الثلاثاء , سبتمبر 26 2023
سه‌ره‌تا / زنجیرەکان / مەعنا و پێناسەی ” محمد رسول الله ” چییە؟

مەعنا و پێناسەی ” محمد رسول الله ” چییە؟

#وەڵامی_پرسیارەكانتان: پرسیار 25

مەعنا و پێناسەی ” محمد رسول الله ” چییە؟

الحمدلله/

باوەڕهێنانی تەواو بە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم بەشێكی گرنگە لە باوەڕ و عەقیدەی موسوڵمان، چونكە ئیمان بە الله و بە ئیسلام پەیوەستە بەو بەشە لە ئیمان و تەواوكەری شایەتی “لا إله إلا الله” یە.

واتای سەرەكی ئەو بڕگەیە بریتییە لە باوەرهێنان بە هەموو هەواڵ و فەرمان و حوكمێك كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ڕایگەیاندووە، هەروەها جێگیر كردنی هەر شتێك كە ئەو جێگیری كردووە و ڕەتكردنەوەی هەر شتێكیش كە ئەو ڕەتیكردووەتەوە.

لە ڕاستیدا باوەڕ هێنان بە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە كورتترین پێناسەكانیدا ئەوەیە:

باوەڕت بە هەموو پەیامەكەی هەبێت و لە هیچی بە گومان نەبیت یان قەناعەتت پێی نەبێت و، گوێڕایەڵی فەرمانەكانی ببیت و ئەوەشی پێت نەكرا جێبەجیی بكەیت هەر باوەڕت پێی هەبێت و تەسدیقی بكەیت، هەروەها شوێنی دینەكەی بكەویت و كار بە شەریعەت و ڕێبازەكەی بكەیت و نە بەزمانی گوفتار و نە بەزمانی كردار هیچ شەریعەت و ڕێباز و یاسا و ڕێسایەكی بەسەردا پەسەند نەكەیت بەباشتری بزانیت یان بۆ ئەم سەردەمە بەگونجاوتری بزانیت!

موسوڵمانێتی هیچ كەسێك دانامەزرێت و تەواو نابێت تاكو لە ناخی دڵییەوە باوەڕ نەهێنیت و بە زمانیشی نوتقی بكات، كە جگە لە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم هیچ كەسێكی تر شاییستەی شوێنكەوتن نییە و پەیڕەوی لە هیچ پێغەمبەرێكی تر ناكرێت جگە لە كۆتا و خاتەمی پێغەمبەران نەبێت محمد صلی الله علیه و سلم.

وەكو لە سەحیحی موسلیمدا هاتووە: “لا يسمع بي أحد من هذه الأمة يهودياً كان أو نصرانياً فلا يؤمن بي إلاَّ كان من أصحاب النار”

لە تەواوی واتاكانی باوەڕهێنان بە “محمد رسول الله ” ئەوەیە كە پێویستە هەموو موسوڵمانێك ملكەچی فەرمانەكانی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ببێت و لە قەدەغەكراوەكانی خۆی بپارێزێت: (وَمَا آتَاكُمُ الرَّسُولُ فَخُذُوهُ وَمَا نَهَاكُمْ عَنْهُ فَانْتَهُوا).

هەروەها دەبێت باوەڕو عەقیدەی هەموو موسوڵمانێك دەربارەی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم وابێت كە:

1- پەیامەكەی گشتگیر بووە بۆ سەرتاپای مرۆڤ و جنۆكە.

2- باوەری وا بێت كە ئەو كۆتا پێغەمبەر بووە و پەیامەكەشی كۆتا پەیامە.

3- باوەڕی وا بێت پەیامەكەی كاركردنی بە هەموو پەیامەكانی پێش خۆی هەڵوەشاندووەتەوە.

4- پێویستە باوەڕی وا بێت كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم هەموو پەیامی ئیسلامی بەباشترین شیوە گەیاندووە.

5- پێویستە باوەڕی بە مەعسومی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم هەبێت.

6- باوەڕبوون بە هەموو مافەكانی و جێبەجێكردنیان وەكو خۆشویستنی (النَّبِيُّ أَوْلَى بِالْمُؤْمِنِينَ مِنْ أَنْفُسِهِمْ) هەروەها تەعزیم كردن و مەزن ڕاگرتنی: ” لِّتُؤْمِنُواْ بِٱللَّهِ وَرَسُولِهِۦ وَتُعَزِّرُوهُ وَتُوَقِّرُوهُ وَتُسَبِّحُوهُ بُكْرَةً وَأَصِيلً” .

ئەمانەی كە باسمان كرد سەبارەت بە پێناسەی “محمد رسول الله” زۆرێك لە موسوڵمانان وەكو زانیاری پەتی دەیزانن، بەڵام جێگەای داخە زۆربەشییان لەم ڕۆژگارەدا بە شێوەیەكی كردەیی و جێبەجێ كردن كار بە شێكی ناكەن و لەسەر زەمینەی واقیعدا شوێنی كەسی تر دەكەون و خۆشویستن و گوێڕایەڵییان بۆ غەیری پێغەمبەرە صلی الله علیه و سلم، بەڵكو زۆرێك لە موسوڵمانان بەشێك لە ڕێبازو حوكمەكانی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ڕەتدەكەنەوە بێ ئەوەی هەست بكەن كە ئەوە موسوڵمانێتیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە، پاڵنەری ئەوەش بە بڕوای من دوو هۆكارە:

یەكەم: نەشارەزایی و جەهلی موسوڵمانان بە دینەكەیان و بە تایبەت بە بنەماكانی بیروباوەڕ و عەقیدەكەیان، كە ئەمە وای كردووە سنوورەكان نەناسن و بۆیەش دەیبەزێنن.

دووەم: بەهۆی ئەم گۆڕانكاری و هەل و مەرجەی لەم سەردەمە لە جیهاندا درووست بووە لە شێواندنی چەمكەكان و ناشیرینكردنی دینی ئیسلام بە شێوەیەكی بەرنامە بۆ دراڕێژراو وەكو جەنگی فیكری وئیباحی لە دژی لە ڕێگەی عەولەمە و بە یارمەتی ڕاگەیاندنەكانەوە بە مەبەست وئامانجی دوورخستنەوەی موسوڵمانان لە دینەكەیان، كە ئەم ئامانجەش بەشێكی زۆری پێكراوە..والله اعلم.

إحسان برهان الدین

2 شوال 1441

25 أیار 2020

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *