الثلاثاء , سبتمبر 26 2023
سه‌ره‌تا / وتاری نوسراو / گرنگی فێركردن لە كاتی منداڵیدا

گرنگی فێركردن لە كاتی منداڵیدا

 

گرنگی فێركردن لە كاتی منداڵیدا

فێربوونی زانست بە شێوەیەكی گشتی، لەبەر كردنی قورئان وفەرموودە وهۆنراوە ومتون، هەموو ئەوانە لە كاتی منداڵی و تاكو تەمەنی كەسەكە كەمتر بێت چاكتر لەلای دەچەسپێت و دەمێنیتەوە، پێچەوانەكەشی تا ڕاددەیەك ڕاستە جگە لە هەندێ حاڵەتی جیاواز نەبێت. هاوكێشەكەش زۆر ئاسانە لەبەر ئەوەی منداڵ مێشكی بەهیزە و پاكە و بەبێ گومان و مشتومڕ ئامادەیە بۆ وەرگرتن و پێشوازیكرنی باش لەوەی پێی دەدرێت، تەنانەت ئەگەر ئەو زانیارانە ناڕاست وهەڵەش بن، بەڵام مێشكی كەسی گەورە و بەتەمەن بە بەرپرسیارێتی و خەمی ڕۆژگار و جۆرەها گرفتی تر ئاخنراوە، جگەلە چەندین تەگەرە وڕێگری دەرەكی دیكە كە پرۆسەی فێربوون لەسەری قورس دەكەنەوە.

منداڵ لە سەرەتاكانی گەشە كردنیدا، مێشكی وەكو كاغەزێكی سپی وایە، چی لەسەر بنووسیت ئەوەی لەسەر جێگیر دەبێت، یان وەكو دەفرێكە چی تێبكەیت ئەوە دەگرێتەخۆی، فێری قورئان و فەرموودەو عەقیدەی ڕاست و ئاكاری جوان و ئادابی ئیسلامی بكەیت كەسێكی موسوڵمان و خاوەن ئاكاری بەرز وجوانی لێ دەردەچێت، فێری گۆرانی و مۆسیقا و بالێ وسەمایشی بكەیت كەسێكی لەو جۆرەی لێ دێتە بەرهەم! چونكە دەرەنجامەكان هەمیشە بە پێی پێشەكییەكانە.

بە كورتی منداڵ خاكێكی بە پیتی لەبارە چی تێیدا بچێنیت ئەوەی لەسەر دەدووریتەوە، بۆیە پێویستە گرنگی ئەو تەمەنە بۆ فێركردنی منداڵ لەبەر چاو بگیرێت و وەكو هەلێكی زێڕین تەماشا بكرێت كە هەرگیز دووبارە نابێتەوە، بەو پێیەش تا فێركردنی منداڵ دوا بكەوێت ئەوەندە كارەكە – لە هەموو ڕوویەكەوە – قورستر دەبێت.

مەسەلەیەكی تری گرنگیش بریتییە لەوەی فێركردنی منداڵ وئاراستە كردنی بە قسەی باش و ئامۆژگاری بەكەڵك، بۆ كاتی گەورە بوونی لەوانەیە خودی ئەو وتەو ئامۆژگارییانەی لەبیر نەمابێت، بەڵام كاریگەری و رەنگدانەوەكەی لە ناخ و هزریدا و لەوەی كە پێی دەوترێت عەقڵی باتن هەر دەمێنێتەوە و كاریگەری لە سەر كەسایەتی منداڵەكە لە داهاتووی ژیانیدا دەردەكەوێت.

كاریگەرەییەكی تری گەورەی فێركردن لە منداڵیدا ئەوەیە ئاراستەی منداڵەكە لە داهاتوویدا دیاری دەكات، بۆ نموونە تا چەند لە ناو كۆمەڵگادا كەسێكی كۆمەڵایەتی و هاوكار و ئەرێنی دەبێت، یان تا چەند ئامادەیی داهێنان و كەسایەتی زانستی بەهیزی دەبێت…هتد، واتە داهاتووی منداڵەكە وەكو چەندین توێژینەوەی زانستیش دەریان خستووە پەیوەندی زۆری بە جۆری فێركردنی سەردەمی منداڵی و بایەخ پێدانی ئەو منداڵەوە هەیە.

شێخ علي الطنطاوي بە رەحمەت بێت لە یەكێك لە وانەكانیدا كە لە تەلەفیزیۆنەوە پەخش دەكرا، دەست دەبات بۆ ئامێرێكی نزیكی خۆی كارێكی پێ ئەنجام بدات بەڵام كارەكەی پێ ناكرێت و ئیتر ئەوە دەكاتە هەلێك ولە بابەتی وانەكەی دەردەچێت و دەڵێت كێشەكە ئەوەیە ئێمە لە سەردەمی گەورەییماندا فێری كارپێكردنی ئەم ئامێرە بووین بۆیە لە بیرمان دەچێت، فێربوونیش لە گەورەییدا وەكو درووست كردنی نەخشێكە لەسەر ئاو زوو لەناو دەچێت! ئینجا دەڵێت: دووپاتی دەكەمەوە وبیرتان دەخەمەوە، جگەرگۆشەكانتان لە كاتی منداڵییانەوە فێری بنەماكانی ئیمان و عەقیدەیان بكەن بۆ ئەوەی لەلایان جیگیر بێت و بچەسپێت.

لەدێر زەمانەوە عەرەب وتوویانە: (التعلیم في الصغر كالنقش علی الحجر) واتە: فێركردن لە كاتی مناڵیدا وەكو نەخشی سەر بەردە دەمێنێتەوە. كێشە ئەوەیە تا ڕاددەیەك پێچەوانەكەشی ڕاستە ، بۆیە وتەیەكی تری عەرەبی هەیە بەڵام وەكو ئەوەی یەكەم بەناو بانگ نییە دەڵێت: (التعليم في الكبر كالنقش علي الماء) واتە: فێركردن لە كاتی گەورەییدا وەكو نەخش و وینەیەكە لەسەر ئاو بكێشرێت ، بەڵام ئەم وتەیە بە تەواوی وا نییە، ئەگەرچی ڕێژەیەكی بێگومان ڕاستە.

إحسان برهان الدین

23 رجب 1443

2022-2-24

 

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *