الخميس , سبتمبر 21 2023
سه‌ره‌تا / وتاری نوسراو / خوێندنەوەی ژیاننامەی ناوداران سوود بەخشە

خوێندنەوەی ژیاننامەی ناوداران سوود بەخشە

 

خوێندنەوەی ژیاننامەی ناوداران سوود بەخشە

خوێندنەوەی ژیاننامە و یادەوەری و سەربوردی ناودارەكان كارێكی بە سوود و وچێژ بە خشە، لە ئەزموون وزانست وسەركەوتن و تەنانەت سەرنەكەوتن و ڕوخان و پاشكەشەیان سوود وەردەگریت و دەتوانیت بیانكەیتە وانە بۆ ژیانی خۆت و لە هەڵەكانیان پارێزراو بیت.

لە ژیاننامەی گەورەو ناودارەكان دەتوانیت تێبگەیت شێوازی بیركردنەوەیان چۆن بووە و لێی بەهرەمەند بیت، بێگومان ئەوان لە خۆڕایی نەچوونەتە مێژووەوە لایەنێكی گرنگی و پڕ بایەخ هەبووە لە ژیانیاندا كە پێشیخستوون و ناوداری كردوون، چیرۆكی ژیانیان بۆ تۆ دەكرێت وەكو قوتابخانەیەك بێت هەنگاوەكانی سەركەوتن و خۆپاراستن لە هەرەس و پاشەكشێی لێوە فێر بیت.

مەرجیش نییە ئەو كەسانەی ژیاننامەیان دەخوێنیتەوە هەر موسوڵمان بن، یان چاكەكار و دادگەر بن لە سەر حەق و ڕێبازی ڕاست- ئەگەرچی خوێندنەوەی ژیاننامەی باشەكان لە پێشترە – بۆ نموونە خویێدنەوەی یادەوەرییەكانی سەركردەیەكی وەكو هیتلەر لە كتێبی (كفاحی) سوود و وانەی بۆ هەموو كەسێك تێدایە.

كە سەربورد و یادەوەری ناودارەكان دەخوێنیتەوە، بۆت دەردەكەوێت ئەوانیش هەر مرۆڤێك بوونە و بەڵام زانیویانە چۆن تواناكانیان بەكاربهێنن، ئیتر ئەگەر بەرەو باشە بێت بە سەربەرزی چوونەتە مێژووەوە و ئەگەر بەرەو خراپەش بێت بە زەمكراوی و سەرشۆڕی چوونەتە مێژووەوە، بەڵام دواجار هەر ناودارن و جێگای بایەخی خەڵكین.

بەڵام سەبارەت بە خوێندنەوەی ژیاننامەی پێشەوایانی ئیسلام و چاكەكاران بە شێوەیەكی گشتی دەكرێت بەهرەمەند بین لە زانست و بەردەوامبوونیان لەسەر ڕێگای ڕاست و بیانكەینە پێشەنگ بۆ خۆمان و كێبڕكێ بكەین لە شوێنكەوتن و لاساییكردنەوەیان لە كارە چاكەكانیاندا و هەروەها بیكەینە هۆكارێك بۆ خۆ بەكەم زانین و لەخۆ دەرنەچوون و پاككردنەوەی دڵەكانمان لە خۆبەزلزانین.

لەوانەیە خوێندنەوەی ئەو جۆرە كتێبانە كە لە زمانی عەرەبیدا پێیان دەوترێت: (السیرة الذاتیة) بۆ هەر یەكێك لە ئێمە بە جۆرێك لە جۆرەكان ببێتە پاڵنەر و هاندەر بۆ ئەوەی ببینە كەسێكی پێشەنگ لە ژیاندا و لە ئەزموونەكانیان بەهرەمەند بین، چونكە زۆر جار ئەو كەسایەتییانە بە ڕاشكاوانەو ڕاستگۆیانە ژیاننامەی خۆیان دەنووسن و بە شێوەیەكی گشتی كاتێك كە دەگەنە پاییزی تەمەن و ئەزموون و شارەزاییان لە ژیاندا زۆر دەبێت ئەو كاتە ئەزموونی ژیان ویادەوەرییەكانیان دەنووسنەوە، من وەكو خۆم ئەم ڕاستیەم لە زۆر كتێبی لەو جۆرەدا بینیوە بۆ نموونە كتێبی: ( حیاتي) أحمد أمین زۆر ڕاستی دەربارەی ژیانی خۆی بە راشكاوانە و بە شێوەیەكی چێژبەخش و سەرنج ڕاكێش دەخاتە ڕوو، هەروەها ژیاننامەكەی پێشەوا جلال الدین السیوطي كە ناوی ناوە: ( التحدث بنعمة الله) بە هۆی ڕەچاوكردنی خستنەڕووی ژیاننامەی خۆی بە وردی و بە ڕاشكاوانە ئەو سوود و چێژەم لێ بینیوە.

بۆ خۆم و بۆ هەر خۆشەویستێكم پێویستە بڵێم: ژیاننامە نییە بەسووودتر و مەزنتر و چێژبەخشتر لە ژیاننامەی پێغەمبەرمان صلی الله علیه و سلم، لێوان لێوە لە وانە و لە ڕەوشت و ئاكاری جوان و مەشخەڵێكی ڕێگایە بۆ هەموو موسوڵمانێك بەڵكو بۆ هەموو كەسێك كە بیەوێت بەرنامەیەكی ڕاست و درووست بۆ ژیانی خۆی دیاری بكات لەڕێگەی شوێن پێ هەڵگرتنی ئەو پێشەوایە كە مرۆڤایەتی كەسێكی هاوشێوەی ئەو مەزنی بە خۆیەوە نەبینیوە، هەروەها ژیاننامەی هاوەڵأن و زانایانی ئیسلام بۆ ئەو مەبەستەش كتێب گەلێك زۆرن من لێرەدا پێشنیاری (سیر أعلام النبلاء) ی پێشەوا الذهبي دەكەم بە ڕاستی گەنجینەیەكی نەبڕاوەیە لەو بارەوە.

وەكو پێشتریش ئاماژەم بۆ كرد ژیاننامەی ناوداران بەگشتی بەدەر نییە لە سوود و ئەزموون، بۆیە ئاماژە بەچەند كتێبێك دەكەم كە نووسەر و توێژەری تریش بە هۆی بایەخ و گرنگیان ئاماژەیان بۆ كردووە كە بریتییە لە ژیانامەی هەندێك لە ناوداران كە بە پێنووسی خۆیان نووسیویانە و دەچێتە بابەتی السیرة الذاتیة وە، لەوانە: (الاعتبار) ی أسامة بن منقذ، (الأیام) ی طه حسین، (الذكریات) ی علي الطنطاوي، (اعترافات)ی جان جاك روسو، (معي) شوقي ضیف، (أنا ) العقاد. (ماذا علمتني الحیاة) جلال أمین، (قصة حیاتي) خالد محمد خالد. (سیرة حیاتي) عبدالرحمن البدوي.

إحسان برهان الدین

23 ربيع الأول 1442

9/11/2020

 

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *