وریابە لە ڕێگرەكانی هیدایەت
تەنها جەهل بە بیروباوەر و بە شەریعەتی ئیسلام تاكە ڕێگر نییە لە وەرگرتنی هیدایەت، بەڵكو هەندێ جار لەگەڵ هەبوونی عیلمیشدا بەرژەوەندی مادی و وابەستە بون بە پلەوپایەو دەمارگیری بۆ حیزب و لایەن و شیخ و مامۆستا دەبنە ڕێگرێكی پۆڵایی لەبەردەم هیدایەتدا و ڕێگەی لێ دەگرن بچێتە دڵی ئەو كەسەوە كە ئەو سیفەتانەی هەیە.
هۆكارێكی تریش ئەوەیە لادەرەكان گوێ لە قسەی ئەوانە ناگرن كە ئامۆژگارییان دەكەن و دڵسۆزیانن، بەڵكو بە زمانی حاڵ دەڵێن ئێمە بە قسەی سەرانمان دەكەین و ئەوان لە جیاتی ئێمە بیر دەكەنەوە، تەنانەت ئەگەر ماوەیەك بڵێن سپی و دواتر بڵێن ڕەش شوێنكەوتوانی دەمارگیر بەبێ بیركردنەوە دەڵێن هەم سپی و هەم ڕەش، سەران و شوینكەوتوانی لەو شیوە لافاوی گومڕایی دەیانبات و ڕێنموونییان لێوە دوورە تاكو وابن!
هەروەها هاوڕێ و هاوكار و هاوپێڕ و هاوتاقمی خراپ و گومرا و نەفام بەربەستێكی ترە لە چوونە ژوورەوەی ڕوناكی هیدایەت بۆ دڵی ئەوانەی لەڕێگەی راست لایانداوەو وا دەزانن لەسەر ڕێگای هیدایەتن.
ئەگەر لە تاریكستانی نەفامی ئێستادا ڕێگای ڕاستت دۆزیوەتەوەو بەبێ هیچ منجەمنج و خۆ فریودانێك، بەڕاستی و بەبێ تەئویل و تەحریف وشێواندنی دەقەكان، لەسەر ڕێبازی قورئان و سوننەتیت و بە هەموو حوكمەكانیان ڕازیت، ئەوا زۆر سوپاسی پەرورەدگارت بكە و با دڵت خۆش بێت كە تۆیش یەكێك نەبوویت لەوانەی لافاوی نەفامی و گومرایی ڕایماڵیون و بڵێ: (الْحَمْدُ لِلَّهِ الَّذِي هَدَانَا لِهَٰذَا وَمَا كُنَّا لِنَهْتَدِيَ لَوْلَا أَنْ هَدَانَا اللَّهُ).