السبت , مايو 27 2023
سه‌ره‌تا / وتاری نوسراو / لە نووسین و قسەدا وشەی عەرەبی بەكار بهێنن!

لە نووسین و قسەدا وشەی عەرەبی بەكار بهێنن!

 

لە نووسین و قسەدا وشەی عەرەبی بەكار بهێنن!

وەكو چۆن وشەی بیانی ڕۆژ لە ڕۆژ لەناو زمانی كوردیدا لە زیادبووندایە ولەلای هەندێك بووەتە بیانوویەك بۆ پۆزلێدان و خۆدەرخستن، حەقی خۆیەتی موسوڵمانان وێڕای ڕەتكردنەوەی ئەو وشە ودەربڕینانە، لە نووسین و لە قسەكردندا وشەو زاراوەی عەرەبی بەكار بهێنن، چونكە زمانی عەرەبی بە هەموو ئیعتیبارێك وچۆنی لێكیبدەیتەوە، لە زمانی ئینگلیزی ولە هەموو زمانێكی سەرزەوی دەوڵەمەندتر و گرنگتر و جوانتر و لە دەربڕیندا بەتواناترە، جگە لەو توانا بێ سنورانەشی، زمانی قورئان و سوننەت و زانستە شەرعییەكانە وكلیلی تێگەیشتنی ئیسلامیشە.

زۆر ئاساییە و بگرە پێویستیشە لەناو نووسین و قسەكانماندا وشە و زاراوەی زمانی شیرینی عەرەبی بەكاربهێنین ومەسەلەكە نەبەینە قاڵبێكی سیاسی و نەتەوەییەوە، چونكە ئێمە موسوڵمانین و هیچ نەبێت بەشێك لە زمانی عەرەبیش واجبە لەسەرمان فێری ببین.

ئەو زمانە بیانیانەی خەڵكانێك خۆیانی پێوە ئەنوێنن و بەهۆی زانینی لە خۆیان دەرچوونە، لە هیچ ڕوویەكەوە بە یەك لەسەر هەزاری زمانی عەرەبیدا ناگەن، بەڵام بەداخەوە، دواكەوتنی موسوڵمانان لە ڕووی شارستانی و هەروەها بە هۆی حوكمڕانانی ئەو دەوڵەتانەی بە جیهانی ئیسلامی دەناسرین تێكڕایان یان بە كرێگرتە و سەر بە ڕۆژئای خاچپەرستن كە چاك لە مەترسی فێربوونی موسوڵمانان بۆ زمانی عەرەبی تیگەیشتوون، یان بە شێوەیەك لە شێوەكان ناتوانن لە ژێر دەسەڵات و هەژموونی ئەوان دەربچن، بۆیە ڕۆژ لە ڕۆژ پیلانەكان دژ بە زمانی عەرەبی لە سایەی جەهلی موسوڵماناندا بە دینەكەیان سەر دەگرێت.

ئەو واقیعە سیاسی و بێ ئاگابوونەی موسوڵمانان لە دینەكەیان، ئەم واقیعەی درووست كردووە و دەرەنجام زمانی عەرەبی گۆشەگیر كراوە و ناهێڵرێت ڕۆڵی خۆی لە دین و دونیای موسوڵماناندا ببینێت.

هۆكاری یەكەم بۆ دژایەتی كردنی زمانی عەرەبی ئەوەیە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لەوە دڵنیا بوونە كە چەند دژایەتی زمانی عەرەبی بكرێت و ڕۆڵ وكاریگەری لە ژیانی موسوڵماناندا ی كەم بكرێتەوە، ئەوەندە موسوڵمانان بە گشتی و نەوەی تازە پێگەیشتوو و گەنجان بەتایبەتی لە ئیسلام دوور دەكەونەوەو لە قورئان وسوننەت و زانستە شەرعییەكان ناشارەزا و بی ئاگا دەبن.

مەخابن، ئەوانەی دەرك بەم كارەساتە دەكەن كەمن وكەس دەنگیان نابیسێت.

 

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *