الثلاثاء , سبتمبر 26 2023
سه‌ره‌تا / زنجیرەکان / شەرحی فەرموودەی حەجكردنی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم :بەشی سێیەم

شەرحی فەرموودەی حەجكردنی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم :بەشی سێیەم

 

#شەرحی_فەرموودەی_حەجكردنی_پێغەمبەر_صلی_الله_علیه_و_سلم:

بەشی سێیەم

(وقدم عليٌّ رضي الله عنه من اليمن ببُدْنِ النبي صلَّى الله عليه وسلَّم ) واتە: لەم كاتانەدا كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم وهاوەڵان لە مەككە بوون بە مەبەستی عومرە كردن، عەلی ڕەزای الله لێبێت لە یەمەنەوە گەڕایەوە و وشترەكانی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ی پێ بوو بەمەبەستی بە قوربانی كردن وسەربڕینیان لە كاتی حەجكردن.

(فوجد فاطمةَ رضي الله عنها ممن حَلَّ، ولبست ثيابًا صبيغًا، واكتحلت) واتە: عەلی بینی فاتیمەی هاوسەری الله لە هەردوكیان ڕازی بێت پۆشاكی ئیحرامی لە خۆی كردووەتەوە و پۆشاكێكی ڕەنگكراوی پۆشیوە واتە جلەكەی وەكو ئەوانەی لە ئیحرامدان سپی نەبوو، هەروەها چاویشی ڕەشتببوو.

(فأنكر ذلك، عليها، فقالت: إنَّ أبي أمرني بهذا) واتە: عەلی نكۆڵی لە فاتیمەی هاوسەری كرد كە ئیحرامی لە خۆی كردووەتەوە و كلی لە چاوی كردووە، پێی وابوو ئەوە كارێكی نادرووستە لەبەر ئەوەی لە كاتی ئیحرامدان، بەڵام فاتیمە فەرمووی: باوكم واتە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرمانی پێكردوم و لەسەر قسەی ئەو وام كردووە.

(قال: فكان عليٌّ يقول بالعراق) واتە: جابیر فەرمووی: عەلی دوای سەردەمانێك كاتێك كە بوو ئەمیری بڕواداران لە عێراق باسی ئەم بەسەرهاتەی دەكرد و دەیفەرموو:

(فذهبت إلى رسول الله صلَّى الله عليه وسلَّم مُحَرِّشًا على فاطمة للذي صنعت، مُستفتيًا لرسولِ الله صلَّى الله عليه وسلَّم فيما ذَكَرَت عنه.) واتە من چوومە لای رسول الله صلَّى الله عليه وسلَّم ئاگاداری بكەم لەو كردارەی فاتیمەی هاوسەرم كە پۆشاكی ئیحرامی گۆڕیوە بە پۆشاكیكی تری ڕەنگاوڕەنگ و داوای فەتواو وەڵامی ئەوەی لێ بكەم بكەم سەبارەت بەو كردارەكەی فاتیمە.

(فأخبرته أنِّي أنكرت ذلك عليها، فقال: صَدَقَتْ صَدَقَتْ) واتە عەلی فەرمووی بە پێغەمبەرم ڕاگەیاند صلی الله علیه و سلم كە من نكۆڵیم لە فاتیمەی خێزانم كردووە لە مەسەلەی لابردنی ئیحرامەكەی، بەڵام پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرمووی:

فاتیمەی كچم ڕاست دەكات فاتیمەی كچم ڕاست دەكات، كارەكەی عەیبی نییە.

(ماذا قلتَ حين فرضتَ الحجَّ؟، قال قلت: اللهم إنِّي أُهِلُّ بما أَهَلَّ به رسولُك، قال: (فإنَّ مَعِيَ الهديَ فلا تَحِلَّ) واتە:

ئینجا پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم بە عەلی فەرموو: باشە عەلی تۆ كاتێك نیەتی حەجت هینا چیت وت؟ ئەویش فەرمووی وتوومە: پەروەردگار من نیەتی حەج دەهێنم و لەببەیك دەكەم وەكو ئەوەی كە پێغەمبەرەكەت صلی الله علیه و سلم كردوویەتی، واتە نیەتی پەیوەست كردووە بە نیەتی پێغەمبەرەوە صلی الله علیه و سلم، بۆیە پێی فەرموو: كەواتە پۆشاكی ئیحرام لە خۆت مەكەرەوە، چونكە من قوربانیەكانم پێیە و ئەبێت تا كۆتایی ئیحراممان لەبەر بێت.

لەمەشدا شوینكەوتنی هاوەڵانمان بۆ دەردەكەوێت بۆ پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم.

(قال: فكان جماعة الهدي الذي قدم به علي من اليمن، والذي أتى به النبي مائة، قال: فحَلَّ الناسُ كلهم وقَصَّروا، إلاَّ النبي ومن كان معه هدي.) واتە: ئەو وشترانەی عەلی لەگەڵ خۆی هینابوونی و لەگەڵ ئاژەڵەكانی قوربانییەكانی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم هەمووی سەد سەر بوون، جگە لە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم نەبێت و ئەوانەی كە قوربانیەكانیان لەگەڵ خۆیان هێنابوو، هەموویان پۆشاكی ئیحرامیان داكەند و قژیان كورت كردەوە.

(فلما كان يوم التروية، توجَّهوا إلى منى، فأهلوا بالحج يوم التروية) واتە: لە ڕۆژی تەرویە كە ڕۆژی هەشتەمی حەجە ڕویان كردە مینا و نیەت و لبیك اللهم لبیك ی حەجیان دەست پێ كرد.

(وركب رسول الله صلَّى الله عليه وسلَّم فصلى بها الظهر والعصر والمغرب والعشاء والفجر) واتە پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم لە ڕۆژی هەشتەمدا سواری وشترەكەی بوو لەگەڵ خەڵكەكە بەرەو مینا ڕۆیشتن و لەوێ بۆ ماوەی ئەنجاندانی پێنج نوێژی جەماعەت مایەوە، واتە ئەو ڕۆژە هەمووی مایەوەو ڕۆژی دواییش واتە ڕۆژی عەرەفە نوێژی بەیانی لە مینا كرد.

بۆیە هەر حاجییەك بیەوێت سونەت بپێكێت پێویستە لە مینا بە پۆشاكی ئیحرامەوە ئەوەندە بمینیتەوە، ئەوە باشترە ئەگەر بتوانێت و شەوی هەشت لەسەر نۆ لە مینا بمێنیتەوە ، بەڵام ئەمە سونەتە واتە نە ڕوكنە و نە واجبە، بۆیە ئەگەر بە هۆی بەرژەوەندییەكەوە بۆ نموونە درووست نەبوونی قەرەباڵغی زۆر ئاساییە حاجیان لە مینا نەمێننەوە و زوتر بچن بۆ عەرەفە، ئەوە كارێكی درووستە ئەگەرچی مانەوە باشترە بۆ كەسێك بتوانێت .

(ثُمَّ مكث قليلاً حتى طلعتِ الشمس، وأمر بقُبَّةٍ من شَعَرٍ تُضْرَب له بنَمِرَة) واتە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە مینا مایەوە تاكو خۆر هەڵاتنی ڕۆژی نۆیەم واتە ڕۆژی عەرەفە و فەرمانی كرد پێش گەیشتنی بە عەرەفە ڕەشماڵێكی لە نەمیرە بۆ هەڵدەن وئامادەی بكەن .

سوننەتیكی تریش ئەوەیە كە حاجی پێش گەیشتنی بە كێوی عەرەفە لە نەمیرە كە جیگەیەكی نزیكە لە عەرەفەوە لابدات.

(فسار رسولُ الله صلَّى الله عليه وسلَّم ولا تشكُّ قريشٌ إلا أنه واقف عند الْمَشْعَرِ الحرام، كما كانت قريش تصنع في الجاهلية.) واتە:

قوڕەیشییەكان كە سەردەمانێكی زۆر نەبوو كە لە شیرك و جاهیلییەت دابڕابووون و ڕزگاریان بوو بوو، گومانیان نەبوو كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لەلای المشعر الحرام ڕادەوەستیت و زیاتر ناڕوات بەرەو عەرەفە، چونكە لەسەردەمی جاهیلییەتدا قورەیش بە خۆیان دەوت حومس و بۆ عەرەفە دەرنەدەچوون و بە عەیب و كەمییان دەزانی بۆ خۆیان ئەو كارە بكەن، بەڵكو تەنها ئەوانەی كە لە دەرەوەی مەككەوە دەهاتن بۆ حەجكردن بۆ عەرەفە دەردەچوون.

(فأجاز رسولُ الله صلَّى الله عليه وسلَّم حتى أتى عرفة، فوجد القُبَّةَ قد ضربت له بنَمِرَة فنَزَل بها) واتە:

بەڵام پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم هەر بەردەوام بوو لە ڕێكردن تاكو گەیشتە كێوی عەرەفە و لەوێ دابەزی و لایدا و بینی ڕەشمالەكەی بۆ ئامادە كراوە ئیتر ئەویش چووە ناوی .

(حتى إذا زاغت الشمس أمر بالقَصْوَاء، فرحلت له) واتە:

كە خۆری ڕۆژی نۆیەم لە كاتی زەوال بوو نزیك بانگی نیوەڕۆ، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرمانی كرد وشترەكەی كە نازناوی القصواء بوو بۆی بهێنن و ئامادەی بكەن بۆ بەڕێكەوتن.

( فأتى بطن الوادي، فخطب الناس، وقال) ئینجا ڕۆیشتە بطن الوادي كە جێگایەكە لە عەرەفە بە دۆڵی عورەنە دەناسرێت و وتاری بۆ موسوڵمانان دا ……كۆتایی بەشی سێیەم.

إحسان برهان الدین

3 ذو الحجة 1441

24 تموز 2020

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *