خوێندنەوە خۆراكی مێشك و ئاسوودەیی گیان
خوێندنەوە، ئەگەر ئامانجدار بێت وبەپێی پلان بەڕێوە بچێت، ڕێگەی گۆڕانكاری گەورەیە لە كەسایەتی وئاستی زانستیتدا، بە هۆی ئەو گۆڕانكارییە جەوهەرییەی لە كەسایەتیتدا درووستی دەكات، دەگونجێت ببێتە خێرێكی گەورە بۆ دونیا ودواڕۆژت، دەتكات بەكەسێكی تر، جیاواز لە قۆناغی پێش خوێندنەوەو دامەزراندنی بونیاتی زانستی خۆت!
ئەگەرچی بڕینی قۆناغی ئەكادیمی و بەدەستهێنانی بڕوانامە و هەبوونی مامۆستای لێهاتوو و ڕێپیشاندەر و، بیستنی وتەو وانەی باشیش پێویست و بە سوودن، بەڵام هیچ لەوانە نابنە بەدیلی خوێندنەوەو لە بایەخی كەم ناكەنەوە.
هەر بۆیە بۆ بەهێزكردنی لایەنی مەعریفی وفراوانكردنی ئاسۆی بیركردنەوە و پەیبردن بە حەقیقەتی هەموو پرسێكی گرنگ لەم ژیانەدا و بۆ دوای ئەم ژیانەش، كاروانی خوێندنەوە نابێت بوەستێت.
وەكو ئەزموونی كەسێتی خۆیشم لە زیاتر لە سێ دەیەی رابردووی ژیانمدا بەردەوام ئەم حەقیقەتەم بۆ پشتڕاست بووەتەوە و خوێندنەوە بۆ من لەگەڵ سوودەكانیدا وەكو مەشخەڵێكی ڕێ، هاوكات ڕێگەیەكیش بووە بۆ وەرگرتنی چێژ و بە ئێستاشەوە بۆمن جۆرێكە لە خۆشی و ئاسوودەیی. ئامۆژگاریم بۆ خۆم و خۆشەویستانم ئەوەیە لە خویندنەوە دانەبرێن بە شێوەیەكی بەرنامە بۆ دارێژراو.