الثلاثاء , مارس 21 2023
سه‌ره‌تا / وتاری نوسراو / مێژوو / بۆچی ئەشاعیرە زۆرترن؟ (ابن حجر العسقلاني) وەڵام دەداتەوە

بۆچی ئەشاعیرە زۆرترن؟ (ابن حجر العسقلاني) وەڵام دەداتەوە

بۆچی ئەشاعیرە زۆرترن؟ (ابن حجر العسقلاني) وەڵام دەداتەوە

لە كتێبی (الدرر الكامنة في أعیان المائة الثامنة) كە كتێبێكی گرنگی مێژوونووس و فەرموودەناسی بەناوبانگ (ابن حجر العسقلاني) یە، دەربارەی مێژوو و ژیاننامەی ئەو زانا و ناودارانەی كە لە سەدەی هەشتەمی كۆچیدا ژیاون و یەكێك لەوانە زانای گەورەو پایەدار ابن تیمیة یە، نەك تەنها زۆر حەقیقەتی سەرنجڕاكێشی دەربارەی ئەو زانا خستووەتەڕوو، بەڵكو چەند حەقیقەتێكی زۆر گرنگی دەربارەی ئەشعەرییەكانیش باس دەكات كە ناحەز و نەیاری ابن تیمیة بوونە و ئەوە دەردەخات كە چۆن عەقیدەی خۆیان بە تۆپزی و بە هێزی دەسەڵات سەپاندووەتە سەر خەڵكیدا، لێرەدا چەند خاڵێك لەو بارەوە دەخەمە روو:

1- ئەوەی كە دەوترێت زانایان لەسەر مەزهەبی (ابن تیمیة) نەبوونە و زۆربەیان ئەشعەری بوونە لەو كتێبەی (ابن حجر) دا دەردەكەوێت كە وا نییە و ئەو قسەی ئەوان خیانەتێكە لە مێژوو كردوویانە. (ابن تيمية) كە مونازەری لەگەڵ دەكردن و سەریشدەكەوتە سەریاندا وەكو ئەو مونازەری كە لەگەڵ الزملكاني ئەنجامیدا، دواتر قازی شافیعی كە شافیعییەكان ئەشعەری بوون، یان قازی حەنەفی بانگیان دەكرد و زیندانیان دەكرد و هەندێ جار بەبەرچاوی خەڵكەوە لێیان دەدا و سووكایەتییان پێ دەكرد.

2- ئەشعەرییەكان كە خاوەنی دەسەڵات بوون لەو سەردەمە، دا لەگەڵ (ابن تیمیة) و قوتابییەكانی – وەكو ابن حجر دەڵێت – هەمیشە بە زەبری هێزو دەسەڵات مامەڵەیان كردووە، فەرمانیان دەركردووە بە قەدەغەكردنی قسەو فەتوادان لەسەریان، زیندانیان كردوون، هەروەها قازێكانی سەربەخۆیان لە ئەشاعیرە و جەهمییەكان ئەوانیان لەسەر عەقیدەو بیروڕاكانیان تەعزیر كردووە. ئەشاعیرە بەم شێوە لەو سەردەمەدا مەزهەبی خۆیان بڵاودەكردەوە.

3- لە میسریش بەهەمان شێوە حەنبەلییەكان كە مەبەست پێیان شوێنكەوتووانی فەرموودەو سوننەتە، زۆر لەسەر دەستی دەسەڵاتی ئەشاعیرە ئازار دەدران و سووكایەتییان پێ دەكرا، تەنانەت (ابن حجر )لەو كتێبەیدا دەڵێت بە زللە لەبەرچاوی خەڵكیدا لێیان دەدرا.

4- لەو سەردەمەدا هەر مەزهەبێك و قازی خۆیان بووە، وەكو ئەوەی چوار دین بێت و تەنها ئیسلام دینی هەموو لایەك نەبێت، هەرسێ مەزهەبی حەنەفی و شافیعی و مالیكی جیاوازییان نەبووە لە مەسەلەی سەرخستنی فیكر و عەقیدەی ئەشاعیرە و هەموویشان خاوەن دەسەڵات بوونە، (ابن حجر) دەڵێت جارێكیان قازییەكی مالیكی ناردی بەشوێن (ابن تیمیة)دا و لەسەر هەندێك لە قسەو فەتواكانی، ئەویش ڕازی نەبوو بچێتتە بەردەمی

و وتی ئەو دوژمنمە چۆن ئەبێت ببیتە دادوەر بەسەرمەوە، بەڵام ئەو فەرمانی زیندانی بۆ دەركرد.

5- (ابن حجر) دەڵێت بە فەرمانی دادوەرە مالیكییەكە (ابن تیمیة) لە بورجێكدا زیندانی كرا، بەڵام خەڵكی سەردانیان دەكرد و ئەویش قسەو وانەی هەبوو بۆیان، (ابن حجر) دەڵێت كاتێك قازی لەوە ئاگەدار كرایەوە، وتی ئەگەر (ابن تیمیة) نەشكوژرێت (چونكە تەكفیری كردبوو و خوینی بە حەڵاڵ دەزانی) دەبێت سەغڵەت بكرێت و ڕێگە نەدرێت قسە بۆ خەڵكی بكات، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەشاعیرە چۆن عەقیدەی خۆیان بە زۆر و بە پشتگیری دەسەڵات بڵاو كردووەتەوە.

6- هەر لەو كتێبەی (الدرر الكامنة) دا داهاتووە، لەناو شاری دیمەشقدا، جاڕ درا، كێ باوەڕی بە ابن تیمیة هەبێت و لەسەر عەقیدەی ئەو بێت خوێنی حەڵاڵە، هەموو ئەم ڕێوشوێنە ناشەرعی و پڕ لە دەمارگیری و نامیهربانییەی كە ئەشاعیرە دەیانكرد لە رێگەی قازی و كاربەدەستەكانیانەوە ئەنجامیان دەدا، ئەمەش تیشك دەخاتە سەر ئەو قسەی ئەوان كە دەڵێن ئەشاعیرە زۆر بوونە، چونكە بئەوان بانگەشەی ئەوە دەكەن ك بەڵگەی زانستی و حەق لەلای ئەوان بووە و ئەوەش دەردەخات كە مەسەلەكە وا نەبووە، بەڵكو نهێنی ئەو پرسە ئەوە بووە كە ئەوان هەمیشە چەقۆی بێ ئینسافی و بێ ویژدانیان لە دژی (ابن تیمیة) و (أهل الحدیث)دا لەبەركار و تیژ بووە.

7- ئەشاعیرە دەڵێن ئێمە بەڵگەی زانستیمان پییە و زانایان لەگەڵ ئێمەن بۆیە زۆرترین، بەڵام وەكو بانگخوازێكی بەڕێز لە كاتی باسكردنی ژیاننامەی

(ابن تیمیة) لە كتێبی (الدرر الكامنة)دەلێت، ئاخر ئێوە خوێنی زانایانی ترتان لە غەیری خۆتان حەڵاڵ كرد و بە زەبری دەسەڵات و زیندانی كردنی نەیارەكانتان هەمیشە ڕەفتارتان كردووە، ئیتر ئەوە چ بەڵگەو زانستێكە باسی دەكەن. تەنانەت ئەوانەش كە باوەڕیان وەكو عەقیدە و باوەڕی ئێوە نەبوو ، ترسان و خۆیان لە شەڕو خراپەی ئێوە پاراست و نەیانتوانی قسە بكەن.

8- لەو سەردەمەی كە (ابن حجر) باسی دەكات بە زۆر ئەوانەی لەسەر مەزهەبی حەنبەلی بوون كۆ دەكرانەوە بە زۆر و هەڕەشەی كوشتن مەزهەبیان پێ دەگۆڕدرا و دەكرانە شافیعی، مەزهەبی شافعیش لە بیروباوەڕدا ئەوەش جۆرێك بوو لە شێواندنی حەق و ڕاستی چونكە مەبەستیان پێی عەقیدەی ئەشاعیرە بوو نەك ئەشعەری خۆیشی، چونكە مەعلومە كە ئەبو حەسەنی ئەشعەری لە كۆتایی ژیانیدا لە زۆرێك لە بیروباوەڕەكانی گەڕایەوەو چووە سەر عەقیدەو بیروباوەڕی ئەحمەدی كوڕی حەمبەل.

9- ئەوەشی باسكردووە كە ئەوەی ڕێگر بوو لە كوشتنی ا (ابن تیمیة) ئەوەبوو، هەندێ جار لەناو قازییەكاندا یەكێكیان ئیتر لەبەر هەر هۆكارێك بێت ڕێگر دەبوون لە دەركردنی ئەو بڕیارە، ئەگینا ئەوان كوشتنیان لە زیندانی كردنی پێ باشتر بوو.

10- یەكێكی تر لە هۆكارەكانی ئازار و ئەشكەنجەی (ابن تیمیة) ئەوە بوو ڕوبەڕووی هەموو موبتەدیعێك دەبوویەوە، (ابن حجر) لەو كتێبەیدا باس لە كەسێك دەكات بەناوی (نصر بن منبج) كە شوێنكەوتوی (ابن عربي الطائي) سۆفی بووە و (ابن تیمیة) ش ئەوی تەكفیر كردبوو. بۆیە ئەو نەسری كوڕی مەنبەجە دەچێتە لای بەیبەرسی سوڵتانی میسر كە نزیك دەبێت لێی و لە دژی (ابن تیمیة) هانیدەدات، لەڕاستیدا ئەوە پیشەی هەمیشەیی جەهمی و ئەشعەریییەكان بووە كە پەنایان بۆ ئەو جۆرە كارە دزێوو ناشیرینە لە دژی نەیارەكانیان بردووە ، ئەوەش بوو بە مایەی ئەوەی قازی مالكییەكان ڕاسپێردرا و ئازاری زۆری شوێنكەوتوانی مەزهەبی حەمبەلیدا، ئەوەشی سەرنجڕاكێشە قازییەكی حەنبەلیش هەبوو كە (ابن حجر ) بە جاهیل ناوی دەبات، ئەڵێت ئەویش ڕازی بوو لەسەر ئەو ڕێوشوێنە ستەمكارانەی لە دژی (ابن تیمیة) و حەمبەلییەكان گیراوەبەر، بێگومان دەسەڵاتی ئەوكاتەش ئەو قازییەی لەبەر ئەو لاوازی زانست و كەسایەتییەی لەو جیگەیە داناوە.

11- بەڵام خەڵكی حەقبێژ و خاوەن ئینساف لە ئوممەتی ئیسلام نابڕێت، بۆیە (ابن حجر) باسی ئەوە دەكات كە لە شمس الدین الحریري كە قازی حەنەفییەكان بووە لە دیمەشق و دانی بەوەدا ناوە كە ابن تیمیة زانایەكی گەورەیە و سێ سەد ساڵیش دەبێت دونیا زانای وای بەخۆیەوە نەبینیوە، ئەمەش بوو بە هۆكاری ئەوەی ئەشاعیرەكان ئەو قازییە بە هۆی ئەو قسە حەقەی دەربارەی ابن تیمیة كردی لە سەر كارەكەی لابدەن، تاوانی ئەو قازییە تەنها ئەوەبوو پشتگیری لە (ابن تیمیة) كرد! ئینجا دەشڵێن ئێمە بەهۆی زانست و بەبەڵگەی شەرعی زۆربووینە و سەركەوتووینەتە سەر نەیارەكانماندا.

12- لەو سەردەمانەدا قوتابخانەكان بە دەستی ئەشاعیرە خۆیانەوە بوو بە حوكمی ئەوەی خاوەن دەسەڵات بوون، بۆیە بەڕێوەبردنی هەمووی بە كەسی ئەشعەری سەرسەخست دەسپێردرا، هەروەها مزگەوت و دادوەرەكانیش هەر خۆیان دایاندەمەزراند، جگە لەوەش خانەقایان هەبوو بەهەمان شێوە دەدرا بە دەستی كەسانی ئەشعەری و ئەوانیش دەبوون بە خاوەن كاریگەری زۆر لەناو كۆمەڵگادا و بەم شێوە نەك بە هۆی زانست و بەڵگەی زانستییەوە مەزهەبی ئەشاعیرە بڵاو بوویەوە.

13- (ابن تیمیة) زۆر كات زیندان دەكرا، دەوری چل ساڵ ئەو زانا بەرێزە هەر زیندان دەكرا و ئازاد دەكرا و جارێكی تر زیندان دەكرایەوە، ئیتر ناوبەناو قازییەك خاوەن ویژدان پشتگیری لێ دەكرد و داوای ئازادبوونی دەكرد ئەشعەرییەكانیش دەیانوت بەڵێ باشە، بەڵام با تەنازول لە عەقیدەكەی بكات بڵێت پەشیمانم، یان هیچ نەبێت لە هەندێ لە بیروباوەڕەكانی بگەڕێتەوە. جارێكیان كە بە تكای كەسایەتی پایەدارێك ئازاددەكرێت بانگ دەكرێتە قەلعەی دیمەشق و وەكو لە كتێبی (الدرر الكامنة

)دا هاتووە، وا بڵاو دەكرێتەوە كە (ابن تیمیة) وتوویەتی بووم بە ئەشعەری كە بێگومان وا نییە، لەبەر ئەوەی پێشەوایەكی گەورەی وەكو ابن تیمیة هەموو ژیانی و كتێبە زۆرەكانی شایەتن لەسەر پێچەاونەی ئەو بانگەشەیە، بەڵام ئیتر ئەوەش جۆرێك بوو لە جەنگی دەروونی لە دژی خۆی و شوێنكەوتوانی.

14- دوای ئازادكردنی لە قاهیرە نیشتەجێ بوو، ماوەیەكی زۆری پێ نەچوو سۆفییەكان لە قەلعەی دیمەشق سكاڵایان لەسەر (ابن تیمیة) تۆمار كرد و وتیان قسە بە مامۆستا و مەشایخەكانمان دەڵێت و هەروەها دەڵێت درووست نییە هاوار بە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم بكرێت! بۆیە جارێكی تر فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچوو و بۆ زیندانێك لە شاری ئیسكەندەرییە و پاش ماوەیەك ئازاد كرا.

15- جارێكی تر بە هۆی ئەوەی ابن تیمیة بەڕەحمەت بێت فەتوای لەسەر ئەوەبوو كە تەڵاقی سێ بە سێ یەك دانەی دەكەوێت نەك هەر سێكی، دیسان مەلاكانی ئەو سەردەمە كە زۆربەیان ئەشعەری و سەر بەدەسەڵات بوون، لە ساڵی 719 ی كۆچی لە دژی (ابن تیمیة) هەڵسانەوەو سكاڵایان لەسەری تۆمار كرد، ئەمەش بە هەمان شێوە لەبەر ئەو بۆچوونە جیاوازەی بوو لەگەڵیان كە هەندێ لە هاوەڵانیش لەسەر ئەو بۆچوونە بوونە، دیسان زیندان كرایەوە،

16- جارێكی تر مەلاكانی ئەوكاتە لەسەری هەڵسان بە هۆی فەتوایەكی كە تێیدا وتبووی زیارەتی قەبری پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم یەكێكە لە (قربات) بەڵام درووست نییە بەتایبەت سەفەری بۆ بكرێت، بەڵكو ئەگەر كەسەكە خۆی ڕێی كەوتە مەدینە بۆ ئیشی خۆی دەتوانێت سەردانی قەبرەكە بكات، لەسەر ئەوەش دیسان سەرانی ئەشاعیرە هەڵسان بە زیندانی كردنی.

لەبەر ئەوەی نەیارەكانی ابن تیمیة دەیانزانی دەسەڵات بە دەستی ئەشعەرییەكانەوەیە و دڵنیاش بوون لە هەڵوێستی ئەوان لە دژی (ابن تیمیة)، بۆیە هەمیشە لە جیاتی ئەوەی گفتوگۆی زانستی لەگەڵ بكەن و قسە و بۆچوونەكانی بە بەڵگە بەرپەرچ بدەنەوە، بەردەوام پەنایان بۆ دەسەڵات دەبرد و ئەوانیش خێرا فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەردەكرد!

(ابن تیمیة) زۆربەی ژیانە پر لە پێزەكەی لە زیندانی ئەشاعیرە جەهمییەكاندا بردەسەر، تەنها لەسەر ئەوەی عەقیدەیەكی ڕاست و درووستی هەبوو و بەو لادانانەی ئەوان لە ئەسمائوسیفات و قەدەر و بابەتەكانی تری فیقهو شەریعەتدا لەگەڵیان ناكۆك بوو ڕقیان لی بوو،، (ابن تیمیة) لەسەر بنەمای كیتاب و سوننەت و تێگەیشتنی سەلەف بوو و بە مەزن رایدەگرتن، زانایەكی حەقبێژ و بەغیرەت بوو لەسەر دینەكەی، وەكو ئەوان نانی بە زانستی شەرعییەوە نەدەخوارد و بڕیاری كۆتایی دابوو خۆی بە هەموو ساتێكی ژیانیەوە بە قوربانی ئیسلام بكات و تا دوا هەناسە بەرگری لە عەقیدەو لە شەریعەتەكەی بكات، بۆیە زیندانی بە گەشت وگوزار دەزانی و دەیفەرموو چیم لی دەكەن من بەهەشتەكەم لەناو دڵ و سنگمدایە، هەزاران دار لە زینداندا قورئانی خەتم كرد و سەدان كتیبی نووسی و وەڵامی هەزاران پرسیاری دایەوە كە تاكو ئێستا وەكو مەشخەڵێكە بۆ موسوڵمانان، بۆیە دواجاریش هەر لە زینداندا وەفاتی كرد و الله بە كوێرایی چاوی ناحەزەكانی ناوی بەرز كردەوە و كردی بە پێشەوایەكی هەرە خۆشەویستی موسولمانان لە هەموو سەدەكاندا و كردی بە پێشەنگ و سونبولێك بۆ هەمووئیماندار و موەحیدێك.

17- لەو وتانەی (ابن حجر) لە كتێبی (الدرر الكامنة)دا دەردەكەوێت كە ئەشاعیرە لە دژی (ابن تیمیة) كە كەسایەتییەكی ئیسلامی زۆر زانا و كاریگەر بووە، هەروەها لە دژی شوێنكەوتوانی و شوێنكەوتوانی مەزهەبی حەمبەلی كە ئەهلی فەرموودەو سوننەت بوونە، هەموو ڕێگەیەكی ناشەرعی و ستەمكارانە وتوندیان لە دژیان بەكارهێناوە و خەڵكیشیان ترساندووە و وتوویانە هەركێ نەبێتە ئەشعەری حاڵی بە حاڵی ئەوان دەبێت، لە قسەكانی (ابن حجر )دەردەكەوێت كە ئەشاعیرە هەڕەشە و لێدان و زیندانیكردن و خوێن حەڵاڵ كردن و سووكایەتی كردنیان لە دژی نەیارەكانیان بەكارهێناوە.

18- بەڵگەی هەمو ئەم مەسەلانە و لەمانە زیاتریش لە كتێبی (الدرر الكامنة) دا هاتووە بۆ كەسێك بیەویت بیخوێنێتەوە، لە یوتیوبیش ڤیدیۆیەك لەلایەن بانگخوازیكەوە تۆمار كراوە كە من سوودم لی بینی باس لەم مەسەلە دەكات، بەڵام من خۆم بۆ بەرگی یەكەمی ئەو كتیبە گەڕامەوە و قسەكانی ا(بن حجر) م خوێندەوە كە لە لاپەڕە 144 بەداوە باسی ابن تیمیة دەكات و ئەو بەسەرهاتانە دەگێڕێتەوە.

إحسان برهان الدین

8 شوّال 1443

2022-5-9

 

 

 

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *