بازرگانی كردن بەدین مەرج و هۆكارو دەرەنجامەكانی
دیاردەی بازرگانی كردن بە ئایین دیاردەیەكی نا ئیسلامی و ناڕەوشتی كۆنەو یەكێكە لە پڕ قازانجترین جۆرەكانی بازرگانی ئەگەر لە ڕووی مادی پەتییەوە تەماشای بكەیت، چونكە بە شێوەیەكی گشتی ئەم بازرگانییە كەسانێك توانای ئەنجامدانیان هەیە كە زانستی شەرعییان پێیە و زانستەكەشیان بۆ تیكدانی هەندێك لە چەمكەكانی عەقیدە بەكار دەهێنن و هەمیشە لایەنی دووەمی ئەو بازرگانییەش كەس وكەسایەتییەك، یان لایەن و دەوڵەتێكە كە پێویستی بەو زانا و خاوەن پێگە ئایینییانە هەیە و بۆ مەبەستی لێدانی ئیسلام، یان ناشیرینكردنی، یان ئازاردانی ئەهلەكەی كەڵكیان لێ وەردەگرن.
دین فرۆشتن لەڕوانگەی دینەوە تاوانێكی گەورەوقێزەونە، خەڵكانێكی كەم توانای ئەو دابەزینەیان هەیە و بڕیار ئەدەن پێی هەڵسن، الله تعالی لە قورئاندا فەرموویەتی: ( إِنَّ الَّذِينَ يَشْتَرُونَ بِعَهْدِ اللَّهِ وَأَيْمَانِهِمْ ثَمَنًا قَلِيلًا) آل عمران: 77. ئەم ئایەتە باسی تیجارەت كردن دەكات بەدین و سوود وەركرتن و پارە پەیدا كردن بە دینەوە و ئەو كارەش شەرمەزار دەكات، بۆیە هەر بەدوایدا دەفەرموێت: ( أُولَئِكَ لَا خَلَاقَ لَهُمْ فِي الْآخِرَةِ وَلَا يُكَلِّمُهُمُ اللَّهُ وَلَا يَنْظُرُ إِلَيْهِمْ يَوْمَ الْقِيَامَةِ وَلَا يُزَكِّيهِمْ وَلَهُمْ عَذَابٌ أَلِيمٌ).
بەڵام هەمیشە خەڵكانێكی زۆر لە جاهیل و ناشارەزا لە ئیسلام بەوانە كاریگەر دەین و بازرگانییەكەی ئەو جۆرە كەس و كەسایەتییانە وێڕای ئەوەی بە سوودی مادی باشی خۆیان و هەوادارانیان تەاوو دەبێت، هاوكات دەبێتە جۆرێك لە تێكدانی چەمكەكان و دەبێتە خۆڵ لەچاوكردن بۆ كەسانێكی زۆر كە بە كرداری ئەو كەسانە فریو دەخۆن و وا دەزانن كارەكەیان دینفرۆشتن نییە و بەڵكو خزمەتە بۆ ئیسلام.
دینفرۆشتن سەرەڕای ئەوەی پێچەوانەی دڵسۆزی و ڕاستگۆییە لەگەڵ دیندا، كارێكی ناشیرین و مەحكوم كراوە لە دنیا و دواڕۆژدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كارێكی ئاسانیش نییە و بەهەموو كەسێك ناكرێت، زۆركەس هەیە خۆیشیان ودینیشیان هەرزانفرۆش دەكەن كەچی هیچ نرخێكیان پێ نادرێت، بۆیە دەبینین ئەوانەی دینفرۆشن زۆر جار دەبێت كۆمەڵە خەسڵەت و ئاكار و توانایەكیان تێدا بێت، ئەگینا دین و دونیایان پێكەوە لە دەست دەدەن، لەو مەرجانە:
1- دەبێت پێش هەموو شتێك كەسی دینفرۆش (علیم اللسان) و قسەزان و ورد بێت، توانای سەرلێتێكدانی خەڵكی هەبێت، لە ڕێگەی ملباهەڵدانی دەقەكان و گۆڕینی واتاو ئاراستەكانیانەوە بتوانێت حەق بكاتە باتڵ و باتلیش بكات بە حەق! پێویستە بتوانێت دیندارە ڕاستەقینەكان وەكو خەڵكانێكی ئاژاوەگێڕ وێنا بكات و ناووناتۆرەیان بۆ دیاری بكات، پێویستە لە پێنا سەرگرتنی بازرگانییەكەی و دەستەبەر كردنی قازانجی زۆر پێویستە ئەهلی باتڵ و نەیارانی ئیسلام بەخەڵكی باش و خواناس وێنا بكات كە لەناو بازنەی ڕەزامەندی الله تعالی ن ودینەكەیان هیچ گەردێكی لەسەر نییە، كە ئەو كارەش بە هەموو كەسێك ناكرێت.
2- دەبێت شارەزاییەكی باشی لە واتای دەقەكاندا هەبێت و لەقسەو مەزهەبی زانایان و لە مێژووی تاقمە لادەرەكان و لە زمانی عەرەبی شارەزایی باشی هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانیت لە ئەركەكەیدا سەركەوتوو بێت و بتوانێت لەڕێگەی ئەو بازرگانییەوە ئەو ئامانجانەی دیاری كردووە بیانپێكێت.
3- خاڵێكی تری یارمەتیدەر بۆ ئەوەی دینفرۆش لە بازرگانییەكەیدا بەدینەكەی سەركەوتوو بێت ئەوەیە، سیما و باڵاو لەشولارو ڕواڵەتێكی پەسەندی هەبێت، ئەم مەرجەش ئەگەرچی مەرجێكی زۆر زۆر گرنگ نییە وهەندێ جار دینفرۆشتن و بازرگانی پێوەكردنی بەبێ ئەوەش هەر دەكرێت، بەلام هەبوونی ئەو سیفەت و خەسڵەتانە خێراتر ئیشەكەی بەرەو پێش دەبات.
4- هەروەها فراوانی بازنەی پەیوەندی كۆمەڵایەتی و هەبوونی هەوادار و شاگرد و شوێنكەوتووی چاونووقاو كە بیر ناكەنەوە، جگە لەوەش ناسینی دەوڵەمەند و بازرگان و ساسەتمەدار و خەڵكی دیار لەو وڵاتەی كە بازرگانی بەدینەكەیەوە دەكات، هەموو ئەوانە خاڵی ئاسانكارییە بۆ چاكتر بەئەنجام گەیشتنی پرۆسەی بازرگانیكردنەكە.
5- پێویستە ئەو كەسەی بازرگانی بەدینەوە دەكات، خاوەن پێگە بێت و لەڕووی كۆمەڵایەتی و جەماوەرییەوە خەڵكانێك لەسەر تێگەیشتن وڕێڕەوی ئەو بن و ناوبانگێكی وای هەبێت كە ببێتە مایەی ئەوەی خواست لەسەر هەڵوێست و فەتواو تێكدادەنەكانی بن بۆ چەمكەكانی ئایین و بەتایبەتی بیروباوەڕ وتەوحید و ولاء وبراء وهەندێ بابەتەكانی تەوحید الألوهیة.
6- نابێت كەسی دینفرۆش بە تەواوی دینەكەی بفرۆشێت و بازرگانی بكات! ئەگینا هەر زوو لەلای هەموان دەردەكەوێت، بەڵكو پێویستە تەنها بەبەشێكی دینەكەی بازرگانی بكات، بەتایبەتی ئەو بەشانەی كە كڕیاری هەیە و كەسی دینفرش پێگەی خۆی پێی بەرز دەكاتەوە، ئەوەش زۆر جار بەو فەتوایانەی بەدڵی دەسەڵاتدارانە لە هەندێ بوارەكانی عەقیدەدا ئەو كەسانە دەتوانن لێزانانە سەفقەی بازرگانییەكەیان سەركەوتوو بێت و ئامانجەكانی بپێكێت، بەڵام لە بوار و لایەنەكانی تری دینەكەیدا دەبێت ڕێك و پێك و ئاسایی بێت، دەبێت وابەستەیی و دڵسۆزی و ڕاستگۆیی وزانستی شەرعی پێوە دیار بێت، ئەگینا بازرگانێكی لاواز وفاشیل دەبێت.
5- لە ڕاستیدا بازرگانیكردن بەدین بۆ ئەوەی بازرگانییەكی بەرهەدار وسەركەوتوو بێت، پێویستی بە هەبوونی زۆر مەرجی تر هەیە، بەڵام من لێرەدا تەنها باسی مرجێكی تریان دەكەم كە ئەویش بێ شەرمییە! ئەو كەسەی ئامادە بێت دینەكەی بفرۆشێت و بەدلی نەیارانی دینەكەی قسە بكات و فەتوا بدات، پێویستی بەڕوویەكی قایم هەیە، یەكەم نابێت شەرم لە پەروەردگاری بكات و ئاسایی بێت بەلایەوە درۆ بەدەم قورئانەكەی بكات و ملی دەقەكان بەو شێوەی كە بۆی باشە باهەڵبدات بۆ ئەوەی مەعنای ئایەتەكان بەو شێوەی كە داواكراوەلێی مسۆگەر بكات.
هەروەها نابێت شەرم لە موسوڵمانانیش بكات كە زۆربەیان بەحاڵی دەزانن و دەبێت ئەو خۆی وا دەربخات خەریكی هیچ شتێك نییە مایەی شەرمەزاری بێت نە بۆ دونیاو نەبۆ دواڕۆژیشی كارەكەی نەنگی تێدا نییە و پێویستە هەوڵی قایل كردنی هەواداران و موریدانی خۆی بدات بەو شێواندنەی كە لە بەشێك لە بڕگەكانی عەقیدە و تەوحیددا دەیكات، .
لە ڕاستیدا هەبوونی كەمترین شەرم لەلای كەسی دینفرۆش، بازرگانییەكەی كەساس دكات و تووشی زیانی سەد لەسەدی دەكات، چونكە شەرم و بازرگانیكردنیان بەدین نەوتووە.
هۆكارەكانی دینفرۆشتن زۆرن و بەپێی كەسەكان كە ئامادەن دین بفرۆشن و بازرگانی پێوە بكەن دەگۆڕێت، لەوانە:
1- هەندێك لەوانە هەر لەسەرەتاوە ئیش بۆ ئەو ئامانجە دەكەن، واتە كەسی دینفرۆش هەر لە سەرەتاوە خۆی شارەزا و مەشهور دەكات و لە ڕاگەیاندنەكاندا دەردەكەوێت، بەڵكو هەندێ كاری چاكەو خێرخوازی و بڵاوكردنەوەی زانست ئەنجام ئەدات بۆ ئەو ڕۆژە دەیكات كە خەوی پێوە دەبینێت و بگاتە مەرامی خۆی و هیوا و ئاواتەكانی لەڕێگەی بازرگانیكردن بە دینەكەی بەدەست بهێنێت.
2- جۆرێكی تریان هەیە، سەرەتایەكی باش و پاكیان هەیە، بۆ نموونە خەریكی زانستە شەرعییەكانە، یان ئەوەی پێی كراوە لە كۆشش كردن لە پێناو دینەكەیدا كردوویەتی، بەڵام ئیتر بە هۆی نەفسی خۆی بێت یان شەیتان بێت، دواتر لە كاتی ڕێكردن و كاركردندا لە كاروانی بانگەواز و ئیسلامیدا، شكست دەهێنێت و دەست دەداتە بازرگانیكردن بە دین، ئەم جۆرە شكست هێنان وهەرەسەش بۆ خۆی دوو هۆكاری هەیە:
– یان لە رێگەی تەماحەوە ، چی تەماحێكی گەورە بێت كە لە حاڵێكەوە بۆ حاڵێكی تر بیگۆرێت، یان تەماحێكی بچووكتر وەكو مووچەیەكی چەور كە بەبەردەوامی وەریبگرێت و شتی لەو شێوە، تەنانەت جۆرێك لە دینفرۆشان ڕەنگە ئەوەندە نرخی هەرزان بیت بە دەعوەتێكی چەور یان ڕۆیشتنی چێشتخانەیەك گرێبەستی فرۆشتنەكە ئیمزا بكات.
– هەندێ جاریش لە ڕێگەی ترسەوە ناچار دەكرێت دینەكەی بفرۆشێت جا لەبەر ئەوەی بەرگەی ئەو ناڕەحەتی و هەرەشەیە ناگرێت، بۆیە ناچار دەبێت ملبدات وئاراستەی كاركردنەكەی بگۆڕێت.
3- هۆكارێكی تر گومڕابوون وسەرگەردانی خودی دینفرۆشەكەیە، چەمكەكانی دینی لەلا ڕوون نییە و تێكەڵ بەیەكتر بوونە و سنوورەكانی حەق و ناحەقی لەلا دەگۆرێت وئاوێتەی یەكتر دەبن، واتە قەناعەتووكی بۆ درووست دەبێت ئەوەی ئەو دەیكات بازرگانییە نییە بەدین، بەڵكو دیندارییەو كارەكەی هیچ عەیبێكی نییە، با خەڵكیش بۆ خۆیان هەر قسە بكەن.
4- هەندێ جاریش هۆكارەكەی نیفاقێكی پەتییە و ئەو رێڕەوەش كە نیشانی دەدات لە وابەستە بوون بە ئیسلام ، یان وەكو دیندارێك دەردەكەوێت ڕاست نییە و لە بنچینەدا باوەڕی بەهیچ لەوەی بانگەشەی بۆ دەكات نییە و تەنها وەكو هۆكارێك بۆ دەوڵەمەند بوون و بەدەست هێنانی پێگەو پلەو پایە بەكاریبردووە، ئەم جۆرەشیان هەموان بە حاڵی دەزانن و خۆیشی دەزانێت كە ئەوان دەزانن ئەو دینفرۆشە.
5- لادان لە عەقیدەی ئەهلی سوننەت و جەماعەت و لەدەستدانی بیروباوەڕی وەلائو بەرائو زۆر تێكەڵ بوون لەگەڵ نەیارانی ئیسلام بە بەهانەی جۆراو جۆر و كەوتنە ژێر كاریگەری شەقام و خەڵك و سیاسەتمەداران و ڕووگیری لەبەرانبەر دەسەڵاتداران و لاوازی كەسایەتی ئیسلامی و كەمی زانستی شەرعی و ڕاڕابوون و ناجێگیری مەنهەجی و زۆر هۆكاری تر بۆی هەیە ببێتە مایەی بازرگانیكردن بەدین.
6- هەندێ جاریش وەكو ڕێگەیەك بۆ خۆپاراستن و درووست كردنی قەڵغانێك بۆ كەسی دینفرۆش ئەو بازرگانییە ئەنجام ئەدرێت، چونكە بەهۆی لادانی لە بنەماو بنچینە سەرەكییەكانی دینەكەی هەمیشە لە دڵەراوكێ و شڵەژانی دەروونیدایە و بەو نرخ و بەرانبەرە مادی و مەعنەوییانەی كە لە بری دینفرۆشتنەكەیدا دەستی دەكەوێت هەست بە ئاسودەیی و ئەمانێكی كاتی دەكات.
دەرەنجامی دینفرۆشتن و بازرگانیكردن بە دینەوە دەرەنجامێكی زۆر خراپەو ڕوو زەردی دونیا و دواڕۆژی بەدواوەیە، یەكەم جار لەلای الله تعالی هیچ پێگەو ڕێزیكی نامێنیت، چونكە الله تعالی زۆر ڕقی لەوانەیە كە بەدینەكەیانەوە نان دەخۆن و بازرگانی پێوە دەكەن، وەكو لە قورئانی پیرۆزدا فەرموویەتی: ( وَإِذْ أَخَذَ اللَّهُ مِيثَاقَ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ لَتُبَيِّنُنَّهُ لِلنَّاسِ وَلَا تَكْتُمُونَهُ فَنَبَذُوهُ وَرَاءَ ظُهُورِهِمْ وَاشْتَرَوْا بِهِ ثَمَنًا قَلِيلًا فَبِئْسَ مَا يَشْتَرُونَ) آل عمران:187.
كەسی دینفرۆش و بازرگانیكار بە دینەكەی ناتوانێت بەبەردەوامی وەكو دیندار دەربكەوێت، سوننەتی الله تعالی لە بوونەوەردا وا نییە بتوانێت بەردەوامی خەڵكی فریوبدات، دەبێت ڕووە ڕاستەقینەكەی دەربكەوێت و ببێتە پەندو عیبرەتێك و مێژوویەكی ڕەشیش بۆ نەوكانی خۆی و دینفرۆشەكانی هاوشێوەی خۆی .
ئینجا ئەو جۆرە كەسانە ئەگەرچی عەوامی خەڵكی و موریدانی خۆیان پێیان هەڵدەخەڵەتێن و پێیان سەرسامن، بەڵام ئەوانەی كە الله تعالی بەسیرەتی پێ بەخشیون و لەواتا ڕوون و جوانەكانی كیتاب و سوننەت تێدەگەن بە ئاسانی دەتوانن لە حەقیقەتی ئەوانە تێببگەن و لەوە دڵنیان كە فەرموودەكەی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم لە صحیح الجامع دا مەبەستی ئەو بازرگانانەیە كە فەرموویەتی: (سيأتي على الناس سنوات خدَّاعات؛ يُصدَّق فيها الكاذب، ويُكذَّب فيها الصادق، ويُؤتَمَن فيها الخائن، ويُخوَّن فيها الأمين، وينطق فيها الرويبضة، قيل: وما الرويبضة؟ قال: الرجل التافه يتكلم في أمر العامة) ئەو ڕۆژگارە هاتووە كە درۆزن تێیدا جێگای متمانەو باوەرەو ڕاستگۆیش تێیدا نەك هەر باوەڕی پی ناكرێت، بەڵكو ژیانی لێ ناخۆش و سەغڵەت دەكرێت و ئەوانەی كە بازاڕیان گەڕمەو ڕوویان تێدەكرێت وقسەیان وەردەگیرێت ولەسەرووی كۆڕو مەجلیسەكانەوە دادەنیشن، كەسە هیچ و پوچەكانن كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم بە (رویبضة) ناوی بردوون.
لە كۆتاییشدا دەڵێم: ئەوانەی كە دین دەفرۆشن وبازرگانی پێوە دەكەن، هەرچەندیان لە پارەو سەیارەو مووچە و پلەوپایە دەست بكەوێت هەر لە زیانێكی گەورەو لە خەسارۆمەندیدان، ڕێگای شەرمەزارییان بۆ خۆیان هەڵبژاردووە و لەچاندن دڕك نابێت چاوەڕێی بەرهەمی گوڵ بن.
لەبەرانبەریشدا خەڵكانێكی زۆر و زانای پایەدار و خاوەن غیرەت و خاوەن كەسایەتی ئیسلامی بەهێز هەن، ئەوانیش خەریكی بازرگانین، بەلام بازرگانییەكەی ئەوان زۆر جیاوازە لەگەل بازرگانی دینفرۆشەكاندا، بازرگانییەكەی ئەوان ئەگەر لەدونیادا هەژاری و ئەشكەنجەو ئازاریشی لێ بكەوێتەوە، ئەگەر كەسیش ئاوریان لێ نەداتەوەو بەغەریبی ئەم دونیا بەڕێبكەن و لەبیری سەرگورەو ئاغاكانی ئەواندا نەبن، هەر ئەوان سەرفراز و سەركەوتوون، الله تعالی فەرموویەتی: ( إِنَّ الَّذِينَ يَتْلُونَ كِتَابَ اللَّهِ وَأَقَامُوا الصَّلَاةَ وَأَنفَقُوا مِمَّا رَزَقْنَاهُمْ سِرًّا وَعَلَانِيَةً يَرْجُونَ تِجَارَةً لَّن تَبُورَ) الفاطر:29.
إحسان برهان الدین
22 رجب 1444
2023-2-13