الثلاثاء , أكتوبر 3 2023
سه‌ره‌تا / وتاری نوسراو / هەستكردن بە غەریبی لە نیشتماندا !

هەستكردن بە غەریبی لە نیشتماندا !

هەستكردن بە غەریبی لە نیشتماندا !

زۆربەی مرۆڤەکان – ناڵێم هەموویان – کە ناچار دەبن و سەری خۆیان بەرەو چارەنووسی نادیار و ڕێگای پڕ لە مەترسی هەڵدەگرن، دەزانن چی دەكەن و زۆر بیریان لەو كارەیان كردووەتەوە پێش ئەوەی ئەنجامی بدەن، لە ڕاستیدا زۆربەی ئەوانە بە دوای ژیانێکی شاییستە بە مرۆڤبوونیانەوە دەگەڕێن، لە نیشتماندا هەمیشە هەست بە برینداربوونی كەرامەتیان دەكەن و ڕووبەڕووی سوكایەتی وستەم و زیانی مادی و مەعنەوی دەبنەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە سەقفی داواكارییەكانیان بەرز نییە، تەنها دەیانەوێت وەكو مرۆڤێكی بەڕێز بژین و مافی ئاسایی مرۆڤبوونیان وەربگرن، ئەوان بە زمانی حاڵیان دەڵێن:

لێرە هەموو ڕۆژێکمان مردنێکە، بەڵام لە ڕێگەی هات و نەهاتدا، یان ڕزگارمان دەبێت، یان یەکجار دەمرین و ئەم تراجیدیا دەبڕێتەوە.

ئەوەی كە هەنگاوی لەو شێوە پڕ لە مەترسی دەنێت و بەرەو چارەنووسی نادیار دەڕوات، كاتێك خۆی و خێزان و مناڵی دەخاتە دۆخی ناخۆش و ترسناكەوە، ئەوە وەكو دەڵێن گەیشتووەتە ئەوسەری و لە وڵاتی خۆیدا هیچ تروسكاییەك وەدی ناكات، وەكو ئەوەیە بڵێت:

ژیانم كولە مەرگییە و دینیشم لێرە لە هیچ شوێنێكی تر باشتر و سەلامەتتر نییە، جا كە من دین و ژینم لە نا ئارامی و لە مەترسیدا بوو، ئیتر واتایەك بۆ ئەو ژیانە نامێنیتەوە.

سڵاو لە نیشتمانێك لێی هەڵبێیت و تێیدا هەست بە غەریبی بكەیت و لە تاراوگەیەك ببێتە هیوای گێڕانەوەی مرۆڤبوون! بەڵام ئەوەشی كە زۆر ناخۆشە ئەوەیە، ئەو بەهەشتەش كە مرۆڤەكان خەونی پێوە دەبینن هەندێ جار سەراب و تراویلكەیە، هەر بۆی دەڕۆن و هەر پێی ناگەن! بۆیە ئەو هیواو ئاواتەی كە لە دوورەوە لە وێنەی مێرگێكی درۆینەیەدا دەردەكەوێت! كاتێك پێی دەگەیت، لە جیاتی ئەوەی بتحەسێنێتەوە و ماندووبوونت دەربكات و تینوێتیت بشكێنیت، جۆرێكی تر لە ماندووبوون و لە تینوێتیت بۆ درووست دەكات، عەرەب واتەنی (كالمستجیر من الرمضاء بالنار). گەر بمزانیبا گوناه نییە دەموت:

كورد بوون كێشەیەكە سەرەتای هەیە، بەڵام كۆتاییەكەی دیار نییە!

إحسان برهان الدین

4 ربيع الآخر 1443

9/ 11/ 2021

 

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *