الأربعاء , سبتمبر 20 2023
سه‌ره‌تا / وتاری نوسراو / لیژنەكانی فەتوا زۆرجار پاشكۆی دەسەڵاتن

لیژنەكانی فەتوا زۆرجار پاشكۆی دەسەڵاتن

 

لیژنەكانی فەتوا زۆرجار پاشكۆی دەسەڵاتن

ئەوە حەقیقەتێكە و مشت و مڕ هەڵناگرێت: هیچ لایەن و دەستەیەكی زانستی و لیژنەیەكی فەتوای سەر بە هەر دەسەڵاتێك لەوانەی ئەمڕۆ لە جیهانی ئیسلامیدا حوكم دەكەن مەحاڵە بتوانن سەربەخۆ بن و ئیسلامی قورئان و سونەت بخەنە ڕو، بەڵكو ئەركی سەرشانیانە و لە بنچینەوە لە بەر ئەو ئامانجە هەڵبژێردراون و خراونەتە ئەو جێگەیە بۆ ئەوەی بە فەتواكانیان پارێزەری بەرژەوەندییەكانی دەسەڵات بن و بەناو دینەوە لادان و هەڵەو ستەمەكانی ئەو دەسەڵاتە پەردەپۆش بكەن و شەرعێنەری بڕیارە دژوارەكانیان بن لە گەڵ ئیسلامدا.

هەروەها ئەركێكی تریان ئەوەیە خەڵكی بەرەو ژێر ڕكێفی دەسەڵاتەكان ببەن و جوانكاری بۆ ڕوخساری ناشیرینی حوكمڕانەكان وئاغاكانیان بكەن، بۆ ڕاپەڕاندنی ئەو ئەركانەش پێویستی زۆریان بە شێواندنی دەقەكان و زۆر لێكردن و ملباهەڵدانی ئایەت و فەرموودەكان دەبێت لەگەڵ گوێنەدان بە ڕەخنە و تانەو تەشەر و تێپەڕاندنی پەرژینی شەرم و سوور بون لەسەر هەندێ هەڵە كە هەندێ جار نەخوێندەوار و مناڵیش دەزانن هەڵەیە.

بە داخەوە ئەگەر چی جیاوازییان هەیە و بە یەك پلە خزمەتكاری بەرژەوەندی حكومەتەكانی خۆیان نین كە هەندی جار ئەوەندە كاڵ دەبێتەوە وا دەزانی بەڕاستەوە زانان و عولەمای سوڵتان نین! بەڵام دوا جار – بە بڕواو شارەزایی خۆم – هیچ لیژنەیەكی فەتوا و دەستەیەكی زانستی فەرمی كە بەناو دەوڵەت و قەوارەیەكی سیاسی دەسەڵاتێكەوە فەتوا بدەن و قسە بەناو دینەوە بكەن لەوكارەساتانەی ئاماژەمان پێكرد بەدەر نین و دەرباز بوونیان مەحاڵە، هەر لە ئەزهەر و لیژنەی فەتوا و گەورە زانایانی سعودیە بیگرە تا دەگاتە كام دەوڵەت و دەسەڵاتی بچووك لە جیهانی ئیسلامیدا، ناتوانن لە ڕووی هیچ داوایەكی ناشەرعی ئەو دەسەڵاتە بوەستن كە ئەوانی داناوە و ئەركی سەرشانیانە فەتوای فەوری بە دڵی ئەوان دەربكەن و بەڕۆژی ڕوناك سەرپێچی قورئان و سوننەت بكەن! لیژنەی فەتوا هەمیشە وەكو سەربازێكی گوێڕایەڵ – بەتایبەتی لە كاتی نا ئاسایی و قەیران و كێشە گەورەكاندا – دەبێت لە ئەو پەڕی ئامادە باشیدا بن و فریای دەسەڵات بكەون و بیسلمێنن كە بەناو دینەوە كوڕی ڕۆژی تەنگانەی دەسەڵاتەكانیانن، ئەگەر ڕۆژێكیش كەسێك لەوانە ڕوو بەڕووی ئیرادەی ناشەرعی دەسەڵاتەكەی وەستابێتەوە، ئەوە بە خراپترین چارەنووس گەیشتووە یان بەلای كەمەوە دەركراوە و كەسێكی لەو گونجاوتریان بۆ جێگەكەی دیاری كردووە، هاوكات مێژوو هەڵوێستی كەسانێكیشی بە ئەو پەڕی سەربەرزی و پرشنگداری پاراستووە كە دینی خۆیان بەرانبەر پارەو پلەو پایەی دونیا نەفرۆشتووە، بەڵام ئەوانە بەداخەوە دەگمەنن.

لە كۆتاییشدا پێویستە بڵێم ئەوەی كە لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا بە گشتی تایبەتە بە بابەتە سیاسییەكان و دەسەڵاتیش هەر لەو بوارەدا پێویستی بەوانە، ئەگینا لە بوارە فیقهی و شەرعییەكاندا زۆر جار قسەی زانستی بەجی دەكەن و دەكرێت قسەیان كە موافیقی بەڵگەی شەرعی بوو بە نەزەری ئیعتیبار وەربگیردرێت، هەروەها پیویستە بوترێت: ئەمەی كە باسم كرد یەكەم تێگەیشتنی خۆمە بۆ پرسەكە و دووەم زیاتر و بەپەلەی یەكەم پەیوەستە بە بەرپرسی یەكەمی ئەو دەستانە و چەند كەسانێكی دیار و ناودار نەك هەموو مامۆستا و زانایەك لەو جۆرە دەستەو لیژنانەدا ئەندام بن.

إحسان برهان الدین

16 ربيع الأول 1442

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *