الأحد , مايو 28 2023
سه‌ره‌تا / وتاری نوسراو / بیروباوەڕ / دینی ئیبراهیمی نوێ هەوڵێك بۆ ڕوخاندنی عەقیدەی تەوحید

دینی ئیبراهیمی نوێ هەوڵێك بۆ ڕوخاندنی عەقیدەی تەوحید

 

دینی ئیبراهیمی نوێ هەوڵێك بۆ ڕوخاندنی عەقیدەی تەوحید

دینێکی نوێ بە ناوی دینی ئیبراهیمی بەڕێوەیە، ئیمارات بەڕابەرایەتی كردن وپارە بۆ خەرج كردن و، بە پشتگیری وپیرۆزبایی ئەزهەری لەخشتەچوو و زۆرێك لە بەناو زانای خۆفرۆش و دینفرۆش، كار بۆ بەرپاكردنی و بڵاوكردنەوەی دەكرێت. ئەم دینە هەوڵێكی زۆر دەدرێت بۆ ئەوەی پۆشاكێكی شەرعی لەبەر بكرێت وپاساوی لەشێوەی خۆڵ لەچاوكردن بۆ بهێنرێتەوە.

لەبەر زۆر هۆكار لەوانە جەهلی خەڵكی بە عەقیدەو بیروباوەڕ و بە زانستی شەرعی بەگشتی وزۆریی خەڵكی گومڕا لەژێر ناوی جۆراوجۆردا، كوردستان مەترسی ئەوەی لەسەرە ببێتە گۆڕەپانێكی بەرین و ئاسان بۆ تاقیكردنەوەی ئەو دینە تازەیە، هاوشێوەی دەججال سەرانی ئەم دینە تازەیەش پاساوی عەقڵی و بەهانەی ڕوكەشی و بەڕواڵەت پەسەند و وەرگیراوی بۆ دەهێننەوە.

بۆیە پێویستە و ئەركێكی پیرۆزە لەسەر ئەوانەی پەرۆشی تەوحید و بیروباوەڕەكەیانن، پەردە لەسەر ئەو گومڕایی و لادانە لە ڕاستە ڕێگای ئیسلام هەڵماڵن و حەقیقەتی ئەو پلانە بۆ خەڵكی ئاشكرا بكەن، نەوەك لە كاتی گەیشتنی ئەو بیرۆكە دژوارە لەگەڵ ئیسلامدا بە كوردستان و بەمیللەتی كورد، خەڵكی پێی هەڵخەڵەتێن و دینەكەیان لەدەست بدەن.

بەداخەوە – لە ئێستادا – میللەتی كورد لەبەردەم ئەو جۆرە بانگەشە و بانگەوازانەدا پاروویەكی ئاسانە بۆ سەرانی ئەو دینە نوێیە وجێگای تەماعی ئەوانە، چونكە كورد بە عاتیفە ئیسلام دەناسێت و شارەزایی لە دینەكەیدا و بەتایبەتی لە بواری عەقیدەو تەوحید و بنەماكانی ئیسلامدا زۆر زۆر كەمە و ئەوانیش جۆرەها ڕێگەی كاریگەرو پلان بۆ داڕێژرا دەگرنەبەر بۆ لەخشتەبردنی خەڵكی.

لەلایەكی تریشەوە میللەتی كورد لێوان لێوە لە خەڵكی هەژار و نەدار و چەوساوە بەدەستی نەبوونی كە وێڵە بەدوای هەرڕێگەیەكدا قوتی ماڵ و مندالەكانی پێ مسۆگەر بكات، ئەوانیش پارەی زۆریان بۆ هەڵڕێژراوە لە پێناو بڵاوكردنەوەی دینەكەیاندا و لەو پێناوەدا خەرجی دەكەن.

جگە لەوەش زۆر بەناو بانگخواز و كەسایەتی ئیسلامی سیاسی خاوەن دیدی ناكۆك لەگەڵ بیروباوەڕی ئیسلامدا هەر خۆیان بیركردنەوەیان وەكو بیركردنەوەی سەرانی ئەو دینە تازەیە و كورد واتەنی لە خوایان ئەوێت ئەو دینە بێتە كوردستانەوە بۆ ئەوەی ببنە عەڕڕاب و چاوساغی گەیاندنی بە كوردی داماو.

بێگومان عەلمانییەكانیش پێشوازییەكی گەرم لەو دینە دەكەن وهەموو كارئاسانییەك بۆ بڵاوبوونەوەی دەكەن، چونكە دەزانن مەبەست لێی تێكدان و شێواندنی دینی ئیسلامە هەر بەناو ئیسلامیشەوە موسوڵمانان لەڕێگای ڕاست دووردەخاتەوە.

(الأديان الإبراهيمية ) یان ( وحدة الأديان) یان( الديانة العالمية) هەموو ئەمانە زاراوگەلێكن مەبەست لێیان تێكەڵ كردنی حەق و باتڵە بەبەهانەی پێكەوە ژیان و برایەتی مرۆڤایەتی ودرووست كردنی دینێكی یەكگرتوو لە نێوان هەرسێ ئایینەكەدا و هەوڵێكە بۆ یەكگرتنەوەی ئایینەكانی ئیسلام و نەسڕانی و جولەكە و دواجار كۆشش وبەرنامەیەكە بۆ كاڵكردنەوەو نەهێشتی سنوورەكانی عەقیدەو تەوحید و ولاء و براء لە ئیسلامدا كە بەو شێوە شیرازەی موسوڵمانان تێكدەچێت و دەشێوێت.

ئەم بانگەشە و دینە نوێیەش، لە ڕاستیدا ڕەگ وڕیشەی كۆنە و هەر زوو جولەكەو نەساڕاكان داوایان لە پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم كرد سازشیان لەگەلدا بكات و هیچ نەبێت بلێت ئێوەش وەكو ئێمە لەسەر حەقن و بیروباوەڕەكەتان تەواوە، بەڵام قورئان قسەی یەكلاكەرەوەی لەو بارەوە كرد و الله تعالی فەرمووی: ( وَقَالُوا كُونُوا هُودًا أَوْ نَصَارَى تَهْتَدُوا قُلْ بَلْ مِلَّةَ إِبْرَاهِيمَ حَنِيفًا وَمَا كَانَ مِنَ الْمُشْرِكِينَ ) البقرة/135.

لەم میانەشدا ئەزهەر و زانایانی دین فرۆش و سەر بە دەسەڵاتە عەلمانی ولیبرالییەكان لە وڵاتانی تر، پشتگیری خۆیان بۆ ئەو دینە تازە دەردەبڕن وكار بۆ سەرخستنی دەكەن، ئەو بەناو زانا دین فرۆشانە بەبێ هیچ شەرمێك نە لە الله و نە لە موسوڵمانان پشتگیری خۆیان بۆ ئەو دینە درووستكراوە دەردەبڕن و دەستخۆشی لە دەوڵەتی ئیمارات دەكەن.

ئامانج لەم دینە ئەوەیە موسوڵمانان و نەساڕا و جولەكەكان بڵێن هەموومان لەسەر حەق و ڕێگای ڕاستیتن وهەموو ئەم دینانە بەو شێوەی كە ئێستە هەیە ڕاستەو و لەلای الله وە دابەزیون، وەكو ئەوەی الله تعالی لە قورئاندا نەیفەرمووبێت: ( وَمَنْ يَبْتَغِ غَيْرَ الْإِسْلَامِ دِينًا فَلَنْ يُقْبَلَ مِنْهُ وَهُوَ فِي الْآخِرَةِ مِنَ الْخَاسِرِينَ ) آل عمران/85. هەروەها سوڕەتی الكافرون یش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی پێغەمبەری پێشەوا علیه الصلاة والسلام هیچ سازشێكی هەرگیز لەگەڵ كوفردا نەكردووە و لە عەقیدەی تەوحید بۆ چركە ساتێكیش دانەبەزیوە.

سەرانی ئەم دینە تازە دەڵێن پەرستراو یەكێكە و ڕێگاكان جیاوازن و ئەوەش هیچ كێشەی تێدا نییە! واتە ئەوان دەڵێن ئەو شەریعەتە گۆڕاوو تێكدراوەی جولەكەو نەساڕاكانیش هەر وەكو شەریعەتی پاك و پاراوی ڕاستی ئیسلام كەسەكان دەگەیەنێتە الله، بەو پێیەش دەبێت موسوڵمان هەموو لادان و گومڕاییەكانی ئەوان بەباش و بێ كێشە بزانێت، كە ئەوەش كوفرێكی ڕاشكاوانە ودیارە موسوڵمان لە بازنەیەی دینەكەی دەردەكات.

لە ڕاستیدا ئەم بانگەشەیە – وەكو شێخ بكر أبو زید دەڵێت – كۆمەڵە ئامانجێكی فەلسەفی و سیاسی و ئیلحادی لە پشتەوەیە، جۆرێكیشە لە تۆڵەكردنەوەی ئەوان لە ئیسلام و موسوڵمانان، چونكە كۆمەڵە ئامانجێكی زۆر ترسناكیان هەیە كاری بۆ دەكەن، لەوانە:

1- درووستكردنی قۆناغێك لەسەر لێشێواندنی موسوڵمانان لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی گومان وحەزو ئارەزوو، كە دوااجر ئەوشە دەبێتە مایەی درووستبوونی موسوڵمانی ڕاڕا و بێ یەقین.

2- سنوورداركردنی بەرفراوان بوونی كاری ئیسلامی و بچووك كردنەوەی ودرووست كردنی بەربەست لەبەردەم بانگەوازی ئیسلامدا.

3- هەوڵێكە بۆ لاوازكردنی ئیمان و بیروباوەڕ لە لای موسوڵمانان و بنەبڕكردنی بانگەوازی تەوحید كە بنچینەی مانەوەی ئیسلام و موسوڵمانانە.

4- ڕێگە گرتن لەوەی كەس بوێرێت جولەكە و نەساڕا تەكفیر بكات، بەڵكو وەكو برای ئایینی تەماشا بكرێن وبەوشێوەش موسوڵمانان بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن بەشیكی زۆر لە ئایەتەكانی قورئان لەو بارەوە ڕەتدەكەنەوە ونكۆڵی لێ دەكەن.

5- لە ڕێگەی بانگەشەی یەكگرتنی ئایینەكان، كۆشش دەكرێت گۆڕانكاری گەورە لە شێوازی بیركردنەوەی موسوڵماناندا بدرووست كرێت بە شێوازێك بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن ببنە دەژمنی دینەكەی خۆیان، لەڕێگەی كارنەكردن بەشەریعەت و گوێنەدان و بە سنوورەكانی عەقیدە.

6- هەوڵێكە بۆ لاوازكردن و بێ هەیبەت كردنی ئیسلام بە شێوەیەك كە ببێتە دینیك هاوشێوەی هەر دینێكی تری دەستكردی مرۆڤەكان و وەسەنی و جیاوازی نەبێت لەگەڵیاندا.

7- ڕێخۆشكەری بۆ بڵاوبوونەوەی ئایینی نەساڕاو جولەكە دەكات لەناو موسوڵماناندا و كار دەكات بۆ كپ كردنەوەی هەر كاردانەوەو غیرەتێكی موسوڵمانان لەسەر عەقیدەو دینەكەیان.

8- بەدیهێنانی ئامانجی هەرە گەورەش كە بریتییە لە زاڵبوونی یەهود و نەساڕا و ماركسییەكان بەسەر هەموو جیهاندا و جیهانی ئیسلامی بەتایبەتی و بەتایبەتتریش دەستگرتن بەسەر دوورگەی عەرەبدا كە كەعبەو شوێنە پیرۆزەكان و قەبری پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لەخۆ دەگرێت وسەرەتاكانی ئەوەش بەداخەوە درووست بووە، ئەویش لە ڕێگەی داگیركارییەكی فیكری و رۆشنبیری و ئابووری و سیاسی و بەرپاكردنی بازاڕێكی هاوبەش كە شەریعەتی ئیسلام بەهیچ شێوەیەك دەسەڵاتی بەسەریدا نەبێت، بەو شێوەش هەموو خراپەكانی وەكو سوو و داوێن پیسی و بێ ڕەوشتی بە هەموو ڕەهەندەكانییەوە تەشەنە دەكات.

بەبێ هیچ گومانێك شەریعەتی ئیسلام كۆتا ڕێبازو شەریعەتە بۆ مرۆڤایەتی و الله تعالی بەهیچ ڕێگاو ڕێبازێكی تر جگە لە ئیسلام ڕازی نابێت، بۆیە پێویستە هەموو ئەوانەش خۆیان بە یەهودی و بە نەسڕانی دەزانن ببنە موسوڵمان وبێنە سەر دینی حەق.

هەروەها پێویستە و واجبە لەسەر هەموو موسوڵمانێك لە دڵەوەو بە زمانی و بەهەموو توانایەكی لەدژی ئەو دینە نوێیە بوەستێتەوە و ماڵ و مناڵ و كەس وكار و دەوروبەری لەو شەڕو خراپەیە بپارێزێت و نەلێت پەیوەندی بە منەوە نییە، چونكە نكۆڵی كردن و ڕووبەڕووبوونەوە بەبەڵگە و بەیان وبانگەواز وڕوونكردنەوە لەگەڵ ئەو ئایینە تازەیەدا، فەرزێكی عەینییە لەسەر هەموو موسوڵمانێك، لەبەر ئەوەی ئەو بانگەشەیە كە ئایینی ئیسلامی وەكو عەقیدەت و شەریعەت كردووەتە ئامانج.

إحسان برهان الدین

29 شعبان 1444

2023-3-21

 

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *