مەشهور بوون بە بێ زانستی شەرعی زیانبەخشە
كێشەیەو سەر لەخەڵكی تێكدەدات، بانگخوازێك ناوبانگی پێشی زانستی كەوتبێت، گوێگری زۆر بێت بەڵام نەتوانێت توێشووی پێویستیان لە ڕوی زانستییەوە پێ بدات، تەنها سەرقاڵی قسەی عاتیفی و ڕاكێشانی سۆزی ئایینی خەڵكی بێت! یان هۆكاری ناوبانگەكەی لێهاتوویی زانستی شەرعی و مەنهەجی نەبێت و خۆیشی لە بنچینەوە لەو ڕووەوە پەروەردە نەبووبێت، وەكو عەرەبیش دەڵێن: فاقد الشیء لا یعطیه! كەسێك خۆی شتێكی لەدەست دابێت یان نەیبێت چۆن بە كەسانی تری بدات؟
یان كەسێك خۆی وەكو بەهرەیەكی ئیلاهی قسەزان بێت و ئوسلوبی قسەكردن و موحازەرەی سەرنج راكێش بێت و بەلای خەڵكەوە پەسەند بێت و، خۆیشی لەبەر چاكی و خێرخوازی و كۆمەك و هاوكاری كردن خەڵكی، یان لەبەر هەر ئاكارێكی جوانی تر جەماوەری هەبێت، بەڵام لە زانستی شەرعیدا و بەتایبەتی لە بواری عەقیدە و بیروباوەڕدا تەنها هەندێ شتی سەرەتایی بزانێت و بە زۆر بابەتی گرنگی ئەو بوارە نەشارەزا بێت،
بەڵێ هیچ كارێكی چاكە لە ئیسلامدا نابێت بە كەم سەیر بكرێت و لە بایەخی ئەنجامدەرەكەی كەم بكرێتەوە، بەڵام بە مەرج گیراوە و دەبێت هەمووی لە چوارچێوەی بیروباوەڕ و عەقیدەدا بێت و بە باسەكانی تەوحید و وەلائوبەرائو باسەكانی تری بیروباوەڕەوە ببەسترێتەوە، ئەگینا جیاوازی لە گەڵ ئەوانی تردا كە سەریان لە خەلكی شێواندووە هیچ نییە!
بەڵام لێرەدا كێشەیەكی گەورە لە كوردستاندا بوونی هەیە و رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر حاڵی موسوڵمانان لێ بەدی دەكرێت، ئەویش ئەوەیە ئەو جۆرە كەسانەی كە خۆشەویستی خەڵكیان بە هۆی هەندێ كاری چاكەوە بە دەست هێناوە و توانای قسە كردن و ئامۆژگارییان هەیە، خۆیشیان بەو هۆیەوە خۆیان لێ گۆڕاوە و وەكو زانا و موفتی قسە دەكەن لە كاتێكدا ئەهلییەتی ئەو كارەیان نییە و نە كاتی ئەوەشیان بووە لە ڕووی زانستییەوە خۆیان پێكەوە بنێن، بەڵكو پشتیان بە مەشهوری و ناوبانگەكەیان ئەستووەرە وئیتر وا دەزانن ئەوە بەسە كە كوێگرت هەبێت، بەڵكو هەیە بە زۆری ژمارەی لایك و كۆمێنت خۆی لێ دەگۆڕێت و وادەزانێت ئاستێكی بەرزی بڕیوە و وەكو ئەوانەی لایك و كۆمێنتیان بۆ كردووە زانا و شەرعزان و فەرموودەناس بن!
واتە كارە چاكەكانی ئەو كەسانە ڕۆڵی جبەو مێزەری مامۆستایانی ئایینی دەبینێت لەلای جەماوەرەكەیان، كە خەڵكی بە هۆی جەهل و نەشارەزاییان لە دینەكەیان هەركێیان بینی جوبەی لەبەر كرد و مێزەری بەسەرەوە بوو، ئیتر وا دەزانن زانایە و جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ شافیعیدا نییە، لە كاتێكدا – مەخابن – زۆرێك لەوانە نەك زانا نین بەڵكو قول و فولی عەقیدەو شەرع لەیەك جیا ناكەنەوە!
لە ڕاستیدا ئەگەر بێت ئەو جۆرە كەسانەی كە ئاماژەمان پێكرد، زانستی تەواویان نەبێت و ئیسلامێكی شمولی نەخەنە ڕوو و بە بیانووی كۆمەڵایەتی بوون و ڕوو خۆشی دەست بەڕووی هیچ گومرایەكەوە نەنێن و لای خۆیان جێگەیان بكەنەوە و هەروەها لەبەر ئەوەی ببنە كەسایەتییەكی میحوەری و بە حیسابی خۆیان بەو شێوە ئاوێتەیە ئیسلام لە كوردستاندا سەربخەن و هەرچی لادەر و گومڕا هەیە نەك هیچ رەخنەیەكیان لێ نەگرن بەڵكو لە دەوری خۆیشیان كۆیان بكەنەوە و لە زۆر باسی هەستیاردا بێ دەنگی هەڵبژێرن و لە سەر زۆر باسی لاوەكی ڕۆبچن و خەڵكی پێوە سەرقاڵ بكەن و ئیسلامێكی نوقسان و دابڕاو لە عەقیدە پێشكەشی ئەو خەڵكە بكەن، ئەوا ئەوانیش – با بانگەشەی پرۆژەو كاری گەورە بكەن – بەڵام لە راستیدا دەبنە تەواوكەری ئەوانەی بەناو ئیسلامەوە چەندین ساڵە خەڵكییان چەواشە كردووە و بە لاڕێیاندا بردوون و نەوەیەكیان لە دینی حەق دابڕیوە، ئەوان بە شێوەیەك و ئەمان بە شێوەیەكی تر، ئەوان بە ئامانجێك و ئەمان بە ئامانجگەلێكی تر، بەڵام دواجار ئەوەی كە ڕوو دەدات یەك دەرنجامە.
بانگەواز كردن بۆ ئیسلام بەو شێوە، درێژەدانە بە سڕكردنی خەڵكی وخۆڵ لە چاوكردنیان و دوورخستنەوەیان لەوەی هەموو شتێك لە ژیاندا بە عەقیدەوە ببەستن كە ئەوە بنچینەی بانگەوازی پێغەمبەرانە: (وَلَقَدْ أُوحِيَ إِلَيْكَ وَإِلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكَ لَئِنْ أَشْرَكْتَ لَيَحْبَطَنَّ عَمَلُكَ)، زۆرێك لە مامۆستایانی ئایینیی و هەندێك لە لایەنە ئیسلامییەكان پێشتر هەمان ئەو كارەی ئێوەیان كردووە و ئێستەش هەر بەردەوامن، كەواتە كێشەی ئێوە لەگەڵ ئەواندا كێشەیەكی تەكنیكییە نەك جەوهەری و عەقیدەیی، بە كورتی ڕێژەیەكی كەم و سنوورداریان لە ئیسلام خستووەتەڕوو وبە خەڵكیان وتووە ئیسلام هەر ئەمەیە كە ئێمە باسی دەكەین و كە ئێمە لە خۆماندا بەرجەستەی دەكەین!
لە راستیدا ئەو شێوازەش لە كار كردن چەسپاندنە بۆ زۆر هەڵەی ناو كۆمەڵگا لە بواری بیروباوەرڕ و تەوحیددا كە ئەمرۆ ئەوە گەورەترین قەیران و هەڵدێرە موسولمانی كورد تووشی بووە.
ئەو خەڵكە وەكو كەسێكن نەخۆشییەكی ترسناك و كوشندەیان هەبێت و ئێوەش بچن لە جیاتی چارەسەری دەردی بیماریان بكەن، تەنها قسەی خۆش و دەرمانی ئازار شكێنیان پێ بدەن تا ئەو كاتەی دەردی كوشندەیان دەیانكوژێت.
لێتان تێك نەچێت ناوبانگ دەركردن بە هیچ شێوەیەك مەعنای ئەوە نییە بوونەتە زانا، زانست پلەیەكی هەرە بەرزە بە شەونخونی و زۆر ماندوو بوونی بێ وچان و كۆشش بە دەست دێت، بە قسەی خۆش و چاوپێكەوتنی كەناڵی ئاسمانی و لایك و كۆمێنت و خۆشەویستی خەڵكی نەشارەزا لە دین هەر لەخۆڕا نایەت و قسەكردنیش بۆ خەڵكی بەبێ ئەو كەرەستە و بە بێ سەقامگیربوون لەسەر مەنهەجی كیتاب و سوننەت سەرتێكدانە لەو خەڵكەی كە ئەوانەی پیش ئێوە لەو بارەوە درێغییان نەكردووە.
إحسان برهان الدین
19 صفر 1442
6 / 10 / 2020