نیعمەتی هیدایەت گەورەترینە!
هەندێ جار ڕاهاتن بە بینینی نیعمەتەكانی الله بەسەرمانەوە، ئەو نیعمەتانە بێ بایەخ دەكات، یان وەكو شتێكی ئاسایی وێنایان دەكات لەبەرچاومان، كە ئەوەش هەڵەیەكی گەورەیە!
ڕێنوینێ بۆ ئیسلام، بۆ سوننەت، بۆ بیروباوەڕی ڕاست و تەوحیدی پاراو، بۆ ڕازیبوون و خۆ ڕازاندنەوە بە ئاكارە جوانەكانی ی ئیسلام، ئەوانە بۆ خۆیان نیعمەتی هەرە گەورەن و نابێت لەگەڵ ڕۆژگاردا ببنە حاڵەتێكی ئاسایی بەلامانەوە و هەستی پێنەكەین، بەڵكو دەبێت لە نیعمەتی ماڵ و مناڵ و تەندروستی و نیعمەتەكانی تر بە گەورەتری بزانین! تا لە ژیانیشدا بین پێویستە بپاڕێینەوە لە پەروەردگارمان ئەو نیعمەتە بەردەوام بكات لە سەرمان، چونكە دڵەكان ئەگەر كۆمەك و پشتگیری الله یان نەبێت، هەموو چركە ساتێك مەترسی ترازان و لە خشتەچوونیان لەسەرە.
ئەگەر ئیمان و ئەهلی ئیمانت خۆش ویست، ئەگەر ڕقت لە بێ باوەڕیی و بێ باوەڕان و بێ ڕەوشتیی و بێ ڕەوشتان بوو، ئەوە بە ئازایی خۆتی مەزانە، بەڵكو بڵێ ئەوە نیعمەتی تۆیە یا الله، تا ماوم سوپاست دەكەم لەسەری، تۆیش بەردەوامی بكە لەسەرم: ( ولَكِنَّ اللَّهَ حَبَّبَ إِلَيْكُمُ الْإِيمَانَ وَزَيَّنَهُ فِي قُلُوبِكُمْ وَكَرَّهَ إِلَيْكُمُ الْكُفْرَ وَالْفُسُوقَ وَالْعِصْيَانَ أُولَئِكَ هُمُ الرَّاشِدُونَ } [الحجرات:7].