بنەمای هەڵسەنگاندن
هەموو كەس وكەسایەتی و تاقم و كۆمەڵ و بیروبۆچونێك، دەبێت لە ڕوانگەی عەقیدەو بیروباوەڕەوە تەماشای بكەیت وهەڵیسەنگێنیت، دواجار وەرگرتن و ڕەتكردنەوەشت بۆیان، هەر ئەبێت لەو ڕوانگەوە بێت ولەسەر بنەمای ئەو پێوەرە بێت.
عەقیدەو تەوحید وەكو هیچی تر نین، بۆ ئەوەی وەرگیراو بن، هۆكاری سەرفرازبوونی خاوەنەكەی بن لە دونیا و زگاربوونی لە سزای دوا ڕۆژ، دەبێت تەوحیدێكی تەواو بێت و عەقیدەو ئیمانێكی بێ ئینحیراف و گومان ولادان بێت، ناكرێت لە هەندێ بواردا كەسەكە، یان لایەنەكە، عەقیدەی ڕاست و درووست بێت وەكو ئەوەی لە كیتاب و سوننەتدا هاتووە، لە هەندێك بواری تریشدا ناكۆك و دژوار بێت ودەست بەرداری بەرنامەو شەریعەتی ئیسلام ببێت بۆ بەرنامەو شەریعەتی مرۆڤەكان!
هەركێ عەقیدەی ناتەواو بوو، بۆ نموونەی هەڵگری بیروباوەڕی تاقمێك لە تاقمە گومڕاكان بوو، یان لە (الولاء و البراء)دا تێكەوتبوو، یان یەكێك لە (نواقض الشهادتین) و هەڵوەشێنەرەوەكانی ئیسلامی تێدا بوو، یان كەمترین شیرك و لادانی لە مەنهەج و جۆرەكانی تەوحیددا هەبوو، ئیتر خێری تێدا نییە و ناشێت بۆ ئەوەی موسوڵمان خۆشی بوێت و لە هیچ كارێكی خێر و چاكەی تریدا، یان لەهەر قسەو باسێكی باشیدا شوێنكەوتووی بێت.
ئەگەر هەر كەسێك، یان هەر كۆمەڵ و تەوژم و لایەنێك، كەوتە شیرك و بیدعەی عەقیدی و گومڕاییەكانی تری بیروباوەڕەوە، بەتایبەتی جۆرە هاوچەرخەكانی، چونكە زۆر جار جۆرێك لە ناڕوونی و نادیاریان تێدایە و لەو لاشەوە كەسانی گومڕا دەیڕازێننەوەو سەرقاڵی ڕەواج پێدان و بڵاوكردنەوەیانن وخەڵكی بۆ بانگ دەكەن، ئەو جۆرە لایەن و كەس و كەسایەتیانە، یان ئەوانەی لە بازنەیاندا دەخولێنەوە و خۆیان دەخەڵەتێنن، ئەگەر قورسایی چیایەك ئاڵتوون (في سبیل الله) ببەخشن، یان شەو وڕۆژ خەریكی عیبادەت و كاری چاكە و یارمەتیدانی خەڵكی بن، ئەگەر بە ئاسماندا بفڕن و بەسەر ئاودا بڕۆن، لادان و لاری عەقیدەو تەوحیدیان بۆ ڕاست ناكاتەوە، تاكو نەگەڕێنەوە سەر ئەو عەقیدەو ئیسلامەی كە لە قورئان و سوننەتدا هاتووە و بەو شێوەی كە پێشینانی چاك ئەم ئوممەتە لێی تێگەیشتوون. (وَقَدِمْنَا إِلَىٰ مَا عَمِلُوا مِنْ عَمَلٍ فَجَعَلْنَاهُ هَبَاءً مَّنثُورًا ).
إحسان برهان الدین
4 رجب 1444
2023/1/26