الخميس , سبتمبر 21 2023
سه‌ره‌تا / وتاری نوسراو / ئافرەتان / ئێوە پابەندی ئیسلام بن؛ نەوەیەکی دیندار بەڕێوەیە

ئێوە پابەندی ئیسلام بن؛ نەوەیەکی دیندار بەڕێوەیە

ئێوە پابەندی ئیسلام بن؛ نەوەیەکی دیندار بەڕێوەیە

كە دەبینم كچێك یان ئافرەتێكی كورد پابەندی ئیسلامە و بڕیاڕی داوە بە ڕاستی عەقیدەی تەوحید بكاتە بنچینەی ژیانی خۆی و سەرەڕای ئاستەنگەكانی جاهیلەییەتی سەردەم شەرعی ئیسلام لە خۆیدا بەرجەستە بكات، كە دەبینم دەیەوێت لەو هەڵانەی ساڵانێكە بە هۆكاری جۆراوجۆرەوە لە ڕێگەی نەیارانی ئیسلام و تەنانەت ئەو دۆستانەش كە ناڕاستەوخۆ ڕۆڵی نەیاریان بینیوە، دەیەوێت دەربازی بێت و تەنها شانازی بە دینەكەی بكات لە ڕێگەی هەردوو سەرچاوەی كیتاب و سونەت و پێیان سەربەرزە..

دڵم خۆش دەبێت و هەست بە ئاسوودەیی دەكەم و ئەو دوور كەوتن و گومراییە فیكری و مەنهەجییەی ئەمڕۆ كورد تێكەوتووە وباڵی ڕەشی بەسەر زۆرینەدا كێشاوە لەلام ئاسان دەبێت و دەڵێم :

هێشتا هیوای گەڕانەوە بۆ ڕێگای ڕاستی قورئان و سونەت هەر ماوە! زیاد بوونی ژمارەی ئەو ئافرەتانەی بەرەو ئیسلامی ڕاستەقینە دەڕۆن و واقیعی تاڵی موسوڵمانانیان بۆ دەركەوتووە و ڕاستییەكان وەكو خۆی دەبینن و بەجاهیلییەتی سەردەم فریو ناخۆن و لەبەرزایی ئیمانەوە تەماشای زەلكاوەكانی بەناو شارستانی هاوچەرخی ڕۆژئاوا دەكەن سەبارەت بە ئافرەت ، ئەوە لە ڕاستیدا حالەتێكی دڵخۆشكەرە و نیشانەیەكی باشە و ئاماژەیە بۆ ئاییندەیەكی پرشنگدار با زۆریش نزیك نەبێت.

تا ئەو كاتەی لەناو ئافرەتاندا پابەند بوون بەمەنهەجی پێشینانی ئوممەت بوونی هەبێت و لە وردەكاری عەقیدە تەوحید تێبگەن و وردببنەوەو ئامادە بن بە باڵا پۆشی ڕواڵەتیان و پاراوی ناخیان ڕوو بەڕوی ئەم جاهیلییەتە ببنەوە و بەرانبەر تانە و تەشەری كۆمەڵگا ئارام بگرن، كەواتە خێر و چاكە هەر ماوەتەوەو ئەو لادان و كەم و كورتییەی ئەمڕۆ لە واقیعی موسوڵماناندا هەیە سبەی لەڕێگەی ئەم ئافرەتانەوە نەوەیەك سەرهەڵدەدەن كە شانازی بە دینەكەیانەوە دەكەن و لە هەموو تەحریف و شێواندن و لێڵ كردن و دوورخستنەوەیەك لە هەردوو سەرچاوە سازگارەكەی دەیپارێزن، لە جیاتی ئەوەی نانی پیوە بخۆن و بیكەنە ڕێگەی خۆ پێگەیاندنی دونیایی، خۆیان بە قوربانی دەكەن.

ئەگەر ئیوە دەست بە ئیسلامی كتاب و سونەت و ڕێبازی پێشینانی چاكی ئەم ئوممەتە بگرن، كەواتە خێر و ڕووناكی لەناوماندا نابڕێتەوە و تاریكی جەهل بە ئیسلام لە داهاتودا هەر دەڕوێتەەوە و كەم دەبێتەوە.

پێم وایە ڕۆڵی یەك وابەستە بووی ئێوە بە ڕاستەقینە بە كیتاب و سوننەتەوە ڕۆڵ و كاریگەری لە چەندین پیاو بە هەمان وابەستە بوونەوە زیاترە! چونكە ئێوە لە ڕێگەی پەروەردەكردنی زانستی و مەنهەجی خۆتان و بازنەی ژنان و كچانی نزیك لە خۆتان و مناڵەكانتانەوە كە دەتوانن ئەنجامی بدەن، دەتوانن گۆڕانكاری گەورەو جەوهەری لە واقیعی نالەباری موسوڵماناندا درووست بكەن بە مەرجێك لە لادانەكانی جاهیلییەتی هاوچەرخ كە هەندێكی بەناو ئیسلامیشەوە دەكرێت ڕزگارتان ببێت و بە عەقیدەو مەنهەجی ڕاستی پێشینان قەرەبووی بكەنەوە و لە ڕێچكە و ڕێبازی تەم و مژاوی ئەم واقیعەی ئەم ڕۆژگارە دەربازتان ببێت.

إحسان برهان الدین

21 صفر 1442

8 تشرینی یەكەم 2020

 

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *