الأحد , ديسمبر 3 2023
سه‌ره‌تا / وتاری نوسراو / مادام مرۆڤە هەڵەی لێ دەوەشێتەوە

مادام مرۆڤە هەڵەی لێ دەوەشێتەوە

مادام مرۆڤە هەڵەی لێ دەوەشێتەوە

هەندێك جار كە بە كەسانێك دەڵێيت فڵانە زانا، یان فڵانە سەركردەو مامۆستای ئایینی لە بابەتێكی دیاری كراودا هەڵەیە و نەیپێكاوە، دەبینیت زۆریان پێ سەیرە و ڕەنگە لە دڵی خۆیانەوە، یان هەر ڕووبەڕووت پێت بڵێن: یەعنی ئەوەندەی تۆیشی لێ نەزانیوە؟ تۆ زانیت ئەو شتە هەڵەیە ئەو نەیزانی؟! ئەوەش لە ڕاستیدا قسەیەكی سەیرو سەمەرەیە وپێوەرێكی نازانستییە! هەمیشە فەقیر حاڵ و بێ بەشەكان لە زانستی شەرعیدا دەستی بۆ دەبەن!

زانایان مەعسوم نین، بۆیە تا دەتوانی ڕا و بۆچوون و تێگەیشتنەكانیان بەبێ بەڵگە وەرمەگرە و مەڵێ قابیلە زانایەکی وا گەورە، بانگخوازێكی وا بەناوبانگ، مامۆستایەكی وا بە تەمەن و بە ئەزموون، نووسەرێكی وا بەتوانا ! بەبێ بەڵگە قسە بکات و فڵانە شتی نەزانیبێت ! بەڵێ قابیلە و ڕەنگە شتی زۆر ئاسان و ئاسایی لێ تێپەڕ بێت و دەركی پێ نەكات كە فێرخوازێكی زانست دەركی پێ بكات و لێی تێپەڕنەبێت!

هیچ نامۆ نییە زانایەكی گەورە هەڵەیەكی گەورە بكات، لەبەر ئەوەی مرۆڤە و بە حاڵەتی دەروونی و عەقڵی جۆراوجۆردا تێدەپەڕێت، چجای بانگخواز و خەتیب و مامۆستا بێت كە زۆر جار ڕۆشنبیرییان هەیە نەك زانست! جا كوردیش بن، چونكە بەڕاستی ئەوە ڕاستییەكە باشترە مشت ومڕی تێدا نەكەین كە كورد لەم قۆناغەدا زانای موعتەبەری بەمەرجەكانی خۆی تێدا هەڵنەكەوتووە و لادان و ئینحیرافێكی مەنهەجی و پشێوی فیكری و زانستی لەناوماندا بوونی هەیە و نكۆڵی لێ ناكرێت!

بۆیە دەڵێم: زانایان مەعسوم نین و ئەوانیش دوا جار مرۆڤن، مرۆڤەکان هەمیشە قابیلی هەڵەن، بەڵام چۆن بزانین هەڵەیان كردووە؟ لە ڕاستیدا ئەوەش مەسەلەیەكی گەورەو گرانە و بە هەموو كەسێكیش ناكرێت و بەلادان و بە سەرپێچی كردنی پێوەرو دەقە دیارەكانی شەرع و ئەوەی كە ئوممەت لەسەری یەك دەنگن دەردەكەوێت!

ئەم قسەیە هەرگیز بۆ ئەوە نایكەم متمانەی كەس بە زانایان كەم بكەمەوە، نەخێر، ئەوان تا ئەو كاتەی لەسەر مەنهەج و ڕێبازی ڕاستی كیتاب و سونەت بەردەوام بن، پلەو پایەیان پارێزراوە و جێگای ڕێزو سوودن و وەكو مەشخەڵ ڕێگای موسوڵمانان ڕوناك دەكەنەوە، بەڵام دەمارگیری بۆ زانا و مەزهەب و تاقم، نەخۆشییەكی كوشندەیە وەكو یەك توشی دیندار و بێ دین دەبێت، ئەوەندە تێدایە دیندارەكە بە زمانی حاڵ زانا و سەركردەی ئیسلامی لێ دەبێتە مەعسوم وبێ هەڵەو پەڵە، كەسەكەی تر كەسێكی دوور لە دینی لێ دەبێتە كەسێكی بێ هاوشێوەو بێ هاوتا وپیرۆز، وەكو نەخۆشی هەمان دەردە!

لەبەرانبەریشدا مەسەلەیەكی تری گرنگ هەیە ئەویش ئەوەیە، بە مەعسوم تەماشا كردنی زانایان – كە ئەوە كارێكی هەڵەیە – مەسەلەیەكە و ، حیساب نەكردن بۆ قسەو تێگەیشتنیان لە دەقەكان مەسەلەیەكی ترە، ئەوەش دیاردەیەكە لەوەی یەكەم كەمتر خراپ نییە و هاوسەنگی لەبەر ڕوناكی قورئان و سوننەتدا لەو بارەوە پیویست و داواكراوە! ماوەیەكە لە كوردستاندا بە زەقی سەری هەڵداوە لە وینەی بێ ڕێزی ناڕاستەوخۆ بەرانبەر بە زانایان و لە حەقیقەتدا ئەو كەسانە لە كاتێكدا نكۆڵی لە ڕاو بۆچوونی ئەوان دەكەن، ڕاوبۆچوون و تێگەیشتنی خۆیان دەخەنە جێگەی بێ ئەوەی بەڵگەیەكی ڕوونیان لە قورئان و سونەت بە دەستەوە بێت!

ئەم دوو باسە پێویستیان بە هاوسەنگی و تێكەڵ نەكردنە، ئەوەشی كە خەریكە دەبێتە دیاردە لە ڕەتكردنەوەی قسە و زانستی زانا گەورەكان و بێ ڕێزیكردن بەرانبەریان، جۆرێكە لە دەرگا واڵا كردن بۆ كێشەیەكی مەنهەجی تازە كە دواجار ئەویش ململانێی شوێنكەوتنی كەسانێكە لە هاوچەرخەكان ، یان پشت بەستنە بە تێگەیشتنی خودی كەسەكان خۆیان كە بی ڕێزی بەرانبەر زانایان دەكەن و تۆمەتباریان دەكەن، واتە تەنها گۆڕینی مەرجعیەتە لە زانا كۆنەكانەوە كە زۆر جار زانای گەورەو بەتوانان، بۆ كەسانێك لە هاوچەرخەكان كە ئەویش بۆ خۆی قسەوباسێكی زۆر هەڵدەگرێت.

إحسان برهان الدین

28 شوّال 1442

9 حزیران 2021

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *