الثلاثاء , أكتوبر 3 2023
سه‌ره‌تا / وتاری نوسراو / بۆشایی كۆرۆنا!

بۆشایی كۆرۆنا!

بۆشایی كۆرۆنا!

دووركەوتنەوەی نوێژخوێنان لە یەكتر لە كاتی نوێژی جەماعەتدا، پاساوێكی شەرعی پەسەند نییە بە هۆیەوە ئەو كارە ئەنجام بدرێت! چونكە ئەو شێوازە نوێژە زۆر نامۆیە و گۆڕانكارییەكی گەورەیە لە شێوازی ئەنجامدانی شەعیرەیەكی مەزن و دروشمێكی ئیسلام كە نوێژی جەماعەتە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە پاساوی ئامادە نەبوون و دابڕانی نازانم لە مزگەوت، ئەوەش چونكە ئەوەی كە دەگوزەرێت لە دووركەوتنەوەی نوێژخوێنان بە دەستی تۆ نییە و تۆ بەشدار نیت لە درووستبوونی ئەو گۆڕانكارییەدا. لەلایەكی تریشەوە لەبەر ئەوەی ڕێكحستنی ڕیزەكان و شان بەشان وەستانی نوێژخوێنان ئەگەرچی سوننەتێكە و دروشمێكی شەرعییە و بەلای زۆرێك لە زانایانەوە واجبە، بەڵام هاوكات شەرعناسان بەپێی تێگەیشتنیان لەبەڵگەكان جیاوازییان بووە ئایا ئەنجامنەدانی ئەوەی پێی دەوترێت (تسویة الصفوف) نوێژ بەتاڵ ئەكاتەوە یان نا، ڕای پەسەندیش ئەوەیە كە نوێژی پی بەتال نابێتەوە، بۆیە نوێژكردنی كەسێك لە پشتی سەفەكانەوە بەتەنها بە مەكروهیان زانیوە بەڵام نەیانفەرمووە نوێژەكەی بەتاڵ دەبێتەوە.

لە ڕاستیدا جەختكردنەوەی زۆرێك لە حكومەتەكانی جیهانی ئیسلامی لەم ڕۆژگارەدا لەسەر ئەم ڕێكارە لە دووركەوتنەوەی نوێژخوێنان و هێشتنەوەی ئەو بۆشاییە لە كاتی نوێژی جەماعەتدا بە بیانووی خۆپارێزی لە كۆرۆنا، هیچ پاساوێكی ڕوون و ئاشكرای شەرعی یان تەندروستی تێدا نابینم، مەبەستیش لەو كارە ئەوەندەی ڕاهێنانی خەلكە لە گەڵ دووركەوتنەوە لە سوننەت و شێواندنی شەعیرەكان، پێم وانییە مەبەست لێی پاراستنی ژیانی نوێژخوێنان بێت،

بەڵكو ئەوان هەمیشە بەدوای بیانوو و هەلێكدا دەگەڕێن كە دەستكارییەكی شەریعەت و عەقیدەی خەڵكی بكەن، بۆیە دەبینی لەكاتێكدا ڕێوشوێنەكان سەبارەت بە دووركەوتنەوەی كەسەكان لەیەكترەوە لە مزگەوتەكاندا بەتوندی دگیرێتەبەر و بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنیشی دەكرێت، بەڵام لە بازاڕ و مۆڵ و چێشتخانەو یاریگا و كافتریاكان وانییە! لە شوێنانی تر كە هەرچی پەروەردگار پێی ناخۆشە تێیدا دەكرێت و سنوورەكانی ئیسلامی تێدا ئەتك ئەكرێت، كەسەكان زۆر لەیەكتر نزیكن و كەسیش حەقی بەسەریانەوە نییە و وەكو ئەوەی كۆرۆنا بەڵێننامەیەكی پێ پڕ كرابێتەوە نەچێتە ئەو شوێنانە! بەڵكو لە خودی مزگەوتیشدا نوێژخوێنان تەنها لە كاتی نوێژەكەدا لەیەكتر دوورن و دوای نوێژەكە زۆر لە یەكتر نزیك دەبنەوە! بۆیە پیم وایە مەسەلەكە تێكدانی شەرعە و ناشیرینكردنی دینەكەیە نەك پاراستنی ژیانیان .

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێم باش نییە بەو هۆكارەوە كەس لە نوێژی جەماعەت دوا بكەوێت، مەگەر لە بنچینەدا هۆكاری شەرعی تر هەبێت لە مزگەوتێكدا نوێژ نەكرێت بۆ نموونە پێشنوێژەكە لە ڕووی عەقیدەو بیروباوەڕەوە لە كیتاب و سوننەت لایدابێت و یان مەرجەكانی پێشنوێژی موسولمانانی تێدا نەبێت و كەوتبێتە یەكێك لە هەڵوەشینەرەوەكانی ئیسلام ، چونكە ئەگەر وا بێت ڕیزی نوێژخوێنان موویشی بەبەیندا نەچێت نوێژەكەیان هەر درووست نییە و ڕاست و درووستی عەقیدە و بیروباوەڕ مەرجە بۆ پیشنوێژ و ئیمامەتی موسوڵمانان.. بە كورتی:

بۆشایی كۆرۆنا كە لە نێوان نوێژخوێناندا لە مزگەوتەكاندا ڕەچاو دەكرێت، پێچەوانەی سوننەتە و وادەرناكەوێت پاساوێكی شەرعی و زەرورەتێكی تەندروستی هەبێت بۆ ئەنجامدانی ، لەگەڵ ئەوەشدا بەو شیوەش بێت نوێژی جەماعەت هەر بكرێت چاكترە و وئەو ە لە داخستنی مزگەوتەكان باشترە..والله أعلم.

إحسان برهان الدین

9 رمضان 2021

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *