گەورەترین دەسكەوتەكانی عەلمانییەت لە كوردستاندا كە لە نەوەدەكانەوە پلانیان بۆ دادەڕشت و بە وردی كاریان بۆ دەكرد: بە گرتنەبەری زۆر ڕێگەی فەرمی و نافەرمی، دابڕاندنى گەنجان بوو لە زمانی عەرەبی و ناشیرینكردنی بوو لە بەرچاویاندا، بەوەش ئامانجە سەرەكییەكەیان هاتەدی كە بريتى بوو لة دابڕانی بەشێكی زۆر لە خەڵكی و بەتایبەتی گەنجان لە قورئان و سونەت و زانستە شەرعییەكان. چونكە هەمیشە ڕاگەیاندنی جەنگ لە دژی زمانی عەرەبی بە هۆی خودی زمانەكەوە نییە، بەڵكو ئەوە بەشێكە لە پرۆژەیەكی تێروتەسەل لە دژایەتیكردنی ئیسلام و ڕێگەیەكی تاقیكراوەشە و ئەزموون دەریخستووە كە دژایەتی كردنی زمانی عەرەبی ئەگەر سەربگرێت، یەكسانە بەلاوازی كاریگەری ئیسلام لە دڵی موسوڵماناندا.
عەلمانییەت لەو حەقیقەتە چاك تێگەیشتوون: بەرهەمهێنانی نەوەیەكی دابڕاو لە دینەكەی، ناحاڵی لەشەریعەتەكەی، گوێنەدەر بە مەنهەج و بیروباوەڕەكەی، بە پلەی یەكەم و بە بەهانەی جیا جیا، پێویستی بە نامۆكردن و دژایەتی كردنی زمانی عەرەبییە، چونكە زمانی عەرەبی كلیلی دەرگای ئەو ڕێباز و زانستانەیە، جا كە كلیلەكە ونكرا، یان شێویندرا و توانای كردنەوەی دەرگاكەی نەما، ئامانجەكە دێتەدی. جگە لەو ستراتیجە تۆكمەیەش و وەكو تەواوكاری، پرۆسەی نامۆكردنی ئیسلام پێویستی بە تەشەنە پێكردنی گومان و شوبوهات، لەگەڵ ڕەخساندنی بێ رەوشتی و شەهەوات هەبوو، كە ئەوەش هەر زۆر كارێكی ئاسان بوو و زوو ئیشی لەسەر كرا، بەو شێوەش تەواوی پرۆسەی دوورخستنەوەی نەوەی ئاییندە لە ئیسلام دەستەبەر كرا و بەداخەوە نەوەیەك درووست بوو- إلا ما رحم ربي – ئەوەی گرنگ نەبێت بەلایەوە دینە و هەموو خەم و بایەخێكی تەنها بۆ دونیا و ئامانجی بچووكە.
هاوكێشەیەكە و هیچ هەڵە قبوڵ ناكات: عەرەبی نازانیت، لە ئیسلام ناتوانیت تێبگەیت. ئەمەش ئەو حەقیقەتە بوو كە عەلمانییەت كردیان بە ستراتیجییەتێكی دریژخایەن و زۆریش لە دژایەتی راستەوخۆی ئیسلام و ڕووبەڕووبوونەوەی شوێنكەوتووانی بەبەرهەمتر وسەركەوتووتر بوو، عەلمانییەت لەوەدا وەكو باخەوانێكی بە ئارام و بە پشوو ڕەفتاریان كرد، دە ساڵ پاش ناشتنی نەمامەكانی چاوەڕێی گەشە كردن و نەشونمای باخەكەی دەكات و هیچ پەلەی لێ ناكات، بۆ ئەوەی چاكترین بەرهەمی لێ بدوورێتەوە، ساڵانێك لە مەترسییەكانی دژایەتی كردنی زمانی عەرەبی ورییاییم دەدا و وەكو ئەوە بوو فوو بە خۆلەمێشدا بكەم.
تێبینی:
– پلانی دژایەتیكردن و ناشیرینكردنی زمانی عەرەبی بە مەبەستی لێدانی ئیسلام، یەكەم جار لە سەرەتاكان و ناوەڕاستی سەدەی رابردوو لە وڵاتی میسر تاقیكرایەوە، بەڵام لەوێ لە پاش فەزڵ و چاكەی رب العالمین، بە هۆی كەسانێكی بە غیرەت لەسەر دینەكەیان وەكو الرافعي و العقاد و محمود شاكر وزۆری تر ئەو پیلانە سەرینەگرت و لەباربرا.
– لەو چەند دێڕەی سەرەوە تەنها ئاماژەم بە كاریگەری و زیانەكانی نەزانینی زمانی عەرەبی كردووە لەسەر ئایینی موسوڵمان كە ئەوە كارەساتە گەورەكەیە! ئەگینا نەزانینی ئەو زمانە بۆ دنیایشی هەر زیانبەخش و خراپە، بەڵام ئەوە مەسەلەیەكی ترە و جیاوازە.
إحسان برهان الدین
23 ربيع الآخر 1443