بتی ئێستا و بتی جاران
لە سەردەمانی دێرین و بەتایبەتی لە پێش سەردەمی ئیسلامدا، زۆر بت هەبوون كە مەزن ڕادەگیران و لە جێگەی پەوەردگاری حەقدا دەپەرستران! وەكو لات و عوززا و مەنات.
ئەمڕۆ ئەو بتانە نەماون و لە هیچ جێگەیەك لە وڵاتی موسوڵماناندا نابینی بپەرسترێن! بەڵام لە بری ئەو بتانە، بتی سەردەمیانەی زۆر و زەبەنە لە ناو دڵ و هزری خەڵكیدا سەریان هەڵداوە و لەژێر ناو و ناونیشانی جۆراوجۆردا دەپەرسترێن و لەو بتانەی جاران زۆر زیاتر لەناو خەڵكیدا قورسایی وپلەوپایەیان هەیە.
ئەوەی گۆڕاوە تەنها ناوەكانیانە، ئەگینا هیچیان لەو بتانەی سەردەمانی دێرین كەمتر نییە و بگرە بایەخی زیاتریشیان پێ دەدرێت و پێگەو پلەو پایەشیان تۆكمەو قایمترە .
بتی جاران بەردێك بوو، دارێك بوو، خورمایەك بوو ، كەسێكی تا سەرئێسقانی نەزان وسادە دەیپەرست ولە كاتی پێویستیشدا كەڵكی لەو خودا تاشراوانە وەردەگرت، بۆ نموونە برسی بووایە خودا خورماییەكەی دەخوارد و دوایی دانەیەكی تری درووست دەكرد!
بتی ئێستا بتێكی مۆدێرن و سەردەمیانەیە، شێوازو دیزاینی نوێیە، ئەسڵەن هەر پەیكەر نییە، پەرستنی ئەم بتە سەردەمیانە هێمای پێشكەوتنە نەك نیشانەی دواكەوتن.
بتی جاران تەنها موشریك و بێ باوەڕ دەیپەرست، بتی ئێستا زۆرێك لەوانەش كە پێیان دەوترێت موسوڵمان دەیپەرستن و هەست بە كەمترین ئیحراجیش ناكەن ! بە پێچەوانەشەوە زۆر بە چاوێكی كەم و سووكەوە سەیری ئەوانە دەكەن كە خۆیان لە پەرستنی بتە سەردەمییەكان دەپارێزن و پێیان دەڵێن ئەمانە چۆن مرۆڤێكن دەلێی لە چاخی بەردینەوە هاتوون!
بتی جاران هۆكارێك بوو لە نێوان خەڵكی و پەروەردگاریاندا، خۆیان دەیانوت: (مَا نَعْبُدُهُمْ إِلا لِيُقَرِّبُونَا إِلَى اللَّهِ زُلْفَى) ئێمە ئەوان لە خودی خۆیاندا ناپەرستین، بەڵكو تەنها دەیانكەین بە هۆكارێك لە نێوان خۆمان و الله.
بتی ئێستا بە خۆی ڕۆڵی پەروەردگارو بەرنامەدارێژەری بۆ مرۆڤەكان پێ سپێردراوە، واتە دەسەڵاتی بتەكانی ئێستا زۆر لە بتەكانی جاران بەهێزتر و فراوانترە.
بتی ئێستا سیستمێكە لە قسەو نووسین و بەرنامە و ڕێباز و ئایدۆلوجیا ،بەرهەمی مرۆڤەكانە بۆ بەرەنگاری و ئالنگیری ئایینی حەق، لەو پێناوەشدا هەنگاوی باوەڕنەكەردەنییان بڕیوەو نەك تەنها ئەوانەی كە بۆ ساتێك باوەڕیان بە ئیسلام نەبووە بەچاوی مەزنی و ڕێگای ڕزگاری مرۆڤی ئەم سەردەمە تەماشای دەكەن، بەڵكو زۆرێك لە موسولمانانیش بەرگرییەكی سەختی لێ دەكەن و هەركێ لێی بەری بێت بە نامۆ و مرۆڤی سەردەمە تاریكەكان تەماشای دەكەن و دەڵێن: ئەوانە شار بەدەركەن چونكە كەڵكی ئەندامێتی كۆمەڵگای مەدەنییان نەماوە و تازە بە تازە دەیانەوێت بمانگێڕنەوە بۆ وشە بە وشە و بڕیاڕ بە بڕیاری بەرنامەیەك كە بۆ بیابان نشینەكان دابەزیوە كە ئەوكات دونیا هیچ پێشكەوتنێكی بە خۆیەوە نەبینیببوو.
وەكو بەرنامە و ئایدۆلوجیای جێگرەوەی دین دەكرێت دیموكراسی و لیبرالیەت وماركسیەت و پەرلەمان و هەڵبژاردن و عەلمانیەت و عەولەمە و قەومیەت هەموو ئەمانە بە بتی پەرستراوی هاوچەرخ دابنرێن، چونكە وەكو مەعبودیكی پیرۆز ڕەفتاریان لەگەڵ دەكرێت و هەركێیش سنووری ڕیز و مەزنیی بەرانبەریان ببەزێنیت دەكەوێتە بەر سزای یاسا دەستكردەكان و هەروەها بەپێی داب و نەریت و كلتوریش هەر مەحكوم دەكرێت و، هەندێ جار خودی خەڵكیش چاودێری سزاكان دەكەن و بەڕەوای دەبینن ئەوكەسەی بێ ڕێزی بەرانبەر ئەو نابراوانە دەكات ڕووبەڕووی سزا بكرێتەوە؟
وەكو كەسایەتی و كەسانی كاریزمایش چەدین ناوی سیاسی و ئایینی و زانستی وبواری تر هەیە بوونەتە بت و بە شێوەیەك لە شێوەكان دەپرسترێن، بێگومان مەبەست لەپەرستن تەنها ئەوە نییە سەجدەو كرنوشیان بۆ ببردرێت، بەڵكو بەواتایەك لەواتاكانی پەرستن دەپەرسترێن، بۆ نموونە: بودا و غاندی و ماندیلا و گیڤارا وزۆرێك لەسەركردە سیاسی و ئایینی و حیزبییەكان لەسەر ئاستی ئاستی جیهان و ناوخۆیش.
لەسەر ئاستی حیزب و ڕیكحراو و ڕێباز و تەریقەتیش بۆ نموونە زۆرێك لە حیزبەكان بەتایبەت ئەوانەی كە قەومی و عەلمانی و هەندێ جار ئایینیشن ناوی ئەو حیزبانە وەكو ناو، هەروەها سەركردەكانیان خۆیان بۆ خۆیان، جۆرێك لە پیرۆزی وەردەگرن و شوێنكەوتووان بە شێوەیەكی كوێرانە پەیڕەوی لە قسەكانیان دەكەن و پاساو وپینەیان ئامادەیە بۆ هەر هەڵەو كەموكورتییەكی ئەو سەركردانە، تەنانەت حەڵاڵ و حەرام و ڕیگەدان و قەدەغە كردن و ئاراستەی مێشكیان دەكەن، كە ئەوەش جۆرێكە لە بەبتكردنی ئەو كەسایەتییانە و پەرستنیان بە شێوەیەكی مۆدێرن.
دەشگونجێت شارستانیەت و دەوڵەتی زلهێز ببێتە بت و بە شێوەیەكی سەردەمیانە بپەرسترێت، بۆ نموونە وەكو یەكیتی سۆڤێت و ئەمریكا.
هەندێ جاریش كەسەكان خۆیان بەبێ بوونی شوێنكەوتوویەكی زۆر خۆیان وەكو بت ڕادەگەیەنن و خەلكی ناچاری پەرستنی خۆیان دەكەن و بەسەریاندا دەیسەپێنن، نموونەی ئەوانە لە هاوچەرخەكان: هیتلەر و موسوللینی و صدام حسین و كیم جۆنگ ئون و زۆری تر.
بتەكانی جاران زۆر لاواز بوون و هێزیان لە هێزی ئەوانەوە وەردەگرت كە باوەڕیان پێیان بوو، ئەگینا خۆیان دار و بەرد بوون، بێ گیان، بێ ویست، بێ فەرمان و ستەمكردن، بەڵام بتەكانی ئێستا، سیستمن، دستورن، یاساوڕێسای بەهیزو پەیڕەوی لێكراون، بەڵكو هێندەی قورئان و بگرە زیاتریش لە قورئان پەیڕەوییان لێ دەكرێت، لەسەر ئاستی كەسەكانیشدا بتەكانی ئێستا لە بتەكانی جاران زۆر پیرۆزترن و پەرستراوترن و پانتایی دەسەڵاتیشیان فراوانترە.
لە كۆتاییدا گونجاوە لێرەدا بوترێت: هەموو بتەكانی مێژووی دێرین لە كاتێكی دیاریكراودا و لە دوای زەمەنێكی دیاریكراودا ڕوخان، یان ڕوخێنران و دەرەنجام نەمان، بە هەمان شێوە بتەكانی ئەم سەردەمەش وەكو هەر كاڵایەك كاتێكیان هەیە بریتییە لە تەمەنیان، كە ئەو كاتە دیارە كراوەیان تەواو بوو، یان دەروخێن و یان دەروخینرێن.
إحسان برهان الدین
17 رجب 1442
1 آذار 2021