سياسەت واتا تیجارەت!
ئەگەرچی پێناسەی سیاسەت لە بنچینەدا بریتییە لە چارەسەر كردنی كێشەكان، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە تەنها قسەیەكە و بە ڕواڵەت بانگەشەی بۆ دەكرێت، ئەگینا:
لەم ڕۆژگارەدا، سیاسەت واتە تیجارەت، بەڵام تیجارەتێکی حەرامی ناڕەوای بێ سنووری لێوان لێو لە فێڵ و ستەم و درۆو دووڕوویی… لەو کاتەی بەرژەوەندی بخوازێت وبە پێویستی بزانن، سنورێكی ئایینی، كۆمەڵایەتی، ڕەوشتی، مرۆیی نامێنێت نەیبەزێنن كەسی سیاسی هەمیشە دەمامكێكی جوانی پۆشیوە جیاواز لە حەقیقەتی خۆی، بۆ ئەوەی ڕوخساری ڕاستەقینەی خۆی لە پشتییەوە بشارێتەوە.
بۆیە:
سیاسەتمەداران لە زۆربەی زۆری دونیادا – كاتێك چاو لە بەرەوپێش چوون وسەركەوتن دەبڕن و دەیانەوێت لەو جیهانە جەنجاڵەدا بە ئامانج و ئاواتە بێ کۆتاییەکانیان بگەن – لەسەر بنەمای ئەوە سیاسەت دەکەن کە جگە لە ژیانی دونیا ڕاستییەكی تر بوونی نییە و ژیانێکی تر چاوەڕوانی كەس ناكات شایستەی ئەوە بێت حیسابی بۆ بكرێت.
بۆیە سەرەڕای هەموو ئامانج و بەرنامە باشەكانیان كە لە ڕواڵەتدا دەیانخەنە ڕوو ، لە ڕاستیدا تاكە ئامانج وهیوای هەرەمەزنی ئەوان بەدەستهێنانی بەرژەوەندی مادی و مەعنەوی خۆیانە وسکیان هێندەی دەریایەک بەرینە و گەنجینەکانیان بە ویستی خۆیان بێت زێڕوپارەی سەر زەوی پڕی ناکات ولە فەرهەنگی سیاسەتمەداراندا وشەیەک نییە بە نێوی تێربوون، هەر بۆ ئەوەو لەو پێناوەدا كۆشش دەكەن، هەرچی قسەی زل و دروشمی بریقەداری تریشیان هەیە، تەنها خۆڵ لەچاوكردنە وپیلانی فریودانی خەڵكە، ئامانجی ڕاستەقینەیان تەنها پارەو دەسەڵاتە لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان نەوەکانیان..
مەخابن، بە شێوەیەكی گشتیش گەلان جگە لە هەندێ شوێنی كەم نەبێت لەم جیهانەدا، وەكو مەڕن، سیاسەتمەداران لەبەریان دەدەن و بۆ هەر شوێنێك بیانەوێت دەیانبەن و ئاراستەیان دەكەن و سوود لە شیر و بەرهەمەكانیان دەبینن وپێویستیش بکات سەریان دەبڕنو گۆشتەكەیان دەخۆن وئێسقانەكەیان دەشكێنن و پێستەكەیان دەفرۆشن! بەداخەوە زۆربەی میللەتانی جیهان بە شێوەیەک لە شێوەکان نموونەی مەڕیان لەسەر جێبەجی ئەبێت و سیاسەتمەدارانیش شوانی بێ ویژدان و نامیهرەبانی ئەوانن.