الثلاثاء , سبتمبر 26 2023
سه‌ره‌تا / وتاری نوسراو / ئافرەتان / حوكمی ئامادەبوونی ئافرەتان بۆ نوێژی جەماعەت

حوكمی ئامادەبوونی ئافرەتان بۆ نوێژی جەماعەت

 

#چل_پەیام_بۆئافرەتان: 34

حوكمی ئامادەبوونی ئافرەتان بۆ نوێژی جەماعەت

بە كۆمەڵێك مەرج و ڕێوشوێن، ئافرەتان لە ڕووی شەرعەوە ڕێگەیان پێدراوە بچنە نوێژی جەماعەت لە مزگەوت، لەوانە ئەو فەرموودەی كە لە سەحیحی مسلم دا هاتوە: ( إِذَا اسْتَأْذَنَكُمْ نِسَاؤُكُمْ إِلَى الْمَسَاجِدِ فَأْذَنُوا لَهُنَّ ) واتە ئەگەر ئافرەتەكانتان داوای مۆڵەتیان لێ كردن بۆ ڕۆیشتن بۆ مزگەوت ڕێگەیان پێ بدەن و فەرموودەی تریش هاتووە لەو بارەوە.

ئافرەتانی هاوەڵان الله لێیان ڕازی بێت، كە ئامادەی نوێژی بەیانی دەبوون، دەموچاویان دەشاردەوەو كەس ئەوانی نەدەناسی، واتە بە حیجابێكی شەرعی تەواو و بەبێ بەكارهێنانی بۆن و كۆمەڵێك ڕێوشوێن و احتیاطات ی تریان دەكرد ئەوجا دەڕۆیشتن، لەگەڵ ئەوەشدا پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی نوێژی ئافرەتان لە ماڵی خۆیان لە مزگەوت باشترە و خێری زۆرترە.

كاتێك أم حميد ی هاوسەری أبي حميد الساعدي هاتە خزمەتی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم و وتی یا رسول الله پێم خۆشە لەگەڵ تۆ لە مزگەوتەكەت نوێژ بكەم، پێی فەرموو من دەزانم تۆ حەز دەكەیت لەوێ نوێژ بكەیتدەتوانیت وا بكەیت، بەڵام نوێژەكەت لە ماڵی خۆت باشترە و خێری زۆرترە، ئیتر ئەویش جێگایەكی لە ئەوپەڕی ماڵەكەیانەوە و تاریكترین شوێنەوە درووست كرد و لەوێ نوێژی دەرد. رواه أحمد ( 26550 ) . وصححه ابن خزيمة في ” صحيحه ” ( 3 / 95 ) وابن حبان ( 5 / 595 ) ، والألباني في ” صحيح الترغيب والترهيب ” ( 1 / 135 ) .

دایكمان عائیشە الله لێی ڕازی بێت وەكو لە صحیح البخاري (1/ 173)داهاتووە دەیفەرموو: ئەگەر پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ئەوەی بینیبا كە ئافرەتان ئێستا دایان هێناوە ڕۆیشتنی مزگەوتی لێ قەدەغە دەكردن وەكو چۆن چوونە مزگەوت لە ئافرەتانی بەنی ئیسرائیل قەدەغە كرا.

جا ئەگەر عائیشە الله لێی ڕازی بێت لەو سەردەمە وایفەرمووبێت ئێمە ئێ{تا بڵێین چی؟ بە هەر حاڵ و بە كورتی ئافرەت ئەگەر مەرجە شەرعییەكانی لە خۆیدا درووست كرد دەتوانێت بچێتە مزگەوت و نەچوونیشی باشترە و خێریشی زۆرترە، ئەمەش مەرجەكانە بە پێی ئەوەی لە بەڵگەكانی سوننەتدا باس كراون و یەكێك لە زانایان دەیخاتە ڕوو:

1- ڕۆیشتنی بۆ مزگەوت نەبێتە مایەی هیچ مەترسییەكی فیتنە و گوناهباری.

2- ڕۆیشتنەكەی هیچ مەسەلەیەكی ناشەرعی و ناپەسەندی لێ نەكەوێتەوە.

3- ڕێگەی ڕۆیشتن و گەڕانەوەی لە گەڵ ڕێگەی پیاواندا نەبێت و ناچاری تێەڵ بوون لەیەكتر نزیك بوونەوە نەبن.

4- هیچ عەتر و بۆنێكی خۆش بەكارنەهێنێت و نابێت پێشتریش بەكاری هێنابیت و بۆنە مابێتەوە.

5- ئەبێت بەتەواوی خۆی داپۆشیبێت و مەرجەكانی حیجابی شەرعی تێدا بێت.

6- لە دەرگایەكی تایبەت بە ئافرەتانەوە بچنە مزگەوت و لێی دەربچن.

7- دەبێت جێگای نوێژیان لە گەڵ جێگای پیاواندا نەبیت و بەینیان هەبێت و ئافرەتان لە كاتی دەرچووندا پێش بكەون و پیاوان چاوەڕێی دەرچوونی ئەوان بكەن.

هەمو كەسێك دەزانێت ئەم مەرجانە لە ئێستادا زۆر ئەستەمە درووست بیت و لە ڕاستیدا نەڕۆیشتنی ئافرەتان بۆ مزگەوت باشترە لە ڕۆیشتنیان، بەڵام ئەگەر هەر ڕۆیشت دەبێت مەرجەكان جێبەجێ بكات لەو كاتەدا كەس ناتوانێت ڕێگری لێ بكات، بەڵام دواجار هەر دەبێت بە ئیزن و ڕێگە پێدانی سەرپەرشتیارەكەی بڕوات.

مەسەلەیەكی تری گرنگیش ئەوەیە ئەگەر ئافرەت لەشەرعدا بۆ ماڵی الله تعالی كە مزگەوتە و بە هەموو پیرۆزییەوە، ئەو هەموو مەرجەیبۆ ئافرەت لەسەر دانراوە و دواجاریش نەڕۆیشتنی باشتر بێت، ئایا بۆ جێگەی تر كە سەرەڕای ئەوەی بە هۆكاری وانە خوێندن و كاری ئیسلامی و بانگەواز و زۆر هۆكاری تر دەردەچێت و تێكەڵی پیاوان دەبێت و تووشی فیتنەی دەكات و هەندێ جار سروشتی ئیشە (ئیسلامییەكەی) وایە دەبێت لەگەڵ پیاواندا بێت، یان چەندین سەرپێچی شەرعی تر ڕەنگە لە خۆ بگرێت، ئایا حوكمی ئەوە چی بێت جگە لەوەی ئەویش نەڕۆیشتنی باشتر بێت، ئەمە ئەگەر حەرامیش نەبێت، چونكە لە ئیسلامدا جگە لەوەی دەبێت كارەكە خۆی موافیقی شەرع بێت، هاوكات دەبێت ئەو هۆكارەش كە پێی ئەنجام دەرێت شەرعی بێت و ئەو ڕێگەو جێگەش كە ئەو عیبادەتە یان ئەو كارە ئیسلامییەی تێدا ئەنجام دەدرێت پێویستە ئەویش هەر شەرعی بێت و پێچەوانەی حوكمەكانی قورئان و سوننەت نەبێت.

 

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *