الأربعاء , مارس 22 2023
سه‌ره‌تا / زنجیرەکان / زنجیرەی کتێب و سەرچاوەکان ٩- العواصم من القواصم

زنجیرەی کتێب و سەرچاوەکان ٩- العواصم من القواصم

ئه‌م كتێبه‌ دانراوى پێشه‌وا القاضى أبو بكر بن العربي ، له‌ ئيشبيلياى ئه‌نده‌لوس له‌ ساڵى 468 له‌ دايكبووه‌ و له‌ ساڵى 543ك وه‌فاتى كردووه‌، زانايه‌كى گه‌وره‌يه‌ و خاوه‌ن خزمه‌ت و نووسينى زۆره‌.

ئه‌م كتێبه‌ باسه‌كانى تايبه‌تن به‌ هه‌ندێك له‌ بنه‌ماكانى ئيسلامه‌وه‌، به‌ سووده‌ و زۆر گرنگه‌، ڕه‌خنه‌ ئامێزه‌ له‌ دژى ئه‌وانه‌ى درۆو بوختانيان بۆ هاوه‌ڵان هه‌ڵبه‌ستووه‌، به‌ گشتى دانه‌ره‌كه‌ى به‌رگرى له‌ هاوه‌ڵان ده‌كات.

واتاى ناونيشانى كتێبه‌كه‌ بريتى يه‌ له‌وه‌ى دانه‌ر باسى قاصمةيه‌ك ده‌كات (القاصمة: واته‌ پشت شكێن) به‌ دوايدا باسى عاصمةيه‌ك ده‌كات (العاصمة: ئه‌وه‌ى كه‌ فريات ده‌كه‌وێت) بۆ نموونه‌: وه‌فاتى پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم قاصمة وهه‌واڵى پشت شكێن بووه‌، به‌ڵام هه‌ڵبژارنى ئه‌بو به‌كر ڕه‌زاى خواى لێبێت وه‌كو خه‌ليفه‌ى موسوڵمانان عاصمة‌ بووه‌و فريايان كه‌وتووه‌.

باسه‌كانى كتێبه‌كه‌ به‌ گشتى ده‌رباره‌ى عه‌قيده‌و ته‌وحيد وسه‌رخستنى دينى خوا وبه‌رگرى كردنه‌ له‌ بنچينه‌كانى ئيسلام، هه‌روه‌ها به‌شێكى زۆرى ته‌رخان كردووه‌ بۆ به‌رگرى كردن له‌ هاوه‌ڵان و ده‌رخستنى پله‌و پايه‌يان و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى نه‌ياره‌كانيان و ئه‌وانه‌ى كينه‌ له‌ دڵن به‌رانبه‌ريان.

ئه‌م كتێبه‌ يه‌كه‌م جار عبد الحميد بن باديس به‌ دوو به‌ش بڵاوى كرده‌وه‌.

به‌شى زۆرو گرنگى كتێبى العواصم من القواصم بريتييه‌ له‌ ده‌رخستنى ڕێبازو ڕێڕه‌وى هاوه‌ڵان و ڕواندنه‌وه‌ى ئه‌و گومانانه‌ى له‌ دژيان ده‌وروژێنرێت، هاوكات ڕوونكردنه‌وه‌يه‌ بۆ مه‌نهه‌جى ئه‌وان بۆ تێگه‌يشتن و لێكدانه‌وه‌ى قورئان و سوننه‌ت .

ئه‌م كتێبه‌ گرنگترين به‌شى كه‌ تايبه‌ته‌ به‌ هاوه‌ڵان له‌ لايه‌ن محب الدين الخطيب ته‌حقيق كراوه‌و په‌راوێزى له‌سه‌ر دانراوه‌ و ده‌يان چاپى باشى هه‌يه‌ له‌ كتێبخانه‌كاندا، له‌ ڕاستيدا لێكۆڵينه‌وه‌ى الخطيب بۆ كتێبه‌كه‌ ڕه‌هه‌ندێكى ترى گرنگى پێ به‌خشيوه‌.

كتيبه‌كه‌ ئه‌گه‌ر چى گه‌وره‌ نييه‌، به‌ڵام سوودى زۆرى تيدايه‌ و گرنگه‌ هه‌موو موسوڵمانێك بيخوێنێته‌وه‌، به‌ تايبه‌تى له‌م ڕۆژگاره‌ى كه‌ ڕێڕه‌وى ڕێزنه‌گرتن و سنوور به‌ زاندن به‌رانبه‌ر هاوه‌ڵان ده‌ستى پێكردووه‌ته‌وه‌. به‌ڵام هه‌موو كتێبه‌كه‌ كه‌ له‌ بنچبنه‌دا دوو به‌شه‌ و به‌ ته‌حقيقى عمار الطالبى بڵاو بووه‌ته‌وه‌ و ئه‌وه‌يان گه‌وره‌تره‌.

له‌وانه‌يه‌ چاكترين چاپى ئه‌و كتێبه‌ چاپى مكتبة السنة بێت له‌ ميسر ، كه‌ محب الدين الخطيب ته‌حقيقى كردووه‌و په‌راوێزى له‌سه‌ر داناوه‌و محمود مهدى الاستانبولى ته‌خريجى فه‌رمووده‌كانى كردووه‌ و محمد جميل غازي پێشه‌كى بۆ نووسيوه‌.

به‌ كورتى: كتێبى العواصم من القواصم كتێبێكى زۆر گرنگه‌ له‌ نووسينى يه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترين زانايانى ئيسلام كه‌ أبو بكر بن العربي يه‌ و سه‌ره‌ڕاى بچوكى ئه‌و كتێبه‌ ده‌كرێت وه‌كو هاوارێكى بێداركردنه‌وه‌ بێت بۆ موسوڵمانانى ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ خه‌وى غه‌فڵه‌ت و بێ ئاگايى هه‌ڵسن ده‌رباره‌ى پله‌و پايه‌ى ئه‌و هاوه‌ڵه‌ به‌ڕێزانه‌ى به‌ دادپه‌روه‌رى و ميهره‌بانى ئيسلام ، وڵاتان و گه‌لانيان له‌ تاريكى جه‌هل و نه‌فامى بۆ ڕوناكى پرشنگدارى ئيسلام ده‌ركرد .

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *