دەستگرتن بە دینی حەق بووەتە كۆسپ وئازار
واقیعی ئەمڕۆی كوردستان پێمان دەڵێت، ڕەوشێك درووست بووە و ئەو رەوشە بووەتە ئەمری واقیع و هەژموونی خۆی بەسەر زۆرینەدا سەپاندووە، كە بریتییە لەوەی دین وەكو ئەوەی لە قورئان و سوننەتدا هاتووە باوی نەماوە و ئەبێت لە ژیانی خەڵكی دوور بخرێتەوە و بنەماكانی عەلمانیەت
و گومڕایی بخرێتە جیگەی.
ئەگەر دەتەوێت كەسێكی ئاسایی و بەبایەخ و لەناو كۆمەڵگادا بە خاوەن كەسایەتی دەركەویت ، دەبێت هیچ وابەستەبوونێكت بە دین پێوە دیار نەبێت ، پێویستە خۆت بەتەواوی بگۆڕیت و نە بە سیما و نە بە شێوازی قسەو نە بە ڕەفتار وابەستەبوونت بە دینەوە پێوە دیار نەبێت، تەنانەت وشەی السلام علیكم یش نابێت بەكار بهێنیت، چونكە ئەوە نیشانەی توند ڕەوییە و بگرە شۆڤینیشە ، هەر زۆر ناچار بوویت بڵێ سڵاو، لەوەش باشتر ئەوەیە بڵێی ئەم كاتەتان باش و كاتێكی خۆش!
بە كورتی پێویستە شەرع و ئایین بە شێوەیەكی گشتی پەل و پۆ بكرێت و لێی لابدرێت و بۆی زیاد بكرێت و بگونجێنرێت لەگەڵ ئەم سەردەمەدا و هیچ مۆركێكی عەرەبی پێوە دیار نەمێنێت، چونكە تەنها بەو شێوە قبوڵ دەكرێت.
زۆرێك لە كورد بە كورتی بە زمانی حاڵ هاتووەنەتە سەر ئەوەی كە ئەم ئیسلامە بە پێی ڤێرژنە كۆنەكەی بۆ واقیع و خەڵكی ئەو بیابانە باش بوو كە یەكەم جار بۆیان هات! بەڵام ئەمڕۆ ئەبێت داڕشتنەوەیەكی نوێی بۆ بكرێت و ڤێرژنیكی مۆدیرن و گونجاوی لێ بەرهەم بهێنین، كێ لەو پرۆسەدا بەشدار بێت كەسێكی مۆدێرنە و ئەندامێكی بەسوودە بۆ كۆمەڵگا و كوردێكی ڕەسەنە ، كێیش باسی ئیسلام وەكو خۆی بكات بەتایبەتی ئەگەر باسی عەقیدەو بیروباوەڕ و ئەو شتانە بكات، ئەوە كەسێكی دواكەوتووە و شایانی پەراوێز خستنە وكوردێكی ناڕەسەنە!
ئەم حەقیقەتە نەك تەنها خەلكی بە گشتی لێی تێگەیشتوون و وەكو دەوترێت خۆشیان بێت و ترشیان بێت ئەبێت ملكەچی بن، بەڵكو زۆرێك لە مامۆستایانی ئایینی و لایەن وكەسایەتی ئیسلامی و بانگخوازو ڕاگەیاندنكارو و مامۆستای زانكۆ..هتد هەموویان بە جوانی لەو هاوكێشەیە تیگەیشتوون و لەو ڕیتم و ئاوازە دەخوێنن كە نەشاز و نامۆ نییە و هیچ شتیك ناڵێن و ناكەن مەترسی ئەوەیان لەسەر درووست بكات بە كەسێكی دواكەوتوو و كوردیكی نارەسەن وەسف بكرێن..بە زمانی حاڵ دەڵێن چ بكەین! پێشینان فەرموویانە ئەگەر چوویتە شاری كوێران تۆیش دەست بگرە بە چاوتەوەو وەكو یەكێك لەوان ڕەفتار بكە، ئەگینا بەرژەوەندیت زیانی بەر دەكەوێت و لە كاروان بە جێ دەمێنیت.
إحسان برهان الدين
8 جمادى الآخر 1442
21/ 1/ 2021