الأحد , مايو 28 2023
سه‌ره‌تا / وتاری نوسراو / داهێنان لە پێناسەی عاقڵیدا !

داهێنان لە پێناسەی عاقڵیدا !

 

داهێنان لە پێناسەی عاقڵیدا !

ئەگەر چی مەرج و نیشانەكانی عاقڵی لە دێر زەمانەوە دیارەو وەكو ڕۆژی ڕوناك وەدی دەكرێت، بەڵام لە ئێستادا پێناسەی عاقڵی گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووەو بووەتە هاوتاو هاوواتای خۆگونجاندن و شەن کردن لەو لایەی کە ئاراستەی با لەبارە. دەوترێت فڵانەکەس عاقڵە، واتە بۆ بەرژەوەندی خۆی چاکی لێ ئەزانێت.

ئینجا لەبەر ئەوەی لە دانانی ئەو پێناسەیەدا بۆ عاقڵی، بەرژەوەندی وسوودمەند بوونی شەخسی کراوەتە پێوەری سەرەکی، بۆیە بەداخەوە لە ئێستادا عاقڵی وەکو بێ عەقڵی لێهاتووە.

خۆی بنەماکانی (لە کوێوە بۆت هەڵکەوت لێدەو بخۆ)، یان (بەهەر ڕێگایەک بێت خۆت لە دەسەڵاتدارتن و دەوڵەمەندەكان نزیککەرەوە بۆ ئەوەی بۆ خۆت سوودمەند بیت) یان (لە بەکار هێنانی درۆ بۆ کەمترین بەرژەوەندی خۆت دوو دڵ مەبە) و دەیان بنەمای هاوشێوەی تر، لەلای ئەوانەی ئیعتیبارێک بۆ دین وئاكارە جوانەكان دانانێن بەڵگەی ژیرییەو باوە و هیچ گەردێکی لەسەر نییە، كابرا عاقڵە و جێگای خۆی خۆش دەكات!

بۆ نموونە کەسێک لیبرالیە، عەلمانییە، یان هەر ڕێچکەو ڕێبازێکی گرتووتەبەر و پابەندی شەریعەت نییە، لەڕاستیدا ئەگەر بەو شێوەی باسمان لە عاقڵی تێنەگات یەعنی عاقڵ نییە، ئەگەر وا نەبێت هاوڕێ وهاوڕێبازەکانی بە کەسێکی گێل تەماشای ئەکەن!

جا کارەساتەکە لەوەدایە ئەو پێناسەی عاقڵی ودرۆکردنی مەسڵەحەت و دووڕوویی ونیفاقی کۆمەڵایەتی لەو چینەی ئاماژەمان پێکرد دەرچووە و ئێستا بە زەقی لە بەشێکی ئەوانەشدا کە بانگەشەی دینداری دەکەن وبگرە وا وێنای خۆیان دەکەن ڕێنوێنی خەڵکیش بۆ ئاکاری جوان ودینداری دەکەن، ئەوانیش كەوتونەتە ژێر كاریگەری ئەو پێناسە نامۆیەی عاقڵی و ژیرانە خەریکی خۆ گونجاندن وسوودمەند بوون وخەڵک ڕازی کردن ونیفاقی کۆمەڵایەتین. بەرگریش لەو عاقڵییەی خۆیان دەکەن و دەڵێن ئێمە ئیشمان لەسەر ئەو خەڵکەیە و پێویستە دڵیان ڕاگرین وڕازییان بکەین. (ئەو خەڵكە بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن هیزێكی تۆكمە و گەنجینەیەكی بە نرخن، هەموو كەس و لایەن و دەسەڵاتێك سوود لە هیز و بایەخەكەیان ئەبینێت خۆیان نەبێت خێر لە خۆیان نابینن!)

من لەوە تێدەگەم ئەگەر کەسایەتییەکی خاوەن پێگەو قسە بیستراو، یان بانگخوازێک مەبەستی بێت جەماوەرەکەی لە دەست نەدات، بەشێک لەو عاقڵی وژیرییە لە خۆیدا درووست بکات، چونكە بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە ئەوەی دەوێت و ئیتر زەمانەكەش ئەوە دەخوازێت!

لەوە تێدەگەم لەم ڕۆژگارە نامۆیەی خۆماندا بۆ نموونە وتارخوێن وپێشنوێژێک لە نێوان دوو بژاردەی سەخت و دژواردایە، یان ئیسلام وەكو خۆی بەیان بكات بە بێ گوێدان بەوەی چی لێ داوادەكرێت و دەسەڵات و شەقام و تەنانەت خەڵكی مزگەوتەكەش چییان دەوێت و بەچی ڕازی دەبن! ئەوەش ڕێگایەكی پڕ لە درك وداڵە وكەمن ئەوانەی بەرگەی دەگرن، یان ئەوەیە ئەویش وەكو زۆرینە بچێتە سەر پێناسە نوێكەی ژیری و مامۆستایەكی بۆ خۆی عاقڵی لێ دەربچێت و هەموان ڕازی بكات. نرخەكەشی ئەوەیە حەق وناحەق تێكەڵ بكات و بەهەندێ سیاسەت وعاقڵی و لە پێناو ئەوەی كاریگەر بێت وڕۆڵی بەرچاو ببینێت ڕەچاوی ئەو پێناسە بكات بۆ ژیری.

بەڵام ئایا ئەگەر مەسەلەكە بە تەرازووی شەرع بكێشین ئەوە عاقڵییە یان سەرگەردانی ڕەزامەندی خەڵكی و دەسەڵاتداران بە تورەیی پەروەردگار ڕەزامەندی خەڵکی بکەیت لەسەر حیسابی توڕە کردنی پەروەردگار بكڕیت، بەڕاستی بازرگانییەكی پڕ لە زیانە؟

فإن كنت لا تدري فتلك مصيبة……..وإن كنت تدري فالمصيبة أعظم

ئەگەر عاقڵی ئەوە بێت کە لە ئێستادا لە كۆمەڵگای خۆماندا زۆرێك ڕەچاوی ئەكەن و باوەڕیان پێیەتی، كەواتە بێ عەقڵی سەلامەتی دین و كەسایەتییە و پێگەیەکی بەڕیز وبە حورمەتیشە.

 

 

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *