الأربعاء , ديسمبر 6 2023
سه‌ره‌تا / وتاری نوسراو / وتەیەك دەبارەی (تجدید) لە ئیسلامدا

وتەیەك دەبارەی (تجدید) لە ئیسلامدا

وتەیەك دەبارەی (تجدید) لە ئیسلامدا

لە چەند ڕوویەكەوە بە كورتی تیشك دەخەمە سەر ئەم بابەتە بەم شێوەی خوارەوە:

یەكەم: مەبەست لە (تجدید) چییە؟ مەسەلەی (تجدید) واتە نوێكردنەوەی ئیسلام ، بە واتای ئەوە دێت كە ئیسلام بگێڕدرێتەوە بۆ سەر بنچینەكەی خۆی لە سەردەمی پێغەمبەر دا صلی الله علیه و سلم، واتە كاتێك كە خەڵكی لە ئیسلامی حەق و ڕێبازی كیتاب و سونەت لا دەدەن و تووشی شوبهە و بیدعە وگومان و گومڕایی دەبن، (مجدد) واتە نوێكەرەوەیەكی ئیسلام دێت، جارێكی تر سوننەت و بیدعە لە یەكتر جیا دەكاتەوە و ئیسلامی كیتاب و سونەت دەخاتە ڕوو، پشتگیری سوننەت و ئەهلی سوننەت دەكات و لە ناو خەڵكیدا زیندووی دەكاتەوەو دژایەتی بیدعە و ئەهلی بیدعەش دەكات وسەركزیان دەكات وەكو دانەری (عون المعبود) وتویەتی.

دووەم: دەق و واتای فەرموودەكە: فەرموودەكە لە سونەنی أبو داود و غەیری ئەودا بەم شێوەیە هاتووە: (إن الله يبعث لهذه الأمة على رأس كل مائة سنة من يجدد لها دينها) واتە: الله تعالی لەسەری هەموو سەدەیەكدا ، ئیتر ئایا سەرەتای سەدەكە بێت یان كۆتاییەكەی زانایان خیلافیان هەیە لە دیاریكردنی، كەسێك – یان كەسانێك – دەنێرێت وكاری بۆ ئاسان دەكات، دینی ئەو خەڵكە نوێ بكاتەوە، واتە بیگێڕێتەوە سەر ئەسڵ و بنچینە ڕاستەكەی خۆی.

سێیەم: سەنەدی فەرموودەكە: ئەم فەرموودە وەكو وتمان أبو داود و كەسانی تر دەیگێڕنەوە، زۆرێك لە فەرموودەناسان بە فەرموودەیەكی صحیح یان زانیوە و تصحیح یان كردوە، بەڵام ئەوانەی كە تصحیح یان كردووە زۆربەیان لە پێشەوا گەورەكانی فەرموودەناسان نیین لەسەردەمی یەكەمدا، بەڵكو لە (متأخرین)ن، لە دیارترینیان ابن حجر العسقلاني لە سەدەكانی پێشوودا، لە دیارترینی هاوچەرخەكانیش شێخ محمد ناصر الدین الألبانی، كە لە لێكۆڵینەوەی بۆ سونەنی ئەبوداوود فەرموودەكەی بەڕاست زانیوە، بەڵام فەرموودەكە یەكدەنگی لەسەر ئەوە نییە كە فەرموودەیەكی سەحیح و ڕاست و بێ كێشەیە، بەڵكو عیللەی تێدایە و هەر بۆیە لەبەرانبەردا فەرموودەناسی هاوچەرخ مصطفی العدوي تانەی لێ داوەو بە فەرموودەیەكی ضعیف ی زانیوە. وەكو ئەوەی فەرموودەكە عیللەی تێدایە فەرموودە ناسە دێرینەكان لەسەردەمی پێشەوا بوخاری بە دوا هەندێكیان هەر ڕەخنەیان لێ گرتووە، بە كورتی زۆرێك لە فەرموودەناسان بەڕاستیان زانیوەو لەبەرانبەریشدا لەلایەن زاناو فەرموودەناسی ترەوەڕەخنەو تانە ئاراستەی سەنەدەكەی كراوە، واتە فەرموودەكە یەكدەنگی دەربارەی ڕاستێتی درووست نەبووە و جێگای خیلافە.

چوارەم: جگە لەسەنەدەكەی خیلاف لەسەر ناوەڕۆك و مەتنەكەشی هەیە، لەوانە وشەی (أمر دینها) یائا وشەی أمر ی تێدایە یان زیادەیە؟ هەروەها ( مَن يُجَدِّدُ ) ئایا مەبەست لێی یەك كەسە وەكو زۆر لەزانایان خۆیان ماندووو كردووە بەدیاری كردنی كەسێك بۆ هەموو سەدەیەك؟

یان مەبەستی فەرموودەكە زیاتر لە كەسێك دەگرێتەوە؟

یان كۆمەڵێك زانا و چاكساز پێكەوە دەگرێتەوە؟

یان هەموو زانایەك كە بانگەواز بۆ دینی حەق بكات و بانگهێشتی خەڵكی بۆ گەڕانەوە بۆ لای كیتاب و سونەت بكات دەگرێتەوە؟

ابن كثیر پێی وایە هەموو زانایەك دەگرێتەوە كە لەو سەدەیەدا بە ئەركی گەیاندنی زانست و فێركردنی خەڵكی و ئیسڵاح هەڵسابێت. “البداية والنهاية” (6/256).

ابن حجر پێی وایە مەرج نییە مەبەستی فەرموودەكە یەك كەس بێت ، بەڵكو لەوانەیە كۆمەڵێك زانا بن پێكەوە ئەو وەسفەیان لەسەر جێبەجێ بێت. “فتح الباري” (13/295).

هاوچەرخەكانیش بە زۆری لەگەڵ ئەوەدان كە مەبەستی فەرموودەكە كەسانێك بێت لە زانایان یان تەوژمێكی زانستی بگرێتەوە، بەڵكو ڕەنگە هەندێكیان بەناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەوەدا بن كۆمەڵ و دەستەو تاقمێكی ئیسلامی بن!

پێنجەم: كتێب و هۆنراوەی زۆر لەسەر مەسەلەی (تجدید) و (مجددون) نووسراوە، لەوانە: “تحفة المهتدين بأخبار المجددين” ی جلال الدین السیوطی كە تێیدا ناوی هەندێك لەوانە دەبات كە بە (مجدد) ناسراون، وەكو عمر بن العزیز والشافعي و بەڵكو ناوی چەند زانایەكی ئەهلی كەلام و ئەشعەریشی بردووە وەكو مجدد! لە هەنگاوێكی سەیریشدا بۆ سەدەی خۆی ئومێدەوار بووە خۆی واتە: السیوطي مجدد سەدە بێت! وەكو خۆی دەڵێت:

وهذه تاسعة المئين قدْ **** أتت ولا يُخلف ما الهادي وعدْ

وقد رجوتُ أنني المجددُ **** فيها ففضل الله ليس يجحدُ

لەسەر ئەم تەزكیەكردنەشی بۆ خۆی تووشی ڕەخنە و هێرشی زۆری زانایانی سەردەمی خۆی و دوای سەردەمی خۆی بوویەوە كە چۆن جورئەتی ئەوە دەكات خۆی بە (مجدد )ی سەدەیەك بزانێت؟!

شەشەم: ئەگەر مەسەلەی خیلاف لەسەر سەنەدی فەرموودەكەش تێپەڕێنین وفەرموودەكە بە فەرموودەیەكی صحیح بزانین، مەسەلەیەكی گرنگی تر دەمێنیت، ئایا ئەو كەسەی كە بە نوێكرەوەی دین دابنرێت كێ دیاری دەكات؟ چۆن یەكلا دەبێتەوە و لەسەر چ بنەمایەك كە فڵان زانا نییە و ئەوی ترە؟ یان ئەو كۆمەڵە نییە و كۆمەڵێكی ترە، لە ڕاستیدا مەگەر هەر وەكو گومانێكی باش و نزاو پاڕانەوەو ئومێدێك بێت دیاریكردنی كەسێك وەكو مجدد، چونكە جگە لە الله تعالی خۆی نەبێت كەس نازانێت كێیە، لەبەر ئەوەش وەحی نەماوە و هەواڵی ئاسمان ناگاتە زەوی پاش مردنی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم، بۆیە هیچ كەسێك نازانێت الله لە كێ ڕازی بووە وەكو نوێكەرەوەی ئیسلام و ئەو سەربەرزی و پلەیەی پێ بەخشیوە، مەسەلەكە هەر گومان و مەزەندەیە، ئەگەر هەموو زانایان و خەڵكی سەدەیەك بەیەك دەنگ بڵێن نویكەرەوەی ئەم سەدەیە فڵانە زانایە، هەر قسەكەیان پلەی دڵنیایی وەرناگرێت و لە بازنەی ئەگەر و گوماندا دەمێنیتەوە.

تێبینی: بۆ نوسینی ئەم بابەتە جگە لە تیگەیشتنی خۆم بۆ مەسەلەكە، بۆ چەندین سەرچاوەی زانستی گەڕاومەتەوە.

إحسان برهان الدین

18 شوال 1442

30- أیار 2021

 

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *