با ناوی مناڵەكانمان موسوڵمانانە بێت
لە گەرمەی لێشاوی كاریگەرییە خراپەكانی عەولەمە و بریق وباقی شارستانی مادی ڕۆژئاوادا، خەڵكی سەوابتی دینەكەیان خەریكە لەبیر دەكەن و بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن، كەوتوونەتە ژێر كاریگەری عەلمانیەت و عەولەمە و ڕاگەیاندنی نەیارەكانی دینەكەیان، دەرهاوێشتەكانی جیهانگیری لەبرەودایە بەرەو تێكدانی فیترەتی خەڵكی، یەكێكیش لە دیاردەكانی ئەو تێكچوون و شێوانەش ئەوەیە، موسوڵمانان لە جیاتی ئەوەی ناوی پێغەمبەران وهاوەڵان و ناوی جوانی ناو قورئان و شارستانی ئیسلامی لە منالەكانیان بنەن، بە هەموو لایەكدا وێڵن بەدوای ناوی نامۆ و سەیر و سەمەرە بۆ مناڵەكانیان.
نامۆیی و نوێی بوونی ناو بووەتە خولیا وخواستی دایكان و باوكان و بەو شیوە دەیانەویت خۆشەویستی خۆیان بۆ جگەر گۆشەكانیان بسەلمێنین، گرنگ ئەوەیە بەلایانەوە ناوەكە نامۆ و سەرنج راكێش بێت و زەنگ
وئاوازیی وشەكە خۆش بێت و لەوەش گرنگتر ئەوەیە كەم كەس ئەو ناوەی لێنرابێت، ئیتر ناوەكە بەهەر زمانێك بێت و مەعنای هەرچییەك بێت كێشەیان نییە، لە ڕاستیشدا ئەوەش ستەمێكە لە مناڵەكەیان دەیكەن و دووركەوتنەوەیەكی دەروونی و واتاییە لەگەڵ دینەكەەیان ئەنجامی ئەدەن.
ناونانی مناڵ بە ناوی پێغەمبەران علیهم السلام و هاوەڵان الله لێیان ڕازی بێت و بە ناوی جوان و واتا ڕوون نیشانەی چاكەی تۆیە لەگەل مناڵەكەتدا و وابەستە بوونی خۆیشتە بە ئاكارە بەرز و ڕەوشتە جوانەكانی دینەكەت.
بەداخەوە ئێستە خەڵكی نەك هەر ناوی ئیسلامی لە مناڵەكانیان نانەن بە بیانووی ئەوەی ئەوانە ناوی عەرەبین! بەڵكو ناوە كوردییەكانیش كە واتای جوانیان هەیە، بە دەردی پیتە كوردییەكان براوە و چۆن لەوێ لاتینی خەریكە جێگەی دەگرێتەوە، لێرەش بێ تامترین و ناشیرینترین ناوەكان خەریكە جێگای ئەو ناوە جوان و پر لە واتایانە دەگرێتەوە.
هەرگیز گومان نەبەن ناوەكانی عبد الله وعبدالرحمن ومحمد وأحمد ومصطفی وومحمود إبراهیم و موسی و عیسی و أبو بكر و عمر وعثمان وعلي و خدیجە، و عائشة وفاطمة وحفصة و أسماء و سمیة و سەودە وسۆیبە و زۆر ناوی تریش لەو جۆرە كۆن دەین یان وا بزانیت ناوی سەردەمیانە نین، یان بەوە فریوت بدەن گوایە ئەوانە ناوی عەرەبین و بۆ ئێمە ناگۆنجین لەبەر ئەوەی ئێمە كوردین، ڕاستە ئێمە كوردین، بەڵام هەمیشە دەبێت ئەوەت بیر نەچێت كە تۆ سەرەتا موسوڵمانیت ئەوجا كوردیت یان عەرەب و فارس و تورك و ئینگلیزیت، پیویستە ئیعتیباری ئیسلامی بخرێتە پێش هەموو ئیعتیبارێكی تر ، ئەو ناوانەو سەدان ناوی هاوشێوەی تر، ناوی جوان وموسوڵمانانەن ،هەزار جار لەو ناوە بیانی و نامۆ و سەیروسەمەرانە باشترو شیاوترە بۆ مناڵەكانتان..
ئەمە سەرەمی غەریبی ئیسلامە و یەكێك لە ڕێگەكانی سەلماندنی خۆشەویستی وغیرەت ودڵسۆزیت بۆ دینەكەت ئەوەیە ناوی مناڵت بەناوی ئایینی وقورئانی و بە ناوی پێغەمبەران و هاوەڵان و زانایان و پیاوچاكانەوە بنەیت، ناو لە ژیانی مرۆڤدا بایەخی زۆری هەیە،
هیستریای لاساییكردنەوە كە لە ناو كورددا تەشەنەی كردووە، زەنگێكی مەترسیدارە و ڕێخۆشكەرە بۆ سڕینەوەی شوناسی ئیسلامی بە شێوەیەكی كۆتایی. هەزاران كەس مەعنای ناوی مناڵەكانیان هەر نازانن چییە، هۆكاری ناونانیش لەلایان لە دوای نامۆبوون، ئاوازو زەنگی ناوەكەیە كە بەلایانەوە خۆش بووە، یان لەسەر قسەیەكی بێ بەڵگەی زانستی، گوایە مەعنای گوڵێك جوان و بۆنخۆشە لە فڵانە چیا، و مەعنای ئەمەیە و ئەوەیە، بێ ئەوەی لە هیچ فەرهەنگ و كتێبێكی متمانە پێكراودا بەڵگەیەك لەسەر واتای ئەو ناوە هاتبێت.
موسوڵمانان پێویستە بگەڕێنەوە بۆ ڕێگای شانازی كردن بە دینەكەیان وناوی ئیسلامی و بەپەلەی یەكەم و ناوی كوردی جوان و پڕ لوتای بەڕێز لە مناڵەكانتان بنەن، ئەبێت ڕێگە نەدەن ئەو خۆلەیان لەچاو بكرێت كە دەوترێت ئەوە ناوی عەرەبییە، با عەرەبی بێت، ئێمە لەبەر دینەكەمان ئەو ناوەانەمان قبوڵە و شانازیان پیوە دەكەن و هیچ پەیوەندییەكی بەعەرەبەوە نییە وەكو نەتەوەیەك، ئیسلام نەبوایە كەس هەر نەیدەزانی عەرەب هەن یان نین، ئەو ناوانە بەتایبەتی ناوی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم و هاوەڵانی الله لێیان ڕازی بیت، تەعبیر لە سەرانی ئێمە دەكەن و دەبێت یەكێك لە ڕێگەكانی دەربڕینی خۆشەویستیمان بۆیان ناونانی مناڵەكانمان بیت بەناوی ئەوانەوە.
إحسان برهان الدین
13 ربيع الأول 1444