هاوسەنگی پەروەردە لە نێوان ناز و نامیهرەبانیدا
یەکێک لە خراپییەکانی بەنازپەروەردەکردنی منداڵ ئەوەیە، لە داهاتووی نزیک یان دووری ژیانیدا، سەری لە بەردی واقیع دەدات ولەو خەوە خۆشەی ماڵەوە بە ئاگا دێتەوە ، چونكە كاتێك دەچێتە ناو كۆمەڵگا چاوەڕوانی هەمان مامەڵەیە لەبەر ئەوەی لەسەری ڕاهاتووە! لەو كاتەشدا بۆی دەردەکەوێت ئەو مامەڵەی لە ماڵەوە لەگەڵیدا دەکرا و ئەو نازو خۆشەویستییە زۆرەی لە ماڵەوە پێی دەدرا، کەسی تر ئامادە نییە لە دەرەوە هەمان مامەڵەی لەگەڵدا بکات ! تووشی شۆك دەبێت و دەروون و كەسایەتی بەرگەی ئەو دوو مامەڵە جیاوازە ناگرن، بەو شێوەش ئەگەری هەیە دووچاری گرفتی دەروونی وکۆمەڵایەتی گەورە ببێتەوە و لە داهاتووی دوور یان نزیك مەودادا لە كەسایەتیدا رەنگ بداتەوە.
لە ڕاستیدا نازپێدانی زیاد بە منداڵ، جۆرێکە لە تاوان و خراپەکردن لە بەرانبەر ئەو منداڵە و ڕێگەیەكی زانستی و تەندروست نییە بۆ دەربڕینی خۆشەویستی چونكە لەوانەیە ئەو كەسە تا ماوە بەدەست كاردانەوەكانی ئەو شێوە پەروەردكردنەوە بناڵێنێ، ئەگەرچی هەندێ لە دایکان وباوکان ئەوە بە ئەوپەڕی بەڵگەی خۆشەویستی و بەرجەستەكردنی بۆ مناڵەكەیان دەزانن.
بێگومان لێرەدا نابێت کەس وا تێبگات مەبەستمان ڕەچاوكردنی زبری و نامیهرەبانییە لە كاتی پەروەردەكردندا، بەڵکو تەنها مەبەست لە جەخت كردنە لە ڕەچاوکردنی هاوسەنگی لە کاتی پەروەردەکردندا، جارێک بە توندی لە کات و جێگەی گونجاوی خۆیدا و ، دە جاریش بە میهرەبانی وبە نەرمی لە کات و جێگەی گونجاوی خۆیدا. وەكو المتنبي دەڵێت:
ووضعُ الندى في موضعِ السيفِ بالعلا
مُضِرٌّ كوضعِ السيف في موضع الندى
إحسان برهان الدین
22 رجب 1443
2022-2-23