تاكو مردن هەر باسی تەوحید
جیاواز لە هەر زانستێكی شەرعی ودونیایی تر، فێربوون وفێركردنی تەوحید دەبێت بەردەوامی هەبێت وهیچ دەمێك لێی نەوەستێتەوە، چونكە هەرگیز كاتێك نایەتە سەر موسوڵماندا بڵێت ئیتر تەواو پێویستمان بەو باسە نەما و فێری بووین و بەئەنجاممان گەیاند، بەڵكو موسوڵمان تاكو هەناسەیەكی لە ژیاندا مابێت هەر دەبێت زمانی بەو باسە تەڕ بێت و وەكو زانین بیزانێت و بە هەموو شێوەیەكیش بەرجەستەی بكات.
پێغەمبەران علیهم السلام وێڕای ئەوەی لە هەموو ژیانیان بە كردارو گوفتار خەریكی تەوحید بوونە، بەهەمان شێوە لە كاتی سەرەمەرگیشدا هەر ئەو خەمەیان لە دڵدا بووە ونەوەكانی خۆیان كۆكردووەتەوە و دوا وتەیان لەگەڵیاندا باسی عەقیدە و تەوحید بووە بۆ ئەوەی بە ئاسوودەیی وەفات بكەن.
بەڵكو دەبێت لە كاتی فێربوون و فێركردنی زانستەكانی تردا، هەمیشە بەدوای هەلێكدا بگەڕێیت بۆ ئەوەی ئەو باسە ببەستیت بە باسی تەوحیدەوە، هیچ كەسێك نییە هەرچەند لە عەقیدەو تەوحیددا شارەزا بێت، بێ نیاز بێت لەو باسە و پێویستی پێی نەبێت، دەبێت ئەو باسە لە دڵ و دەروون وناخی كەسەكەدا ڕەنگ بداتەوەو هەرچی كارو كردارو گوفتارێكی هەیە لەسەر بنەمای عەقیدەو تەوحید دابمەزرێت و سەرچاوە بگرێت و تەواوی عیبادەت و زانست و هەڵسوكەوتەكانی ببەستێتەوە بە عەقیدە و هەمووی بریتی بێت لە جێبەجێكردنی تەوحید و دووركەوتنەوەو خۆ پاراستن لە شیرك بە هەموو جۆرەكانییەوە، چونكە ئیسلام وەكو تەلارێك بێت ئەوا بنچینە و بنەماكەی ئیمان و تەوحیدە و بونیاتی سەر ئەو بنچینەیەش شەریعەتەكەیەتی.
لە ئایەتی (فَاعْلَمْ أَنَّهُ لَا إِلَٰهَ إِلَّا اللَّهُ وَاسْتَغْفِرْ لِذَنبِكَ) كە لە سوڕەتی محمد دا هاتووە و لە پاش پێغەمبەرایەتی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم بە سیانزە ساڵ ئەم ئایەتە دابەزیوە، پێشەوایەكی گەورە فەرموویەتی: ئەوە پێغەمبەرە و پەروەردگار لە پاش سیانزە ساڵ لە پێغەمبەرایەتی ئاگاداری دەكاتەوە كە گرنگی بە زانینی لا إله إلا الله بدات، ئایا ئێمە پێویستمان بەوە نییە؟!