كورد و عاتیفە!
هەبوونی سۆزو عاتیفە لە مرۆڤدا شتێكی باشە، مرۆڤی خاوەن عاتیفە و بێ عاتیفە وەكو زەوی وشك و زەوی سەوز وایە! مرۆڤی بێ عاتیفە واتە: مرۆڤێكی بێ ڕەحم و كەم بەزەیی ودڵڕەق.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر هەبوونی سۆز و عاتیفە لەسەر حیسابی دین و ئەقڵ بێت، ئەوە شتێكی خراپە و بگرە نەبوونی باشترە، هەمیشە پێویستە دین بەسەر عاتیفەدا زاڵ بێت، بە دەربڕین و واتایەكی تر: پێویستە ئەقڵ ئاراستەی دڵ بكات نەك پێچەوانە!
هەرچی و هەركێت خۆشبوێت ئەبێت سەرەتا بە فلتەری حوكمەكانی بیروباوەڕ و شەرعدا لە ئیسلام تێپەڕێت، ئەگەر لەوێ ڕێگەپێدراو بوو ئینجا خۆشت بوێت، بەدەر لەوە واتە ئەگەر بە شوێنكەوتنی عاتیفە و بە میزاج و ئارەزووی خۆت خۆشەویستی دەربڕیت، تاوانبار دەبیت و ڕەنگە سەر لە خراپتریشەوە دەربكات !
بەكورتی و بەكوردی: كێت خۆشویست لەبەر الله خۆشت بوێت و خۆشویستنەكەت بۆی لەگەڵ دینەكەتدا تێكنەگیرێت! پێچەوانەكەشی بەهەمان شێوە، ڕقت لە كێ بوو لەبەر الله ڕقت لێ بێت و جۆرێك لە گوێڕایەڵی بێت بۆ پەروەردگارت.
لەلایەكی تریشەوە مەسەلەیەكی تری گرنگ هەیە لەم بارەوە ئەویش ئەوەیە:
خۆشویستنی شەرعی و ڕێگەپێدراویش هەر سنووری هەیە و كراوەو رەها نییە، زێدەڕەوی لەوەشدا ڕەنگە ببێتە جۆرێك لەو سنور بەزاندنە!
میللەتی كورد بەڵگە نەویستە میللەتێكی عاتیفی و سۆزدارە، بۆیە دەبینین خۆشەویستییە قەدەغەكراوەكە تێیاندا زۆرە، واتە ئەو كەسەی كە لەڕووی دینییەوە دەبێت ڕقی لێ بێت ئەو خۆشی دەوێت، ئەمەیان نموونە هێنانەوەی ناوێت ژیانی ڕۆژانەمان پڕ بووە لەو جۆرە خۆشویستنە نا شەرعییە.
جۆری دووەمیش كە بە ناهاوسەنگی ناومان برد، بەداخەوە ئەویش لەناوماندا هەر زۆرە ، بۆ نموونە خۆشویستنی ماڵ و مناڵ كە خۆی بۆ خۆی ڕێگەپێدراوە و خۆڕسكە و شەرعییە، لەناو كورددا دەبینین هەموو سنوورەكان تێدەپەڕێنێت و خەریكە لە خۆشەویستییەوە دەبێتە پەرستن! باوكان و دایكان لەو پێناوەدا بە هۆی ئەو ناهاوسەنگییەوە خۆیان تووشی جۆرەها كەمتەرخەمی لە ئەركی ئایینی دەكەن و بە هۆی لاوازی عاتیفییەوە حۆیان تاوانبار دەكەن، چونكە وەڵامی عاتیفەی ناخیان دەدەنەوەو بەسەر دیندا زاڵی دەكەن.
نموونەیەكی تری زەقیش هەیە لەناوماندا ئەویش خۆشویستنی بێ ڕاددەی كوردە بۆ دایك، كە بێگومان خۆشویستنی دایك لە سنووری خۆیدا وەكو فیترەت وایە و هەموو كەسێكی ئاسایی دایكی خۆی خۆش دەوێت و چاكەی لەگەڵ دەكات! بەڵام زۆربەی كورد زێدە ڕەوییەكی بێ تام و بێ پاساو لەو مەسەلەدا دەكەن و ئەمەش بەڕای من دوو رەهەندی خراپی هەیە:
یەكەم: كورد دایكی لەسەر حیساب باوكی خۆش دەوێت! چۆن بڵێی سەدا هەشتاو زیاتری خۆشەویستی بۆ دایكی و پاشماوەكەشی وەكو خێرێك بە باوكی دادەدات! واتە زۆر جار لە گەرمەی ئەو سۆزو عاتیفەدا بۆ دایك وپڕبوونی هەموو خانەكانی بەو سۆزەو وباسكردنی چاكەكانی ودایە گیان وەكو وێردێكی پیرۆزی لێ دێت لەلای، ئیتر باوكی داماو لەبیر دەچێت و حیسابی نیمچە بێگانەیەكی ئەگەر بۆ بكرێت! چونكە دڵیان ئەوەندە لە خۆشەویستی دایك پڕ كردووە، نەك جێگای خۆشەویستی باوك نەماوەتەوە، بەڵكو خەریكە جێگای خۆشەویستی دین و پەروەردگاریشی تێدا نامێنیتەوە، لێرەشەوە ڕەهەندی ترسناكی دووەمی ئەو خۆشەویستییە درووست دەبیت كە مەترسی شیركی لێ دەكرێت! كە ئەوەش بەباوەڕی من هەڵەیەكی زۆر گەورەیە، پێویستە هاوسەنگی بۆ ئەو بوارە بگەڕێتەوە!
ئینجا زێدەڕەوی لەو خۆشویستنەدا، چی بۆ دایك بێت یان بۆ مناڵ و هەركەسێكی تر، لەگەڵ باوەڕ بوون بە ئەجەل و بەقەدەر و بەوەی ئەم دونیا ماڵی نیشتەجێبوون نییە یەك ناگرێتەوە، كەسی وا هەیە كە دایكی یان ئازیزێكی دەمرێت، گۆڕانكارییەكی گەورەی بەسەردا دێت و ئیتر ناگەڕێتەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆی، یان دەكەوێتە حاڵەتێك لە خەمۆكی و ژیانی خۆی زۆر تاریك و غەمگین دەبینێت لە دوای وەفاتی ئەو خۆشەویستەی! دەگونجێت كەسێكی بێ ئیمان یان جاهیل و بێ ئاگا لە سروشتی ئەم دونیایە وابێت، بەڵام كەسی ئیماندار و ژیر نابێت ئەوەی لێ بوەشێتەوە! ئەگەر ئەمەی كە باسم كردووە دیاردەش نەبێت بەڵام بێگومان بوونی هەیە و بە شایانی ئەوەم زانی تیشكێكی بخرێتە سەر.
إحسان برهان الدین
4 شعبان 1442
17 آذار 2021