الإثنين , سبتمبر 25 2023
سه‌ره‌تا / وتاری نوسراو / بیر لە پشتی ڕواڵەتەكان بكەرەوە

بیر لە پشتی ڕواڵەتەكان بكەرەوە

بیر لە پشتی ڕواڵەتەكان بكەرەوە

موسوڵمان نابێت عاتیفی بێت بەو مەعنای كە لە كەسەكان و ڕووداوو وهەڵوێستەكان ورد نەبێتەوە، پێویستە وردتر بیر بكاتەوە و بەدواداچوون بكات بۆ هەموو ئەوەی لە ژیانی ڕۆژانەدا دیتەڕێی و پێویستی بە لێوردبوونەوە و بەدواداچوون هەیە، لە ڕاستیدا:

– قۆناغی ئێستای موسوڵمانان بەگشتی و كورد بەتایبەتی تەواو جیاوازە لە قۆناغی هەشتاكان و نەوەدەكان وبگرە كەمێك دوای ئەوەش، بۆ نموونە سەبارەت بە مامەڵەی نەیارانی ئیسلام لەگەڵ موسوڵماناندا، چی لەسەر ئاستی فیكری و چی لەسەر ئاستی دەسەڵاتەكان دژ بە ئەوان، ئێستا تەكتیك و شێوازەكانی جەنگ گۆڕاون وستراتیجیەتی لێدان و ناشیرینكردنی ئیسلام پشت بەڕێگە وشێوازە كلاسیكییەكان نابەستێت، دیارترینی ئەو ئالییەتانەی ئێستا بەكاردێت درووستكردنی هێما و سونبولی متمانە پێكراوە لەلای موسوڵمانان كە لە واقیعدا ئەوان بە شێوەیەك لە شێوەكان لەگەڵ نەیارانی ئیسلامدان وهیچ نەبێت بەبێ ڕەزامەندی و تیشكی سەوز لە ئەوانەوە هیچ ناكەن و ئەوەش خۆی بۆ خۆی پێشهاتێكی مەترسیدارە و دەبێت بایی خۆی لەلایەن موسوڵمانانەوە بایەخی پێ بدرێت وبیر لە مەترسییەكانی ئەو ستراتیجە بكرێتەوە.

– نالێم هەموویان بەڵام زۆربەی بانگخوازانیش بەتایبەتی ئەوانەی بە ئەوپەڕی بەڕواڵەت بوێرییەوە قسەی خۆیان دەكەن و حەق ڕادەگەیەنن و لە گولێك كالتریشیان پێ ناوترێت و بەبێ گوێدان بە دەسەڵات و بە نەیارانی ئیسلام كە لەم ڕۆژگارەدا هەموو شتێكیان بەدەستە كەچی ئەوان هەر بەردەوام دەبن، ئەمە مەسەلەیەكە دەبێت موسوڵمان بە تێڕوانینێكی سادە و عاتیفی لێی نەڕوانێت، بەڵكو كەمێك لەوە قوڵتر بۆ مەسەلەكە بڕوانێت.

– موسوڵمان دەبێت وێستگەیەكی لەگەڵ ئەو پرسەدا هەبێت و هەموو شتێك كە ختووكەی عاتیفەتی دەدات هەر بەغیرەت و لەخۆبوردەیی تەفسیر نەكات، ئەگەر چی ئەو قسەو هەڵوێستانە ئەگەرێكی لاواز هەیە تەنها غیرەتی لە پشتەوە بێت بەڵام لەولاشەوە ئەگەرێكی بەهیزتر و مەعقولتر هەیە كە جگە لەمەسەلەی غیرەت و حەقبێژی ڕێكەوتنێكی لە پشتەوە هەبێت و ئەوە لە سەروبەندی سەفقەیەكدا بكرێت بەو ئیعتیبارەی كە لە سەردەمی حوكمی عەلمانی بەسەر زۆربەی وڵاتانی جیهاندا شار بێ خاوەن نییە مەسەلەی دژایەتی ئیسلامی كیتاب و سوننەت مەسەلەیەك نییە جێگای خیلاف بێت و ئەوان لەسەر ئەوە كۆكن ئەگەرچی شێوازەكانی ڕووبەڕووبوونەوە جیاوازی تێدایە.

هەڵەیە تەنها لە ڕوانگەی ناوەڕۆكی وتار و وانە وچاوپێكەوتنەكانی ئەو كەسانەوە بڕوانیت وبڕیار بدەیت، ئەوە بۆ سەدەی بیست و یەكەم پێی دەوترێت سادەیی و لەوانەیە ئەو سادەییە بتكاتە ڕۆبۆتێك بەرنامەی كەسانی تر كە حەقیقەتەكەی نازانێت جێبەجێ بكەیت و بتكات بە ژمارەیەكی بێ مەعنا!

– هەڵەیت ئەگەر لەم ڕۆژگارەدا – تا ئاستی گومان – لە هەموو شتێك و لە هەموو لایەن و كەسێك ورد نەبیتەوە وتەحقیق لە حاڵیان نەكەیت، هەمیشە دەبێت بیر لە ڕووداوەكانی پشتی پەردە بكەیتەوە چونكە ڕۆژگارەكە وای لێ هاتووە و وا دەخوازێت، ڕزقی دەوڵەت و حیزب و علمانی و ئیسلامی هەمووی لەسەر ئەوانەیە كە عاتیفی بۆ شتەكان و دەڕوانن و بەباشی بیر ناكەنەوە و متمانەی كوێرانەیا بە غەیری خۆیان هەیە، ئەگەر ئەوان نەبن بازاڕی زۆر كەس و لایەن كەساس دەبێت و ڕەنج بەخەسار دەبن، لەم میانەشدا چەند حەقیقەتێكی تاڵ هەیە دەبێت بیانزانیت:

– یەكەم دەربارەی هەڵوێستی نەیارانی ئیسلامە لەسەرتاسەری جیهاندا بەرانبەر ئیسلامی كیتاب و سوننەت، كە بووەتە ئیسلامێكی نامۆ و شوێنكەوتووانیشی بوونەتە خەڵكێكی نامۆ، هەموویان بەیەك دەنگ و بەبێ جیاوازی ئیسلامی كیتاب و سوننەتیان پێ ڕەفزە و بە مەنهەجێكی توندو تیژ و دواكەوتووی دەزانن و زیان بە ئاشتی كۆمەڵگا و پێكەوە ژیان و بە دیموكراسی و بە هەموو شتێك دەگەیەنێت، ئیسلامی كیتاب و سوننەت زەنگی مەترسییە و زۆربەی دانیشتوانی سەر زەوی یان بە ڕاستەوخۆ یان بە جەهل و بە ناڕاستەوخۆ نكۆڵی لێ دەكەن و لێی بەرین، هەركێ بانگەوازی بۆ بكات لەناو هیچ كۆمەڵگایەكدا جێگای نابیتەوە وجۆرەها گرفتی بۆ درووست دەبێت.بەڵام ئەم ئامانجە بەو ڕاشكاوییە دەربڕینی لێ ناكرێت وبەڵكو ناوەڕۆك و جەوهەری بانگەشەكەی ئەوەیە كە ئاماژەم پێ كرد. زۆربەی دەولەتەكانی جیهانی ئیسلامی و سەرۆكەكان و ئەزهەر زۆربەی مجامع ە كان و ئەو دەستانەی پێی دەوترێت یەكیتی زانایان و گەورە زانایان و سەرچاوەكانی فتوادان و یان بە ناوو نازناوە جیاوازەكانی ترەوە دەردەكەون هەموویان بە ڕێژەیەكی جیاواز ئەو ئیسلامە نوێیەی كە ئەمریكا و ڕۆژئاوا پێی ڕازین ئەوە بەرپا دەكەن و ئیتر رغبا و رهبا هاتوونەتە سەر ئەو ڕێبازو تێگەیشتنە نوێیە.

– دووەم: ئیسلامێكی تر هەیە كە دەستی گۆڕانكاری و لێ كەم كردن و بۆ زیاد كردن و شێواندن و گونجاندن وجوانكاری سەردەمیانەی پێ گەیشتووە و لە ڕاستیدا نوسخەیەكی نوێ و سەردەمیانەیە لە ئیسلام و جیاوازی زۆری لەگەڵ نوسخە ڕەەسەنەكەدا هەیە، لەم ڕۆژگارەدا ئەم ئیسلامە ڕەواجی هەیە و بازاڕی گەرمە وزۆربەی خەڵكی و پاڵپشت بە مەلاكان و حیزبە ئیسلامییەكان و ڕێكخراوێكی زۆر لە سەرتاسەری جیهاندا پشتگیری ئەم ئیسلامە دەكەن كە بەزمانی حاڵ و بە ئیجماعێكی سكوتی زۆر ئایەت و فەرموودە و حوكم و سزا و ڕێنماییەكانی ئیسلام لە كارخروان و پەك خراون و كێیش باسیان بكات یان بانگەشەیان بۆ بكات ئەوا بەكەسێكی توندڕەو دادەنرێت و لە كۆمەڵگادا جێگای نابێتەوە. ئەم ئیسلامەی كە وەرگیراوە و سەدان ملیۆن شوێنكەوتەی هەیە چەمكەكەی نزیكە لە چەمكی ئایینەكانی ترەوە ڕێك پێناسەی عەلمانیەتی بۆ دین بەسەردا جێبەجێ دەبێت كە ئایین بریتییە لە پەیوەندییەكی تایبەت و كەسێتی كەسەكان لەگەڵ پەروەرداگاری خۆیان و هیچ پەیوەندییەكی بە واقیعی ژیانەوە نییە و لە سیما دیارەكانی ئەم نوسخە مۆدێرنە لە ئیسلام ئەوەیە ئایینێكی تایبەتە بە عیبادەت و بژاری دڵ و دەروون وتەوحید و عەقیدە تێیدا بەجارێك دوورخراوەتەوە و موسوڵمان بەم پێناسەو مەفهومە ئاساییە موسوڵمان بێت وبەهەشت دەستەبەر بكات بۆ خۆی و لەهەمان كاتدا عەلمانیش بێت . ئاساییە نوێژ و عیبادەكانی تری بكات و هاوكات لەگەڵ هەر حیزب و لایەن و هێزێكدا بێت بەدەر لە ئاراستەیو تا چەند لەگەڵ بنەماكانی ئیسلامدا گونجاو بێت یان ناكۆك، لەو نوسخە مۆدێرنەی ئیسلامەدا كەسەكە ئەتوانێت لەگەڵ هەركێ بیت كە خۆی پێی خۆشە، چونكە ئایین تەنها مەسەلەیەكی تایبەتە لە نێوان بەندە و الله و بەس.

لە یەك دەنگییەكی سەیرو سەمەرەدا شەرق و غەربیش بەم ئیسلامە ڕازین ولارییان لەسەری نییە، جا بۆ جێبەجێ كردنی ئەم ئامانجە سەرانی عەلمانییەت لە هەموو شوێنێكی سەر زەویدا پەنا بۆ بەشێك لە مامۆستایانی ئایینی دەبەن كە پیاوی خۆیانن و بە ئەهلی دینە با ئەهلێكی ساختەش بن لە دین دەدەن ودەرەنجامی چاوەڕوان كراویشی لێ دیتە بەرهەم .
هەروەها حیزبی ئیسلامی و كەسایەتی مۆدیرن و ڕیفۆرم خوازە ئیسلامییەكان وڕێكخرواویكی بێ شومار لە هەموو وڵاتێكدا كە درووست دەكرێن و دەوڵەتەكانیان پشتگیرییان لێ دكەن و و یارمەتییان دەدەن كە ئەوانیش هەمان ڕۆڵی ئەو مامۆستا ئایینی و حیزبی ئیسلامی و ئەو دەستە فەرمییانە دەبینن كە بەزاهیر بۆ ڕێنوێنی موسوڵمانان درووست بوونەو لە جەوهەریاندا كە لێیان وردبیتەوە بۆ بەرگریكردن لە سیستمی عەلمانی ئەو وڵاتانە درووست بوونە كە ڕێگەپێدان و پاڵپشتییان دەكەن وبۆ زۆرێك لە كارەكانیان فەتوا لە ڕێگەی ئەوانەوە دەستەبەر دەكەن و ئەوانە بە تێكڕا توانیویانە خەڵكی موسوڵمانی بی ئاگا بكەن بە سوپایەكی بەرگریكار لە سیستمە عەلمانیەت و واش نازانن هیچ هەلە و كێشەیەكیان هەبێت لە دینداریدا بەهۆی ئەو پاڵ پشتییە بەهێزەی مامۆستای ئایینی و دەستەی زانستی و حیزب و لایەن و ڕێكخرواەكان نیشانی ئەدەن.

– بەو شێوەش تەكتیكی دژایەتی ئیسلام گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا هات و شێوازە تەقلیدییەكانی دژایەتی ئیسلام باوی نەما و لە بنچینەوە پێویستییەكی ئەوتۆ نەما بەوەی كە عەلمانیەت خۆی وەكو دەوڵەت و وەكو سیستەم هەنگاوەكان بۆ قەڵاچۆكۆدنی ئیسلامی كیتاب و سوننەت هەڵگرێت، چونكە كەسانێكی بەڕواڵەت نەك تەنها موسوڵمان بەڵكو زانا و بانگخواز و كەسایەتی ئەكادیمی بەرگری لەو ئیسلامە هاوچەرخە مۆدێرنە دەكەن كە هەندێك بە ئیسلامی ئەمریكی و لیبرالی دەربڕینی لێ دەكەن و هەندێكیش بە بەبەرهەمی خوێندنەوەی هاوچەرخ و نوێ بۆ ئیسلام دەربڕینی لێ دەكەن.

– لەم ڕۆژگارەدا ڕواڵەتی باش وقسەی جوان و مەنتیقی حەق هەرگیز مەرج نییە بە تەنها خۆی بەڵگەیەكی كافی بێت بۆ باشی و سەڕؤاستی خاوەنەكەی، بە ئەگەرێكی كەمەوە لەوانەیە وابێت و بەئەگەرێكی زۆریشەو لەوانەیە لە دیوی شاراوەی ئەو كەس حاڵەتانەدا نهێنی مەترسیداری تێدا هەبێت كە كەمترینیان ئەوەیە بەڵێن بدەن بەهیچ شێوەیەك باسی سەرانی حوكم و دەسەڵات بەخراپە نەكەن لە وڵاتەكانیاندا ولەبەرانبەریشدا وەرگرتنی گەرەنتی سەلامەتی حەقبێژەكان و دەست بەڕێگە نەهێنانیان بێت كە ئەوەش وەكو وتمان بەبێ نرخ نییە و دەبێت كاكی حەق بێژ نرخەكەی بە پێشەكی لە دینی خۆی دابێت.

– زۆرێك لەوانەی درووستكراوی دەستی عەلمانی و دەسەڵاتەكانن لە وڵاتە جیاجیاكاندا، بانگەشەكشیان بەڕواڵەت بانگەشەیەكی باشە و لەبەشێكی باشیدا موافیقی كیتاب و سوننەت، ئەوەش میكانیزمیكی ترە بۆ ڕاكێشانی عاتیفەی خەڵكی و هەوڵێكە بۆ نەهێشتنی گومان بۆ ئەوەی ئامانجەكانی تر جێبەجێ بكەن، بە كورتی گومان و لێوردبوونەوە و سادە نەبوون خالی گرنگن بۆ موسوڵمان،

– دەسەڵاتەكانیش لە هەموو شوێنێكی ئەم جیهانە بەرینەدا و لەم قۆناغە هەستیارەدا، دەركیان بەو لاوازی و دوو ڕووییە كردووە كە لەبەشێكی بەرچاو لەو جۆرە قسەكەرانەدا بەناوی ئیسلامەوە بوونی هەیە كە وێڕای ئەوەی بەلای هەرشتێك كە زیانی بۆ پەزەكان هەبێت ناچن، هاوكات بە ئەوپەڕی حەماسەتەوە بەرگریش لە دینی خۆیان دەكەن و باسە نەزەرییەكان بەگەرمی نمایش دەكەن. كەسی وا هەبووە تا بیناقاقای بەرنامەی نەیارانی ئیسلام جێبەجێ دكات و لەو لاشەوە لە زنجیرە وانەیەكدا شەرحی الأصول الثلاثەی كردووە و سەدان نموونەی وا بەردەستە.

واتە حاڵەتێكی دوو فاقەیی و خۆ خەڵەتاندنیان لەلای ئەو جۆرە مامۆستا و بانگخوازو كەسایەتییانە درووست كردووە، كە لەلایەكەوە دەڵێن حەقمان گەیاندوە و موسوڵمان بەرچاو ڕوون دەكەین، لەلایەكی تریشەوە سەلامەتی خۆیان و لەوانەیە هەندێ شتی لەوە زیاتریشیان بۆ خۆیان دابین ودەستەبەر كردبێت.

– دەسەڵاتەكان لە هەموو شوێنێكدا هەم لە خەڵكی تێگەیشتوون كە هیچیان لەباردا نییە و دینەكەیان وەكو قەزییە و كێشەیەك تەماشا ناكەن و مەسەلەیەكی لاوەكییە بەلایانەوە زۆریش لەدینەكەیان ناحاڵین و هەرگیز حالیش نابن.
هەروەها بەجوانی لەوەش تێگەیشتوون كەوا هەمیشە خەڵكانێكیان دەست دەكەوێت لەوانەی بەناو ئیسلامەوە قسە دەكەن، كە بەڕوالەت و قسەكردن و توانای قەناعەت پێ كردنی خەڵكی بەوەی دەیانەوێت ئاستێكی باشیان هەیە، دڵنییان لەوەی لە ئەم سەری شلییەوە بۆ ئەو سەری توندی كەسانی بەتوانایان دەست دەكەوێت كە ئامادەیی تەواویان تێدا هەیە ببنە پیاوی ئەوان و لە سنوورێكدا كە حەقیقەتیان دەرنەكەویت بۆ هەموان بەرنامەی ئەوانیش جێبەجێ بكەن ولە پاڵیشیدا بەرنامە و مەزهەب و ئەوەی كە خۆیان باوەڕیان پێیەتی جێبەجێی بكەن، كە ئەمەش ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرنامەی ئیسلام و عەقیدەدا تێكدەگیرێت و پێچەوانەیە.

– هەمیشە بۆ ئەوەی نەبیتە ئەو رۆبۆت و ژمارە بێ مەعنایەی باسم كرد و بەكار بهێنرێیت، پێویستە ئەوەی كە لەسەرەوە ئەیبینیت وا نەزانیت ئەوە هەموو شتێكە، نەخێر لە هیچ وڵاتێكدا عەلمانییەت لەو ئاستە سادەو گێلییەدا نییە كە دەسەڵاتی بەدەست بێت و مامۆستا و دكتۆر و مەلا و بانگخوازێك بەو شێوە لەسەرووی ویستی ئەوانەوە بتوانێت بەرنامەی خۆی ڕابگەینیت و ئیسلامە قەدەغەكراوەكە باس بكات و ئەوانیش دەستەوسان تەماشای بكەن یا جار و بار گلەییەكی لێ بكەن، ئەوە خەونە و خۆشباوەڕییەكی بێ بەڵگەیە، بەڵكو لە پشتی ڕووداوەكان و ئەوەی خەڵكی دەیبینن و دەیبیسن – زۆر جار – شتی تر هەیە و رێكەوتن هەیە، جا ڕێكەوتن مەرج نییە بە نووسراو و بە ئیمزا كردن بێت، لەوەشدا جاری وا هەیە بەیەك ئاخاوتن و سەردان و پەویەندی تەلەفونی و قسەی پڕ لە ئاماژە و دیاری و بڕە پارەیەكی مانگانە و …هتد ڕێكەوتنێك بێت لەوە تۆكمەتر كە لە ڕێگەی بەلێننامەو ئیمزاكردنی ئەنجام بدرێت، ئەویش لەبەر هۆكارێكی زۆر ئاسان ودیار كە بریتییە لەوەی لایەنی یەكەم بەهێزە وخاوەن بڕیارە و لایەنی دووەم لاوازە و مشەخۆرە.

– ئەوەی لە تەمەنی مندا بێت ئاگاداری بارودۆخی سیاسی و فیكری كۆتایی هەشتاكانە بەو پێیەی ئەو كاتە تەمەنمان نەگەیشتببوە بیست ساڵی ولەسەرەتای لاویدا بووین، هەروەها ئاگاداری نەوەدەكان و ساڵانی دوای ئەوەشە لەسەدەی بیستەمدا ودەزانێت لە كاتێكدا دەسەڵاتەكانی ئێستە هەڵوێستیان لە بەرانبەر ئیسلام هیچی لە دەسەڵاتەكانی ئەو سەردەمە باشتر نییە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی كە ئێستا دەوترێت ئەگەر یەك لەسەر سەدی ئەو كاتە بوترایە دەزانین سەرەنجامی خاوەنەكەی چی دەبوو؟ بە كورتی دەچووە خەبەری كانەوە، ئێستا بە تەحەددا و پڕ بە گەروی خۆیانەوە ئەوەی بیانەوێت دەیڵێن و لە گوڵێك كاڵتریشیان پێ ناوترێت، بە دەگمەنیش تێبینی ئەوە دەكرێت كە ئەو بانگخوا و مامۆستا و ناودارانە لە دوور و نزیكەوە توخنی سەرانی عەلمانیەت و دەسەڵاتداران ناكەون و هیچ جەوێكیان لێ تێك نادەن، بەڵكو هەندێ جار بێ ئابڕووی دەگاتە ئەو ئاستەی بە ڕۆژی ڕووناك وپاڵ پشت بە جەهلی موسوڵمانان و ئەو خەوە قورسەی كە تێیدا خنكاون لەگەڵ خودی ئەو نەیارانەی ئیسلامدا ڕێكدەكەون و گوێڕایەڵی خۆیان و شوێنكەوتە چاونووقاواەكانی خۆیانیان بۆ دووپات دەكەنەوە، ئەمەی كە باسی دەكەم لە زۆربەی دەوڵەتە عەرەبیەكان و لە جیهانی ئیسلامیدا بوونی هەیە و بەچاوی سەر دەبینرێت .

– دڵنیابن زۆربەی زۆری كەسایەتی و لایەنەكان لەوانەی قسەی گەورە و شیعاراتی گەورە وتوند و حەددی بەرز دەكەنەوە ، ئەو مەسەلە بێ حیكمەت نییە و بۆی هەیە هەموو هۆكارێكی لە پشتەوە بێت كە مەرج نییە یەكێك لەو هۆكارانە غیرەت و بوێری و حەقبێژی بێت! هیچ نەبێت لەسەرەتا و تاكو پیچەوانەكەیت بۆ دەسەلمێت دەبێت ئەوە بەدوور بزانێت نهێنی ئەو ئازایی و حەقبێژییە ئەوە بێت كابرا دەستی لەخۆی شۆردبێت و بلێت ئێمە یەكجار دەمرین ئیتر بۆچی بترسین؟!

كەسانی وەكو أحمد بن حنبل و ابن تیمیة هەر دەمێنن لە ئوممەتی ئیسلامدا بەڵام بێ گومان هەمیشە دەگمەنن و لە كۆی سیفەت و خەسڵەت و زانست وغیرەتیاندا كەس بە ئاسانی ناگاتە ئاستی ئەوان و بەڵكو نزیكیش نابێتەوە لێیان.

– لە خۆتانەوە پشتگیری هیچ كەس و لایەنێك مەكەن، ئەگینا ئێوە لە دارو دەستەیەكی بێ ئاگای بەكارهێنراو زیاتر نابن، ئاگری ئەو جەنگە فیكرییەش ئێوە خۆشی ئەكەن.
ئەی چی بكەین لە هەموو شتێك دوور بكەوینەوە و هیچ ڕۆڵێكمان نەبێت بۆ سەرخستنی دینەكەمان ودەستەوسان دابنیشین؟ نەخێر من وام نەوتووە، تەنها وتوومە مەبە دارودەستەیەكی بەكارهێنراو چونكە كەمن ئەوانەی لە پشت ڕواڵەتە باشەكانیانەوە نهێنی خراپ نەبێت، من دەڵێم لە هەموو كەسایەتی و لایەنەكانی گۆڕەپانی ئیسلامی و سیاسی دووربكەونەوە چونكە هەموو شتێك بەدەر نییە لە گومان، زۆربەی لایەن و كەسایەتی و مامۆستا و ئەكادیمییە دیارەكان كە ئاراستەی خەڵكی دەكەن ئیللا دیوێكی نهێنی سەبارەت بە مامەڵە كردنیان لەگەڵ دەسەڵات و لەگەڵ عەلمانیەتی هاوچەخدا هەیە، زۆر جار هیچ نەبێت بەناراستەوخۆ ڕێكەوتنی گوماناوی و بەڵێننامەی ناكۆك لەگەل عەقیدەی ئیسلامیدا بوونی هەیە و زۆربەیان – الا ما رحم ربي – بەشێكی شاراوە لە كەسایەتی و بەرنامەی كارەكانیاندا هەیە، كە ئەگەربێت و بیزانیت ئینجا لە دیمەنەكەت بە ڕوونتر بۆ دەردەكەویت وجوانتر لە مەسەلەكە تێدەگەیت.

– ئەوەش بزانن كە هەركێ مزگەوتی وەرگرت وجومهوری هەبوو، عادەتەن ئیتر حەقی پی ناوترێت، یان بەوردتر بڵێین هەموو حەقیكی پێ ناوترێت، دەبێت لە كاتی قسەكردن و وتارەكانیدا وریای سەد شت بێت و دەیان هێڵی سوور هەیە نابێت یەك دانەشیان ببەزێنێت!
خۆیشی لەگەڵ ڕۆژگاردا ڕادیت و واجبی خۆی چاك دەزانێت چییە و دەزانێت چی قەدەغە كراوە ونابێت توخنی بكەویت و چی مەسموحە و ئاساییە هەموو خوتبەیەكی هەینی باسی بكات.
ئیتر بەرێوەبەر و خاوەن ڕێخراو ومامۆستای زانكۆ و كەسایەتی دیار و هەموو ئەمانە هاوشێوەی بەڕێوەبەری مزگەوت لە پێناو مانەوەیاندا لە كارەكانیان ئەركی خۆیان و شێوەی هەڵسوكەوتی خۆیان بەبێ ئەوەی هیچ ڕێكەوتنێكیان لەگەڵدا بكرێت دەزانن دەبێت چۆن بێت، عیبرەت بە زۆرییە ئەگینا هەموان بەو شێوە نیین.

– چاكیش دەزانم ئەم بانگەوازە بۆ كەسانێكی كەم نەبێت وەكو فوو كردنە بەخۆڵەمێشدا، چونكە كەسانێك هەن كە بەداخەوە زۆرینەشن، هەر دەبێت (إمعة) و شوێنكەوتوو بن، خۆیان توانای ئەوەیان نییە لە ڕاستییەكان تێبگەن و ئامادە نین مێشكی خۆیان ماندوو بكەن. زۆربەی ئەوانەی لێرەدا ئاماژەیان پێ دەكەم، هەر دەبێت خەلكانێكی تر بیریان بۆ بكاتەوە و بۆیان بخوێنێتەوە و وانەیان بۆ بڵێت و كەس و لایەنەكانیان بۆ پێناسە بكات و ئەوان تەنها گوێگر و گوێڕایەڵ بن، بەو بەهانەی كە ئەو كەس وكەسایەتی و لایەنانە زۆر جێگای متمانەن وخاوەن زانست و سابیقەو غیرەتن، بە زمانی حاڵ دەڵێن: ئیتر ئێمەش دەبێت چاو بنووقێنین و بە قسەیان بكەین و بۆ كوێ بیانەوێت لەگەڵیاندا بچین و لە چ شەڕێكدا پێویستیان پێمان بێت دەبێت ببینە سەربازی مێشك داخراوی ئەو شەڕە كە بەبێ داوای بەڵگە و بە متمانەوە فەرمانەكان جێبەجێ بكەین.

– من وەكو خۆم بە توانایەكی سنووردار و زانستێكی كەمەوە، بەڵام هەموو هەوڵێكم بۆ ئەوەیە سەرچاوەی زانستەكەم كیتاب و سونەت بێت، ئەوەی بە باش وبەسوودی بزانم بۆ موسوڵمانان و ئەوەی بە حەقی بزانم و توانای وتنیم هەبێت دەیڵێم وتوومە و لە بازنەی بڵاو كردنەوەی زانستی شەرعیدا و بەتایبەتی زانستی عەقیدە و وەرگرتنی ئیسلام وەكو ئەوەی كە لە كیتاب و سوننەتدا هاتووە بەو توانا و زانستە سنووردارەوە تاكو الله تەمەن و بوارم پێ بدات هەر بەردەوام دەبم وداواش دەكەم هەموو موسوڵمانێك بە گوێرەی توانای خۆیان وابن و ئیسلام وەكو كێشەو وەكو قەزییەك تەماشا بكات كە خەمی سەرخستنی بخۆن و بەرگری لێ بكەن و لە ماڵ و مناڵ و خێزان و لە هەموو شتێك زیاتر خۆشیان بوێت.

– لەگەڵ ئەوەشدا لە دوورەوە ڕێزو تەقدیرم هەیە بۆ زۆرێك لەوانەی كە گۆڕەپاندا بوونیان هەیە وكێشەی شەخسیم لەگەڵ كەسدا نییە الحمدلله، بەڵام لەبەر ئەوەی لە شێوازو مەنهەجی كاركردنیاندا بە هەڵەیان دەزانم بە هیچ شێوەیەك كاری هاوبەشم لەگەڵ هیچ لایەن و كەسایەتییەكدا نییە و بۆ پاراستنی خۆم و دین و خێزان و ئەوانەی كە مەبەستمە خێریان پێ بگەیەنم دوو ڕووناكی و مەشخەڵی ڕۆشنا و گەورەم بۆ خۆم دیاری كردووە كە بەبەلێنی خۆشەویستمان صلی الله علیه و سلم كێ دەستیان پێوە بگرێت سەرفرازە ئەویش كیتاب و سوننەتە هەموو شتێك و هەموو وتەو هەڵوێست و ڕووداوێكیش لە ڕووناكی ئەو دوو سەرچاوەدا تێدەگەم ، جا یان وەریدەگرم و یان ڕەتیدەكەوە.
لە ساڵی 2000 یشەوە كە لەو كاتەوە پەیوەندیم بە هیچ لایەنێكی حیزبی و فیكری وسیاسییەوە نەماوە، هەستم بە تام و چێژی دینداری كردووە و الله تعالی بەرەكەتی خستە كارەكانمەوە و لە بابی ﴿وَأَمَّا بِنِعْمَةِ رَبِّكَ فَحَدِّثْ﴾دەڵێم الحمد لله خەڵكانێكی باش سوود لە بەرهەمەكانم وەردەگرن.
ئەمەش بانگهێشتێكە بۆ هەموو ئازیزانم كە هەمان ئەو كارەی من بكەن و پەوەیندییان بەكەسوە نەمێنیت وەكو كاركردن و ئاراستەی حیزبی و فیكری و مەنهەجی، بەدڵنییاییەوە ئاسۆیەكی ڕوونتریان بۆ دەردەكەوێت و لە زۆر هەڵە و لادان و تاوان ڕزگاریان دەبێت كە تاكو هەمان كارەكەی من نەكەن بەبڕوای من ناتوانن هەستی پێ بكەن، چونكە بەداخەوە سەردەم سەردەمی فیتنەیە و هیچ كەس و كەسایەتی و لایەنێك نییە بتوانیت بە ئاسوودەیی وبێ مەترسی ئەوەی بەڵایەكت بەسەردا نەهێنیت خۆتی ڕادەست بكەیت و چاوبنووقینێت كە ئەو لە جیاتی تۆ بیربكاتەوە و ڕێگات پێ نیشان بدات.

لەوەش دڵنیابە وەكو عبدالله ی كوری مەسعود الله لێی ڕازی بێت فەرموویەتی، ئەگەر دەتەویت شوێنكەوتووی كەسێك بیت شوێنكەوتوو مردوویەك بە كە لەسەر تەوحید و زانستی باش و شوێنكەوتنی كیتاب و سوننەت وەفاتی كردووە، ئەگینا هەموو زیندوویەك مەترسی لەخشتەچوون و فیتنەی لەسەرە، كەمێك لەم قسەش ڕابمێنیت و وردبیتەوە چەندین بەڵگە لە هەموو وڵات و شوێن و شارو شارۆچكەیەك دەبینێت، چونكە وەكو وتم فیتنە زۆر بووە و وەكو تاریكی شەو باڵی بەسەر هەموو شتێكدا ڕاكێشاوە.

پێشم وایە لەم ڕۆژگارەدا سەبارەت بە ناسینی كەس و لایەنەكان یەكەم جار گومان پێش بخەیت سەلامەتترە و بەقسەی باش و بەڕواڵەت هەڵنەخەڵنەتێی تاكو پێچەوانەكەیت بۆ دەردەكەوێت، واتە لەڕووی (احیتاط) ەوە گومان ببەیت، بەڵام كاری پێ مەكە تاكو بۆت دەسەلمێت!

هیچیش لەكەس وەرنەگریت تاكو بەڵگەكەی نەزانیت، چونكە خەڵكانی قسەزان و (علیم اللسان) ی خاڵی لە زانست زۆربوونە و بەئاسان خەڵكی بەوەی دەیانەویت قایل دەكەن.

پێویستە ( قُلْ هَاتُوا بُرْهَانَكُمْ إِنْ كُنْتُمْ صَادِقِينَ) بكەیتە درووشمی ژیانت و لەوە دڵنیابیت ئەم سەردەمە سەردەمی ئەوە نییە بە ڕەهایی خۆت تەسلیمی هیچ كەس ولایەنێك بكەیت، بەڵێ سوود وەربگرە لە هەركێ شایانی ئەو بێت سوودی لێ وەربگریت، بەلام وەكو وتم لە هەموو شتێك وردبەرەوە و داوای بەڵگە بكە.
زۆر جار تۆ ژمارەیەكی ئەچیتە سەر ژمارەكان، دەنگێكی بۆ كاتی هەڵبژاردن و دەنگدان، پرۆژەی دەستكەوتێكی مەعنەویت بۆ غەیری خۆت بێ ئەوەی بەخۆت بزانیت، ئەگەر بێت و زانستی شەرعیت ئەوەندە نەبێت حەق و باتڵ ی پێ لە یەكتر جیا بكەیەیتەوە ئەوا تۆ ئەو نێچیرەیت كە ئەگەر لەمان ڕزگارت بێت و مەحاڵە لەوان ڕزگارت بێت و نەكرێیت بە نێچیر و بەژەمێك و ئەگەر وابیت هەر لە ئێوارەوە حیسابت ڕۆیشتووە و لافاوی فیتنە وبەرژەوەندییەكان رایماڵیویت.
لەمەشدا جگە لە ڕێپیشاندانی خوێنەران بۆ باشترین ڕێگە كە خۆم ساڵانێكە كارم پێكردووە و سوودم لێی بینیوە هیچ مەبەستێكی ترم نییە. و الله من وراء القصد.
تێبینی: ئەمانەی كە وترا حوكمێكی گشتی نییە وەكو ئەوەی بڵێی هەموان وابن، نەخێر خۆ ئەگەر ئەو واتا بگەیەنێت ئەوە نەبینی باشە و نكۆڵی كردنە لە حەق كە پەنا بە الله دەگرم بەو شێوە بم، بەڵكو هەمیشە كەسانی باش و خەمخۆر وحەقبێژ و ڕاستگۆ لەگەڵ خۆیان و لەگەڵ موسوڵمانان و پەروەردگاریاندا لە ناو مامۆستایانی ئایینی و بانگخوازاندا بوونیان هەیە و جێگای شانازی و سوود لێ بینین، بەلام لەگەڵ ئەوەشدا هەر دەبێت موسوڵمان علی بینة بێت هیچ بەبێ بەڵگەی خۆی وەرنەگرێت.

هەروەها ئەمەی كە وترا بەهیچ شێوەیەك توانج نییە لە كەسانێكی دیاری كراو یان لایەنی دیاریكراو، بەڵكو شیكاری و تێگەیشتنێكی خۆمە بۆ واقعی ئەم ڕۆژگارە، نەك تەنها بۆ كوردستان، بەڵكو لە زۆربەی وڵاتەكانی ئەوەی بە جیهانی ئیسلامی دەناسرێت ئەو ڕاستییە تاڵانە بەرقەرارەو واقیعێكی بەرجەستەن.

إحسان برهان الدین
سێیەم ڕۆژی جەژنی قوربان 1444
2023-6-30

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *