الإثنين , سبتمبر 25 2023
سه‌ره‌تا / وتاری نوسراو / ئافرەتان / میراتی كچ وئافرەت لە ئیسلامدا

میراتی كچ وئافرەت لە ئیسلامدا

 

#چل_پەیام_بۆئافرەتان: 23

میراتی كچ وئافرەت لە ئیسلامدا

بابەتی میراتی لە ئیسلامدا بابەتێكی گرنگە و بایەخی لەو ئاستەدایە كە الله عزوجل خۆی لە قورئانی پیرۆزدا پشك وبەشی خاوەن مافەكانی دیاری كردووە، مافی ئافرەتیش لە میراتدا بە ڕوونی و بەڕاشكاوی لە قورئاندا دیاری كراوەو و، لێرەدا و لە ڕۆشنایی دەقەكانی قورئانی پیرۆز وسوننەتی پێغەمبەردا صلی الله علیه و سلم و ڕاستییەكانی مێژوودا ، لە چەند خاڵێكی كورتدا ئەو مەسەلە دەخەمەڕوو:

1- الله تعالی لە قورئانی پیرۆزدا خۆی پشكی هەموو خاوەن ماف ومیراتگرێكی دیاری كردووە و فەرموویەتی: (لِّلرِّجَالِ نَصِيبٌ مِّمَّا تَرَكَ الْوَالِدَانِ وَالْأَقْرَبُونَ وَلِلنِّسَاءِ نَصِيبٌ مِّمَّا تَرَكَ الْوَالِدَانِ وَالْأَقْرَبُونَ مِمَّا قَلَّ مِنْهُ أَوْ كَثُرَ ۚ نَصِيبًا مَّفْرُوضًا) النساء:7. ئەو بەش و پشكەش كە الله دایناوە بۆ خاوەن مافەكان فەرزە بدرێت و تاوانێكی گەورەیە بەستەم و فڕوفێڵ خاوەنەكەی لێ بێ بەش بكرێت.

2- جیاوازی كردن لە نێوان كوڕان وكچان و ژنان و پیاوان لە میراتیدا، تاوانێكەو سەرپێچی كردنی سەریحی قورئانی پیرۆزە، هەروەها عادەت و نەریتێكی سەردەمی جاهیلی و بتپەرستەكانە، چونكە موشریكانی پێش سەردەمی ئیسلام دەیانوت كەسێك شاییستەی میراتییە كە توانای چەك هەڵگرتن وبەرگری كردنی لە خاك و ئاو هەبێت، بۆیە ئافرەت و مناڵ لە میراتی بێ بەش دەكران. بەر لە ئیسلام و لە لەلای فارس و هند و ئیغریق و نەتەوەكانی تر، ئافرەت نەك هەر میراتی وەرنەدەگرت، بەڵكو خۆیشی دەبوو بە بەشێك لە میراتی و دابەش دەكرا و وەكو پشكێك دەكەوتە بەر كەسێك لە میراتگران! بەڵام لە ئیسلامدا ، چۆن مافی كوڕان لە میراتیدا دەستەبەر كراوە، مافی كچانیش بەهەمان شێوە دەستەبەر كراوە، الله تعالی فەرموویەتی: (يُوصِيكُمُ اللَّهُ فِي أَوْلَادِكُمْ ۖ لِلذَّكَرِ مِثْلُ حَظِّ الْأُنثَيَيْنِ ۚ) النساء:11.

لە ئیسلامدا میراتی ئافرەت – مناڵی هەبێت یان نەیبێت – بە دادگەری و بەڕوونی لە قورئانی پیرۆزدا دیاری كراوە، الله عزوجل فەرموویەتی: (وَلَهُنَّ الرُّبُعُ مِمَّا تَرَكْتُمْ إِن لَّمْ يَكُن لَّكُمْ وَلَدٌ ۚ فَإِن كَانَ لَكُمْ وَلَدٌ فَلَهُنَّ الثُّمُنُ مِمَّا تَرَكْتُم ۚ) النساء:12.

میراتی دایكیش دیاریكراوەو جیاكراوەتەوە: {وَلِأَبَوَيْهِ لِكُلِّ وَاحِدٍ مِنْهُمَا السُّدُسُ مِمَّا تَرَكَ إِنْ كَانَ لَهُ وَلَدٌ فَإِنْ لَمْ يَكُنْ لَهُ وَلَدٌ وَوَرِثَهُ أَبَوَاهُ فَلِأُمِّهِ الثُّلُثُ فَإِنْ كَانَ لَهُ إِخْوَةٌ فَلِأُمِّهِ السُّدُسُ} [النساء: 11].

پشكی كچیش بەهەمان شێوە دیاری كراوە: {يُوصِيكُمْ اللَّهُ فِي أَوْلَادِكُمْ لِلذَّكَرِ مِثْلُ حَظِّ الْأُنثَيَيْنِ فَإِنْ كُنَّ نِسَاءً فَوْقَ اثْنَتَيْنِ فَلَهُنَّ ثُلُثَا مَا تَرَكَ وَإِنْ كَانَتْ وَاحِدَةً فَلَهَا النِّصْفُ} [النساء: 11].

پشكی خوشكیش بەدیاری كراوی جیاكراوەتەوە: {وَإِنْ كَانَ رَجُلٌ يُورَثُ كَلَالَةً أَوْ امْرَأَةٌ وَلَهُ أَخٌ أَوْ أُخْتٌ فَلِكُلِّ وَاحِدٍ مِنْهُمَا السُّدُسُ فَإِنْ كَانُوا أَكْثَرَ مِنْ ذَلِكَ فَهُمْ شُرَكَاءُ فِي الثُّلُثِ} [النساء: 12].

تەنانەت الله تعالی باسی هەندێ حاڵەتی تری كردووە لە قورئانی پیرۆزدا وەكو مەسەلەی (الكلالة) كە بریتییە لە مردوویەك مناڵی نییە و خوشكێك یان زیاتری هەیە و پشكەی دیاری كردووە وفەرموویەتی: (يَسْتَفْتُونَكَ قُلِ اللَّهُ يُفْتِيكُمْ فِي الْكَلَالَةِ إِنِ امْرُؤٌ هَلَكَ لَيْسَ لَهُ وَلَدٌ وَلَهُ أُخْتٌ فَلَهَا نِصْفُ مَا تَرَكَ وَهُوَ يَرِثُهَا إِنْ لَمْ يَكُنْ لَهَا وَلَدٌ فَإِنْ كَانَتَا اثْنَتَيْنِ فَلَهُمَا الثُّلُثَانِ مِمَّا تَرَكَ وَإِنْ كَانُوا إِخْوَةً رِجَالًا وَنِسَاءً فَلِلذَّكَرِ مِثْلُ حَظِّ الْأُنْثَيَيْنِ يُبَيِّنُ اللَّهُ لَكُمْ أَنْ تَضِلُّوا وَاللَّهُ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمٌ ) النساء/176 .

3- هیچ كەسێك بۆی نییە ئافرەتان و كچان لە میراتیی بێ بەش بكات، یان جیاوازی و فێڵ ونادادگەری لە پێدانی پشكەكانیاندا بكات، چونكە ئەوە لە ئیسلامدا یەكێكە لە تاوانە گەورەكان و واجبە لەسەر موسوڵمانان كار بەشەرع بكەن و ڕەچاوی حوكمەكانی قورئان وسوننەت بكەن لە مەسەلەی میراتیدا، چونكە ئەوە مافێكە الله عزوجل خۆی بەدادگەری ڕەهای خۆی دابەشی كردووە وفەرزی كردووەتە سەر موسوڵمانان بەو شێوە میراتی دابەش بكەن..

هەر كەسێك ستەم لە ئافرەتێك بكات بە بێ بەشكردنی لە مافی خۆی لە میراتیدا، یان بە ترسادنی و هەڕەشە لێكردنی بۆ ئەوەی دەست بەرداری پشكەكەی خۆی بێت، یان بە ئیحراج كردنی وبیكات بەڕووی خۆیەوە وناڕاستەوخۆ وای لێ بكات بڵێت بەشی خۆمم ناوێت، یان بەهەر ڕێگایەكی تر، ئەو كەسە حوكمی شەرعی پەك خستووە و لە حوكمی ئیسلام لایداوە و چووەتە سەر حوكمی هەواو ئارەزوو و ڕێبازە جاهیلییەكان.

هاوكات ئەو كارەش زوڵم وستەمە و الله تعالی ڕقی لە ستەم و لە ستەمكارانە، الله تعالی فەرموویەتی: (وَمَن يَتَعَدَّ حُدُودَ اللَّهِ فَقَدْ ظَلَمَ نَفْسَهُ). الطلاق:1. پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: ( اتقوا الظلم فإن الظلم ظلمات يوم القيامة ) رواه مسلم . واتە: خۆتان لە ستەم بپارێزن و بەدووربگرن، چونكە ستەم تاریكییە لە ڕۆژی قیامەتدا.

4- عورف و عادەتی كورد لە ڕابردوودا و بگرە تا ڕاددەیەك بە ئێستاشەوە، ئافرەتی لە پشكی خۆی لە میراتی بێ بەش كردووە، یان پشكێكی كەم و بە پێچەوانەی ئەوەی لە قورئاندا بۆی دیاری كراوە پێی دەدرێت، ئەوە لە ڕاستیدا عورفێكی ناكۆك ودژوارە لەگەڵ شەریعەتی ئیسلامدا وپێویستە موسوڵمانان ئەو هەڵە گەورەیە چاك بكەنەوەو بەخۆیاندا بچنەوە و بە حیلە و بە قۆستنەوەی هەلی شەرم و لاوازی و نەزانی ئافرەتان ستەمیان لێ نەكەن ولەبەشەكانیان مەحرومیان نەكەن.

5- مەسەلەیەكیش هەیە زۆر جار ناحەزانی ئیسلام دەیكەن بە بەهانەی ڕەخنەگرتن لە ئیسلام گوایە ستەمی لە ئافرەت كردووە و جیاوازی لە نێوان پشكی نێرینەو مێینەدا كردووە، بەوەی لە میراتیدا كوڕ دوو ئەوەندەی كچ وەردەگرێت، ئەو مەسەلەش هەرچەند لە هەموو حاڵەتەكادا هەر وا نییە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە نەك ستەم نییە، بەڵكو ئەوپەڕی داگەری شەریعەتی ئیسلامە كە بۆ نموونە ئەگەر پیاوێك بمرێت و سی ملیون دینار میراتی هەبێت وكوڕو كچێكی لەدوای خۆی بەجێهێشتبێت، كوڕەكە بیست ملیون و كچكەی دە ملیۆنی بەردەكەوێت، چونكە پیاو هەندێ ئەرك و واجبی دەكەوێتەسەر كە ئافرەت ئەو ئەركانەی ناكەوێتەسەر، وەكو:

– پێدانی مارەیی بەئافرەت كە مافێكی حەڵاڵی ئەو ئافرەتەیە هەمووی دەكەویتە سەر پیاو.

– ئیسلام نەفەقە و خەرجی بەرێوەبردنی ماڵ ومناڵ و ژنی خستووەتە سەر پیاو و ئەو ئەركانەش بە پارە و توانای دارایی دەكرێت.

– ئافرەت نەفەقە و خەرجی ماڵی ناكەوێتەسەر خۆی، تەنانەت ئەگەر دەوڵەمەندیش بێت، مەگەر خۆی بە ویستی خۆی بیەوێت خەرجی ماڵ بكات.

– ئافرەت لەئیسلامدا لە هەموو حالەتەكانیدا وەكو هاوسەر و كچ و خوشك و دایك هەمیشە خەرجی و ئەركی مادی دەكەوێتە سەر مێرد و برا و باوك و كەسانی تر و واجبیشە لەسەریان ئەو نەفەقە و ئەركە هەڵگرن و پێویستییەكانی تەواو بكەن.، تەنانەت لەو كاتەشدا كە لە مێردەكەی جیا دەبێتەوەو تەڵاق دەدرێت لە ماوەی عیددەكەیدا خەرجی هەر دەكەوێتە سەر مێردەكەی كە تەڵاقی داوە. بۆیە لەبەر ئەوەیە كە میراتی ئافرەت بەو شێوە بووە و بەدڵنیاییەوە حیكمەتی تریشی تێدایە، چونكە الله عزوجل دادگەری ڕەهای لە حوكمەكانیدا هەیە و بە ئەندازەی گەردیلەیك ستەم لە كەس ناكات: (إِنَّ ٱللَّهَ لَا يَظْلِمُ مِثْقَالَ ذَرَّةٍۢ ۖ) النساء:40..

 

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *