الخميس , ديسمبر 7 2023
سه‌ره‌تا / وتاری نوسراو / زاکیرەی چۆلەکە

زاکیرەی چۆلەکە

زاکیرەی چۆلەکە

شارەزا نەبوون لە حوکم و بابەتە جێگیرەکانی عەقیدەو بیروباوەڕی ئیسلامی، موسوڵمان تووشی ناڕوونی دیدو وتێکەڵکردنی چەمکەکان دەکات، حەق و ناحەقی لە یەکتر پێ جیاناکرێتەوە ، چجای خراپترینی دوو خراپ و باشترینی دوو باش لە یەکتر جیا بکاتەوە!
نەبوونی زانستی شەرعی هەڵقوڵاو لە کیتاب وسوننەت، خۆی بۆ خۆی هۆکاری پێ خلیسکان و لە خشتەچوونە، جا ئەگەر کەسەکە بەو کێشە گەورەوە نەوەستێت وعاتیفیش بێت – کە زۆربەی موسوڵمانی کورد ئەوە حاڵیانە و ئەو دوو سیفەتەیان تیایە – ئەو کاتە فریودانی و کارتێکردنی کارێکە لە خۆی ئاسانتر نییە، بە یەک دیمەنی عاتیفی دەتوانیت جڵەوی بگریت و بۆ خۆت بە کاری بهێنیت.
لە سەیرو سەمەرەکان و تایبەتمەندییە نامۆکانی کوردی خۆمان ئەوەیە، حەز دەکەیت کەعبەت ڕوخاندبێت، هەموو هێڵی سوورت بەزاندبێت، هەرکەی ویستت هەموو ئەوانە بسڕیتەوە و فورماتێکی پیاوانە بۆ زاکیرەی خەڵكی بکەیت، تەنها دوو قسەی زل بکە و دروشمێكی بریقەدار بەرز بکەرەوە، ئەگەر تەنها بە ڕواڵەتیش بووە هەڵوێستێکی حەماسی وەرگرە، بڕێک پارە بە هەژارێك ببەخشە و وێنەی خۆت وئەو داماوە بگرە وپۆست بکە، یان دەست بەسەر مناڵێکدا بهێنە، بەڵام گرنگە هەرچیت کرد بە دیزاینێکی جوانەوە لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكاندا پۆستی بکەیت، چونکە زۆرینە عەقڵی لە چاوێتی، ئیتر یەک کێشەت نامێنێت، ئەگەر کەسێک بێت وەکو تاک ئەبێتە کەسایەتی و باسی شیرینی سەر زارەکان، ئەگەر حیزب ولایەنێک بێت لە هەموو ڕابردوویەکی لارو بیروباوەڕێکی خوار ڕزگاری دەبێت!

لە ڕاستیدا شارەزابوون لە شێوازی بیرکردنەوەی تاکی کورد بە موسوڵمان و عەلمانییەوە کارێکی گران نییە، کە لێی شارەزا بوویت کەواتە پاسۆردی مێشکیت دەست کەوتووە، چۆنت ئەوێت ئاوها ئاراستەی بکە، چونکە هەرکێ بێ زانستی و عاتیفی بوونی پێکەوە کۆکردەوە واتە نازانێت، ناشزانێت کە نازانێت!

بۆیە جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی بنەمای بیركردنەوەی موسوڵمان عەقیدەو تەوحید بێت بو وەرگرتن و ڕەتكردنەوەی پرسەكان، ئەوە مەسەلەیەكی گەلێك پێویستە، ئەگینا ئیسلام ناوێكی بێ ناوەڕۆك دەبێت بگرە هەندێك جار دەبێتە كاڵایەك بۆ بازرگانی پێوەكردن زیاتر لەوەی ئایینێك بێت بۆ بەرجەستەكردنی لە ژیان و واقیعی خەڵكیدا.
إحسان برهان الدین
3 محرّم 1444
2022-8-1

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *