیلافەكە لەسەر بنەمای درووست دەبێت، نەك ئەوەی هەر بێ ئاگایەك، یان خاوەن بەرژەوەندی و زۆر زانێك، یان كەسێك لە ژێر فشارێكی سیاسیدا بەبێ بەڵگەی كیتاب و سونەت سەرپێیی قسەیەكی نابەجێی كرد وەكو ڕێگەدان بە هەڵبژاردن ئیتر ئێمە بڵێین تەواو مەسەلەكە ئیجتیهادی و خیلافییە، نەخێر هەرگیز وا نییە و بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردن بۆ كەسێك لە ئەلف و بێی بیروباوەڕ تێگەیشتبێت جێگای هیچ خیلاف و بیركردنەوەو مشتومڕێك نییە.

ئەو وتەی كە بڵاو دەكرێتەوە و پەرەی پێدەدرێت لەناو موسوڵماناندا سەبارەت بە هەڵبژاردن و دەنگدان گوایە مەسەلەیەكی خیلافییە یان ئیجتیهادییە، لە ڕاستیدا جۆرێكە لە خۆڵ لە چاو كردن و بچووك كردنەوەی پرسێك كە دەكرێت وەكو (الحالقة) ناوببرێت، لە دەرەنجامیشیدا نەدین و نە ژینی موسوڵمان تێیدا بەسەلامەتی و بەبێ لەكەدار بوون لێی دەرباز نابێت!

ابن القاسم لە حاشيەكەیدا لەسەر كتێبی التوحيد سەبارەت بە ئایەتی: ﴿اتَّخَذُوا أَحْبَارَهُمْ وَرُهْبَانَهُمْ أَرْبَابًا مِنْ دُونِ اللَّه)[5] دەڵێت: (دلت على أن من أطاع غير الله في تحليل ما حرم الله، أو تحريم ما أحله فقد اتخذه ربا ومعبودا، وجعله لله شريكا، وذلك ينافي التوحيد، فكل معبود رب، وكل مطاع ومتبع على غير ما شرعه الله ورسوله 4h5 فقد اتخذه المطيع ربا ومعبودا، والرب هو المعبود، ولا يطلق معرفا إلا على الله تعالى، قال تعالى: {وَإِنْ أَطَعْتُمُوهُمْ إِنَّكُمْ لَمُشْرِكُونَ}. واتە: ئایەتەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات هەركێ گوێڕایەڵی غەیری الله تعالی بكات لە حەڵاڵ كردنی حەرامێك ( چ حەرامێك هەیە لە حەرامی هەڵبژاردن و پەكخستنی حوكمی الله گەورەتر بێت) دەفەرمویت ئەو كەسە وەكو ئەوەیە زانای بە پەروەردگار دانابێت و كردبێتی بە هاوەڵ بۆ الله ، ئەو كارە لە گەڵ عەقیدەی تەوحیددا تێكدەگیرێت.

ئەوەی كە دەگونجێت خیلافی تێدا هەبێت بریتییە لە.

1- بەڵگەیەكی ڕوونی كیتاب و سوننەت یان ئیجماعێك كە بەدڵنییاییەوە لەسەری درووست بووبێت.

2- مەسەلەیەك بەڵگەیەكی سەحیحی لەسەر هاتبێت، بەڵام ئاماژەی بەڵگەكە ڕوون و ئاشكرا نەبێت لەسەر ئەو مەسەلە.

3- یان لە مەسەلەیەكدا بەڵگەیەكی ڕاشكاو هاتبێت لە ڕووی ئاماژەوە، بەڵام ناكۆكی لەسەر ڕاست و درووستی ئەو بەڵگەیە هەبێت، یان بەڵگەیەكی پێچەوانەی ئەو هەبێت سەحیحتر بێت، هەر بۆیە لە هیچ مەسەلەیەكی عەقیدی گەورەدا خیلاف لە نێوان سەلەفدا درووست نەبووە، جگە لە چەند مەسەلەیەكی كەم نەبێت كە ناگاتە ئەوەی بە یەكێك لە بنەما گەورەكانی عەقیدە بژمێردرێت.

لە كۆتاییشدا پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە: ئایا كاركردن بە دیموكراسی كە بریتییە لە حوكمی گەل نەك حوكمی پەروەردگار و دەنگدان لە سەر حوكمەكانی قورئان و سوننەت و وەرگرتنیان بە پێی زۆرینە و دەستەبەركردنی ئازادی بیروڕا لە هەموو شتێكدا تەنانەت مافی وازهێنان لە دینی ئیسلام و سوێند خواردن لە سەر جێبەجیكردنی هەموو ئەوانەو دەیان مەسەلەی هاوشێوە كە پێچەوانەی عەقیدەی ئیسلامە و لە هەڵبژاردندا مافێكی دەستەبەركراوە ؟ ئایا ئەوانە پرسی خیلافی و ئیجتیهادین؟!  ما لكم كیف تحكمون؟

 

 

 

[1]{النحل:116}.

[2]{النساء:59}.

[3]{التوبة:31})

[4]( النحل:43)

[5]{التوبة:31}

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *