الجمعة , سبتمبر 22 2023
سه‌ره‌تا / وتاری نوسراو / هەڵسەنگێنەرێكی دادگەر بە!

هەڵسەنگێنەرێكی دادگەر بە!

 

هەڵسەنگێنەرێكی دادگەر بە!

هەڵەیە بتەوێت هەڵسەنگاندن بۆ كەسایەتی و مەنهەجی كەسێك بكەیت، بچیت تەنها تەماشای قسە وكارە باشەكانی ئەو كەس بكەیت وچاو پۆشی لەفیكرو بیروبۆچوون ولایەنە خراپەكانی بكەیت، بەتایبەتی ئەگەر ئەو هەڵەو نەپێكان ولادانەی ئەو كەسە لە بواری تەوحید و عەقیدەو مەنهەجدا بێت و هەڵەی كاریگەر بێت و خەڵكانێكی زۆر پێی كاریگەر بووبێتن و بە هۆی وابەستەبوون و خۆشەویستی ئەو كەسەوە كار بەو هەڵەو لادانانە بكەن.

لە كەسانی ناوداردا، بۆ ئەوەی بتوانیت زانست و قسە و ئامۆژگاری و ئاراستەكردن و زانستی شەرعییان بە گشتی لێ وەربگریت، ئەسڵ ئەوەیە تەماشای حەقیقەتی عەقیدەو مەنهەج و ڕێبازیان لە ڕێكردن لەسەر سوننەتدا بكەیت و لە خۆیان و فیكریان ورد بیتەوە بزانە تاچەند لەگەڵ تەوحید و بیروباوەڕی ئیسلام لە قورئان و سوننەتدا یەكانگیر دەبێتەوە وتا چەند لە جاهیلییەتی هاوچەرخ حاشای كردووە یان سازش و پەیوەندی و هەندێ جار ڕەواجیشی بە هەندێ لە تەوەرەكانیان داوە.

ئەگەر هەر كەسێك لەو بوارەدا واتە لە بواری عەقیدەدا لە مەنهەجی ڕاست و درووستی كیتاب و سونەت بە شێوەیەكی كردەیی لایدابوو و بە هەندێك لە عەقیدەو بیروبۆچوونە نەیارەكان لەگەڵ ئیسلامدا سەرسام بوو، یان هیچ نەبێت بەشێكی ئەو سیستمە جاهیلییانەی ئەم سەردەمەی بە پەسەند و چاك دەزانی بۆ ئەم سەردەمە وەكو عەلمانییەت و دیموكراسی و لیبرالی وهەندێ لە یاسا وەزعییەكان كە لەگەڵ شەریعەتدا ناكۆكن، یان پەیوەندی و كاری هاوبەشی لەگەڵ هەندێ لەو دەزگا وڕێكخرواە نێودەوڵەتیانەوە هەبوو كە نەك هەر هیچ حیسابێك بۆ ئیسلام ناكەن و بەڵكو بە دینێكی دواكەوتوی توند وداخراو نامرۆڤدۆست دەیناسێنن، ئەگەر كەسێك حاڵی بەو شێوە بوو، نادادگەری و نازانستیشە بچیت تەنها تەماشای كار وقسە و گوتار و وتارە باشەكانی بكەیت، لەولاشەوە ڕوو وەربگێڕێت لەو هەموو كارەساتە فیكرییانەی كە هەیبووە و هەر دەشمێنیتەوە و كاریشی پێ دەكرێت، بێ ئەوەی ئاماژە بەو هەموو كارەساتانە بدەیت كە الله أعلم چاككردنی ساڵانێكی دوورو درێژی دەوێت، ئەوە كارێكی نە زانستی و نە دادگەرانەیە.

ئەوانەی بانگەواز بۆ ئیسلامێكی هەمواركراوو گونجێندراو دەكەن لەم سەردەمەدا و وا دەزانن بەو دەستكاریكردنەی ئیسلام وبەو بۆچوون و ئیجتیهادە سەیەو سەمەرانەیان كارێكی باش دەكەن، ئەوانە هەڵەن، چونكە لە مەودای دووردا گەورەترین زیان لە موسوڵمانان دەدەن ودیدیان بۆ ئیسلامی حەق لێڵ و ناڕوون دەكەن ، بەتایبەتی كە ئیسلامی كیتاب و سوننەت ڕۆژ لە ڕۆژ نامۆتر دەبێت و زیاتر دژایەت دەكرێت ولەبەرچاوی خەڵكی زیاتر ناشیرین دەكرێت لێی دور دەخرێنەوەو، شوێنكەوتوانی ئەو ئیسلامە هەمواركراوەی كە ڕۆژئاوا و ئەمریكا بەتایبەتی پێی ڕازین و دەسەڵاتەكانیش لە جیهانی ئیسلامیدا بە هۆی ئەوەی دەزانن ئەو نوسخەی كە زانا و لایەنەكانی سەربەخۆیان بڵاوی دەكەنەوە زۆر دەستكاری كراوە وزیان لەبەرژەوەندی كەس نادات و ئەوەی نەخوازراو بێت لێی دەركراوە، بۆیە پەرەی پێدەدەن و ڕێگەی بڵاوكردنەوەی لە ناو كۆمەڵگاكاندا ئاسان دەكەن، خۆ ئەگەر ئەو كارە بە یارمەتی ئەو لایەنە فەرمییانەوە نەبوایە كە بەناو ئیسلامەوە قسە دەكەن و ئەو كەسایەتییە ئایینییانەی سەربەخۆیان نەبوایە كە بەبێ ڕەزامەندی ئەوان هیچ ناكەن، هەرگیز ئەوانیش لەو كارەیاندا سەركەوتوو نەدەبوون و ئێستا ئەم فێرژنە ناتەواوە لە ئیسلام بەو شێوە پەرەی نەدەسەند.

.

ئیسلام فێری دادگەری و ڕاستگۆییمان دەكات، پێمان دەڵێت قسەی حەق بكە ئەگەر زیانی بۆ خۆیشت هەبێنت: ( يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُونُوا قَوَّامِينَ لِلَّهِ شُهَدَاءَ بِالْقِسْطِ ۖ وَلَا يَجْرِمَنَّكُمْ شَنَآنُ قَوْمٍ عَلَىٰ أَلَّا تَعْدِلُوا ۚ اعْدِلُوا هُوَ أَقْرَبُ لِلتَّقْوَىٰ ۖ وَاتَّقُوا اللَّهَ ۚ إِنَّ اللَّهَ خَبِيرٌ بِمَا تَعْمَلُونَ) كە باسی كەسێكت كرد دەبێت باشەكانی باس بكەیت و نەیشاریتەوە، هاوكات دەبێت باسی خراپە و لادانەكانیشی بكەیت بۆ ئەوەی خوێنەر و بینەر و بیسەر چەواشە نەكەیت.

ئەوەش بزانە ئەگەر هەركێ كەوتە نێو هەر لادان و هەڵەیەكی گەورە لە بواری تەوحید و عەقیدەدا ، یان شێوازێك لە شێوازە زۆرەكانی لادان ودووركەوتنەوەی لە ئیمان و پێناسە و مەرجەكانی (لا إله إلا الله) بۆ ئەم سەردەمە بەڕاست و گونجاو زانی و پەسەندی كرد ، ئیتر مەعنایەك نامێنیت بۆ ئەوەی پێی سەرسام بیت وبە باشییەكانی كاریگەر بیت و شوێنی بكەویت، چونكە عیبادەت و وخزمەتكردن وخەمخواردن و گریان و بەرزكردنەوەی دروشمی بەرز وقسەی عاتیفی دادی نادات و و نە ئەو كارەساتانەی بۆ چاك دەكاتەوە و نە بۆی قەرەبوو دەكاتەوە.

بەكورتی: مەسەلەكە بەو شێوە نییە بە كەسێك بڵێیت كێشە نییە هەرچی لە حەق وباتڵ لە مێشكی خەڵكیدا تێكەڵ كردووە ،یان ئەوەی كە ئەنجامی داوە لەپەسەند كردنی هەندێك لە سیستمەكانی جاهیلییەتی هاوچەرخ و ڕیكلامی بۆ كردووە و ڕەواجی پێ داوە، لەبەر ئەوەی چاكەكانی زۆرە چاوپۆشی لەو لادانە منهەجییانەی بكەیت. موسوڵمان بە دەستی خۆی نییە چی قبوڵ بكات و رەت بكاتەوە، كێی خۆش بویت و بیكاتە ڕابەر ومامۆستای خۆی، بەڵكو سنووری بۆ دیاری كراوە: (وَمَا كَانَ لِمُؤْمِنٍ وَلَا مُؤْمِنَةٍ إِذَا قَضَى اللَّهُ وَرَسُولُهُ أَمْرًا أَن يَكُونَ لَهُمُ الْخِيَرَةُ مِنْ أَمْرِهِمْ ۗ وَمَن يَعْصِ اللَّهَ وَرَسُولَهُ فَقَدْ ضَلَّ ضَلَالًا مُّبِينًا )هەركێ ئەو هەڵانەی هەبێت جێگای مەدح و ستایش و گەورەكردن نییە، بێ ئەوەی قسەش لە دەرەنجا م چارەنووس و جێگای ئەو كەسە بكرێت لە ڕۆژی قیامەتدا ئەوە تەنها پەروەردگاری دەزانێت و كەس بۆی نییە حوكمی لەسەر بدات، بەڵام لە ڕۆشنایی قورئان سوننەت و هێڵە ڕوون و پانەكانی تەوحید و عەقیدەدا دەكرێت حوكم لەسەر هەڵەكانی بدرێت و خەڵكی لێ وریا بكرێتەوە بۆ ئەوەی لێی دووربكەونەوە. ڕێگەش نەدرێت هەرچی خراپە و لادانی هەیە لەگەڵ باشەكانیدا بۆ موسوڵمانان تەسویق بكرێت و بەنرخی باشەكان پێیان بفرۆشرێتەوە.

بەڵێ دەكرێت لایەنە چاكەكان و خراپەكانی بە ئینساف و بە وردی بخرێتەڕوو، فڵانە كەس و كەسایەتی، فڵانە لایەن و تەوژم و فیكر، ئەمە باشییەكانی و ئەوەش خراپییەكانێتی، بۆ ئەوەی دادگەری لە دەربڕینی هەڵوێست و هەڵسەنگاندا بەرقەرار بێت وهەمیشەش موسوڵمان دەبیت وا بێت، بەڵام نیشاندانی یەك لایەن و شاردنەوەی ئەو لایەنەكەی تر ئەوە كارێكی نامونسیفانەو ناشیرینە و دواجاریش لایەنی تەوحید و عەقیدەش دەبێت بكرێت بە پێوەری وەرگرتن و ڕەتكردنەوە هەر فیكر و تەوژم و كەس و كەسایەتییەك.

ئەم نووسینە تایبەت نییە بەكەسێكی دیاری كراو، بەڵكو بۆ هەموو كەس كەسایەتی و لایەنێك دەكرێت كاری پی بكرێت.

إحسان برهان الدین

4 ربيع الأول 1444

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *