الجمعة , مايو 26 2023
سه‌ره‌تا / وتاری نوسراو / دینداری بە بەراوردكاری ناكرێت!

دینداری بە بەراوردكاری ناكرێت!

دینداری بە بەراوردكاری ناكرێت!
موسوڵمان بۆ ئەوەی بزانێت تا چەند كردەوەكانی ڕاست و درووستن، عیبادەتەكانی وەرگیراون، كارە چاكەكانی كە چاوەڕوانی پاداشتە لەسەریان بەو شێوەن كە الله تعالی پێی ڕازییە و لەگەڵ شەریعەتدا ناكۆك نین، پێویستە لەگەڵ سەرچاوەكانی دینەكەیدا بەراوردیان بكات و، نمایشیان بكاتە سەر كیتاب و سوننەتدا، ئەگەر لەو دوو پێوەرە دەرچوون، واتە ڕاست و باش و وەرگیراون، ئەگەر دەرنەچوون، واتە ناپەسەند وخراپ و وەرنەگیراون، لەم پێشەكییە مەبەستێكم هەیە ودەمەوێت بڵێم :
لەناو كوردی خۆماندا زۆر جار بەراوردكارییەكی نابەجێی و هەڵە هەیە، ئەویش بریتییە لەوەی لە جیاتی ئەوەی كردەوە وكردار لەگەڵ قورئان و سوننەتدا بەراورد بكرێت، لەگەڵ كردار وكردەوەی كەسانی خراپ و دوور لە دیندا بەراورد دەكرێت و دواجار حوكمی باش بوونی لەو بەراوردە هەڵەیە وەردەگیرێت.
بۆ نموونە حیزب و كۆمەڵێك، یان ڕێخراوو كەسایەتییەكی ئیسلامی، دەچێت كارو كردەوەكانی خۆی لەگەڵ حیزب و كۆمەڵ و ڕێكخراوو كەسایەتییەكی نا ئیسلامی نەیاری ئیسلام بەراورد دەكات و دەڵێت: ئەها ئەوان خەریكی چین و ئێمە خەریكی چین؟ ئەم دوو كارە كامیان باشترە؟ ئینجا بەو دەرەنجامە دەگات كە كارەكەی خۆی باشترە، ئەوەش بەراوردێكی هەڵەیە، چونكە دەبێت كردەوەكانت لەگەڵ بنەامكانی عەقیدەو شەریعەتدا بەراورد بكەیت.
بە هەمان شێوە كەناڵێكی ڕاگەیاندن، یان ئیزگەو سایت و كەناڵێكی یوتیوب، یان ئەگەر نموونە بە تیڤییەكی تایبەت بە مناڵان بهێنینەوە، لەجیاتی ئەوەی بەرنامەكان و بڕگەكانی، ئاراستە كردن و فێركاری و سروود و قسەكانی، لەگەڵ قورئان و سونەتدا و لەڕۆشنایی ڕەوشت و دەستگرتنی سەلەف بەو دوو سەرچاوەوە هەڵسەنگێنێت و بەراورد بكات، دەچێت لەگەڵ تیڤی و ڕاگەیاندنی عەلمانییەكاندا بەراوردی دەكات و دەڵێت ئەمەی ئێمە یان ئەوەی ئەوان كامیان باشترە؟ ئینجا خۆی و خەڵكانێكی سادەو نەشارەزا لەدین وەڵامی دەدەنەوەو دەڵێن بێگومان ئەوەی ئێوە باشترە، خۆ كەسێك لەو كاتەدا بڵێ ئاخر بۆ نموونە مۆسیقا حەرامە چۆن ئەبیت مناڵ لەسەر ئەو حەرامە ڕابهێنرێت، چۆن ولەسەر چ بنەمایەكی شەرعی دەبێت ئایەت و فەرموودە بە مۆسیقاوە بۆ مناڵ پیشكەش بكرێت؟!
زۆر جار ئەم بەراوردكارییە ناشەرعییە وهەڵەیە كارەسات بەسەر موسوڵماندا دەهێنێت، بۆ نموونە هەندێكیان دەڵێن چی بكەین ئەوە هەڵبژاردنە دەنگ بە عەلمانی بدەین یان ئیسلامی كامیان باشترە؟! واتە وا دەزانێت و وا تێگەیەنراوە كە هەر دەبێت لە نێوان دوو لادان و هەڵەدا یەكێكیان هەڵبژێرێت! لە كاتێكدا وەڵامی ڕاست ئەوەیە نابێت هیچیان هەڵبژێرێت و ەبێت لە هەردوكیان بەری بیت.
لە ڕاستیشدا ئەم دینە ماڵی باوكی كەس نییە بە ئارەزووی خۆی لێی كەم كاتەوەو بۆی زیاد بكات و لەگەڵ واقیعی ڕۆژگاردا و لەسەر حیسابی حوكمەكانی قورئان و سونەت بیگونجێنێت وبەم بەراوردكارییە بنەماكانی عەقیدە بشێوێنێت.!
لەم بارەوەشەوە زۆر بە گرنگی دەزانم وریای هەندێ ڕاگەیاندنی ئاراستەكراو بن بۆ مناڵان ، كە بە بەهانەی ئەوەی لە ڕاگەیاندنی عەلمانی و خراپەوە دووری بخاتەوە، پەروەردەیەكی هەڵەی مناڵەكانمان دەكات و هەندێ حەرامی – بۆ نموونە وەكو مۆسیقا – لەلایان ئاسایی دەكەنەوە و لەپاڵ زۆر بابەتی باشدا بەناڕاستەوخۆ فێری هەندێ شتی هەڵەی دەكەن و حەرامی لەلا ئاسایی دەكەنەوە و بەزاندنی سنورەكانی شەرعی هەر لەم تەمەنە ناسك و هەستیارەوە لەلا ئاسایی دەكەنەوە و بێ ئاگا لەوەی ئەم دینە بۆ هەڵبژاردن نییە كێ چی پێ گونجاو بێت ئەنجامی بدات و چی پێ نەگونجاو بوو، یان لەگەڵ ئەم قۆناغەی كوردستاندا بە نەگونجاوی زانی لێی بقرتێنیت و دواجاریش ئیسلامێكی جیاواز و هەڵە پێشكەش بە گرنگترین توێژی كۆمەڵگا و نەوەی پڕ بایەخی دواڕۆژ بكەن كە بریتین لە مناڵان. كەناڵی (طیور الجنة) وهاوشێوەكانیشی لەسەر بنەمای ئەو بەراوردە هەڵەیە درووست بوون، كە لەلایەكەوە لە كەناڵە خراپەكانی عەلمانییەكان دووری دەخاتەوە كە بە شێوەیەكی خراپ پەروەردەی مناڵ دەكات بەڵام لەولاشەوە بۆ ئەوەی وەرگیراو بێت وتۆمەتی توندڕەوی و نامۆدێرنەیی نەدرێتە پاڵ دەچێت تێكەڵەیەك لە ڕاست و هەلە و حەق و ناحەق لەبەرنامەكانیدا پێشكەش دەكات، ئەم حاڵەتەش بەداخەوە لەسەر كەناڵ و بەرنامەی مناڵان كورت هەڵنەهاتووە، بەڵكو هەموو ڕاگەیاندنە ئیسلامییەكانی گرتووەتەوە و دەچن خۆیان بە كەناڵی عەلمانی بەراورد ئەكەن، نەك بە شەرعی رب العالمین و ئەو عەقیدەی كە هەموو پێغەمبەران بۆ چەسپاندنی ڕەوانە كراون.
بۆیە بە كورتی دینداری بەو شێوارە لە بەراوردكاری هەڵەیە و ، زەنگێكی مەترسیدارە كورد بەردەوام سنووری دینەكەی بەو بەهانەوە دەبەزێنێت، باوەڕیش ناكەم سنوور بەزاننە شەرعییەكان لەو ئاستەدا ڕاوەستێت و ڕەوڕەوەی شلكردنەوەی دین و دەستكاری كردنی حوكمەكانی لە سنوورێكی دیاریكراودا سەقامگیر بێت، چونكە بنچینەی فەلسەفە و تێڕوانینەكە ناشەرعی و هەڵەیە و بەدەست هێنانی ڕەزامەندی پەروەردگار و خەڵك و شەقام و دەسەڵات و ئەمانە پێكەوە مەحاڵە و دواجاریش شتێكی خراپی لێ دەردەچێت!
ئەگەر دەتانەوێت بەراوردی كارەكانتان بكەن لە ڕوانگەی عەقیدەو شەرعەوە بیكەن ئەو كات ڕاست دەردەچێت، لەگەڵ دوو سەرچاوەكەی دینەكەتاندا بەراوردی بكەن نەك لەگەڵ واقیعی دوور لە بنەماكانی بیروباوەڕ و شەریعەت لەم ڕۆژگارەدا، نابێت كەسایەتی عەلمانی و كەناڵی خراپ و حیزب و كۆمەڵی دور لە ڕەوشت و دین بكەن بە لایەنێكی بەراوردەكە و دواجار لەسەر ئەو بنەما بڕیار بدەن! خۆ بەو شێوە بێت هەرچی بكەیت هەر هەڵەی لەوەی ئەوان كەمتر ئەبێت و شەڕو خراپەی لەوەی ئەوان ئەهوەنتر ئەبێت، بەڵام ئایا دینداری بەو شیوە دەبێت؟ بێگومان ئەوە دیندارییەكی هەڵەیە و ڕێگایەكی ناپەسەند و عاقیبەت خراپە، كە مەخابن زۆرێك لە كورد لەسەرین و پەیڕەوی دەكەن.
باوەڕم وابە ئەم چەند دێڕە دەبێتە بەڵگە و حوجە لەسەرتان و ئەگەر دەتانەوێت خزمەتی دینەكەتان بكەن، بەو شێوە بیكەن كە الله تعالی و پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم پێی ڕازین، نەك خولیاتان لەگەڵ ڕازی كردنی دینەكتاندا بەدەست هێنانی ڕەزامەندی ڕای گشتی و شەقام و دەسەڵات و خەڵكی عەوام بێت، ئێوە چاك دەزانن ئەگەر ئیسلام وەكو خۆی بخەنەڕوو لێتان قبوڵ ناكەن و ڕێگەتان نادەن، بۆیە ئێوەش ئەو سازشە ناشەرعییە دەكەن و جارێكی تر دەڵێم ئیسلام خاوەنی خۆی هەیە و خاوەنەكەی بەرنامەیەكی ڕوونی بۆ بەڕێوەچوونی داناوە، یان بەباشی پەیڕەوی بكەن و سەربەرزی دونیاو دواڕۆژی پێ بەدەست بهێن، یان ئەو تێكەڵ و پێكەڵ كردنەی ئەنجامی ئەدەن با چاك بزانن درێژەدانە بەو هەوڵە زۆرانەی كە لەناو كورددا هەمیشە دراوە لە پێناو ناشیرین كردنی ئیسلام و بەناوی ئیسلامیشەوە.
پەروەردگار شایەتە كە جگە لە گەیاندنی دینەكەی و بانگەواز بۆ عەقیدەو شەریعەتەكەی وریاكردنەوەی قەومەكەم لەو هەڵانەی كە لەسەرین و لەوانەی كە خۆڵیان لەچاو دەكەن، هیچ مەبەست و ئامانجێكی ترم نییە.
إحسان برهان الدین
27 رجب 1444
2023-2-18

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *