سەرسام بوونی موسوڵمانان بە عەلمانیەت!
عەلمانییەكان توانیویانە عەلمانیەتی خۆیان كە ئایدۆلوژیایەكی گشتگیرە و وەكو جێگرەوەی ئایین تەرحیان كردووە ، دزەی پێ بكەن بۆ ناو هەموو جومگەكانی ژیانی موسوڵمانان و هەروەها زۆرێك لە تێڕوانین و دیدەكانیان بۆ ژیان و بۆ گەردوون و تا ڕادەیەك بۆ ئایینش بەهەمان شێوە دزە پێ بكەن بۆ ناو حیزبە ئیسلامییەكان، ئەڵبەتە نەك تەنها لە كوردستان، بەڵكو لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا ئەم واقیعە تاڵە بەرقەرارە! ئەمەش لە كاتێكدایە كە عەلمانیەت ڕێبازێكی دەستكردی مرۆڤەكانە و لە بنچینەدا دژی فیترەتە و پڕی لە كەم و كورتی و دژوارییە لە گەڵ ئاكار و ڕەوشت و ڕوحی مرۆڤەكاندا! لە عەلمانیەتدا لە ڕووی مادییەوە مرۆڤ وەكو دەزگا وهۆكارێكی كاركردن و پارە پەیدا كردن سەیر دەكرێت، لەڕووی ڕوحی و واتاییشەوە مرۆڤ لە عەلمانیەتدا وەكو كۆمەڵێك لە ئارەزووی جۆراوجۆر تەماشا دەكرێت كە ڕێگەی تێركردنی هەموو ئەو ئارەزووانەی بەدەر لە سنوورەكانی دین پێ دراوە.
سەرەڕای هەموو ئەو واتا خراپانەی كە عەلمانیەت لە خۆی گرتووە و ئەو جەنگەی كە لە دژی ئیسلام ڕایگەیاندووە، جێگای داخە كە موسوڵمانان چی وەكو تاك ، یان وەكو كۆمەڵ و حیزبە ئیسلامییەكان، نەك هەر لە ڕووی فیكری و شارستانی لەو جەنگەدا لاوازن و چوونەتە هێڵی بەرگری و لە بەرانبەر عەلمانیەتدا هەست بە كەمی دەكەن و نەیانتوانیوە هیچ كاریگەری وفشارێكیان لەسەر درووست بكەن، بەڵكو پێیشیان سەرسامن و شوێنیان دەكەون و لاساییان دەكەنەوە ، لەوەش زیاتر قۆناغێكی تر چوونەتە پێشەوە ، بەناراستەوخۆ و هەندێ جار بە ڕاستەوخۆ! كار لەسەر درووستكردنی جۆرێك لە عەلمانیەتی ئیسلامی! یان لیبرالیەتی ئیسلامی !دەكەن و لەگەڵ ڕۆژگاردا خاڵی هاوبەشیان پێكەوە زیاتر دەبێت و پەیوەندییان تۆكمەتر دەبێت!
ئەوەشی لێی ناپرسرێت و حیسابی بۆ ناكرێت حوكمی ئیسلامە لەو جۆرە سەرسام بوون و لاساییكردنەوە و پەیوەندییە گەرم و گوڕە، چۆن بلێیت بووەتە ئەمری واقیع. مەخابن هەنگاوی زۆریش بەو ئاراستەیەدا نراوە، هێشتا نایشزانین داهاتوو لەم بارەوە چی پێیە؟ عەرەب واتەنی: (والحبل علی الجرار).
إحسان برهان الدین
23 شعبان 1442
5 نیسان 2021