تەندروستی وئاسوودەیی چڵەپۆپەی نیعمەتەكانن
رَسُولُ اللهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرموویەتی : (مَنْ أَصْبَحَ مِنْكُمْ آمِنًا فِي سِرْبِهِ ، مُعَافًى فِي جَسَدِهِ ، عِنْدَهُ قُوتُ يَوْمِهِ ، فَكَأَنَّمَا حِيزَتْ لَهُ الدُّنْيَا بحذافیرها). ئەم فەرموودەیە بە پێی بەدواداچوونی محمد صالح المنجد بوخاري لە “الأدب المفرد” (ژمارە/300) ڕیوایەتی كردووە و هەروەها الترمذي دەربارەی فەرموودەكە لە “السنن” دا (2346) فەرموویەتی : حسن غريب . شەیخی ئەلبانیش لە هاوچەرخەكاندا لە “السلسلة الصحيحة” بە فەرموودەیەكی حەسەنی زانیوە بە (ژمارە/2318).
واتای فەرموودەكە:
( من أصبح منكم آمنا في سِربه) واتە: هەركێ لە ئێوە ئەی ئیمانداران بەبێ ترس و بە ئاسوودەیی، لە ناو ماڵ و مناڵ و خێزانەكەیدا ڕۆژ بكاتەوە.
( معافى في جسده) واتە تەندروست باش و سەلامەت بێت.
( عنده قوت يومه ) بژێوی ئەو ڕۆژەی خۆی هەبێت بە حەڵاڵی.
( فكأنما حيزت لە الدنیا بحذافیرها ) : وەكو ئەوەیە سامانی هەموو دونیای بۆ كۆ كرابێتەوە و ماڵی ئەو بێت.
واتە: هەركێ الله تعالی سەلامەتی جەستە و ئاسوودەیی دەروون و بژێوی ڕۆژانە و ماڵ و مناڵی باشی پێ بەخشی، ئەوە وەكو ئەوەیە هەموو نیعمەتەكانی دونیای بۆ كۆكردبێتەوە و نابێت ئەوە بەكەم بزانێت و پێویستە لەسەر ئەو نیعمەتانە سوپاسی پەروەردگاری بكات و لە تاعەت و ڕەزامەندی ئەودا بەسەری بەرێت.
ڕازینەبوونی مرۆڤ بەوەی كە پێی بەخشراوە و هەمیشە چاوبڕینی لە دەستكەوتی دونیایی زۆرتر، نە ڕیگە ئەدات چێژ لەبەشەكەی خۆى وەرگرێت و نە باشترەكەشی دەستدەكەوێت. تا كاتێك دەزانێ كاتی یارییەكە تەواو بووە.
إحسان برهان الدین
4 جمادى الآخر 1443
2022-1-7