الثلاثاء , سبتمبر 26 2023
سه‌ره‌تا / وتاری نوسراو / دوا ناخۆشیتان بێت!

دوا ناخۆشیتان بێت!

دوا ناخۆشیتان بێت!

دەبینم و دەبیسم، هەندێك لە كاتی سەرەخۆشی كردن لە كەسێك كە ئازیزێكی وەفاتی كردووە پێی دەڵێن: دوا ناخۆشیتان بێت!

من لێرەدا باسم لەسەر درووستی و نادرووستی وشەكە نییە، ئەوەندەی كە بە دەستەواژەكە سەرسام دەبم و نیشانەی پرسیارم لا درووست دەكات، لەڕاستیدا ئەم دوعا و ئومێد و ئاواتە بۆ هەموو شتێك دەگونجیت بكرێت و بوترێت جگە لە مردن نەبێت! چونكە مردن ئەو ناخۆشییەیە كە دوایی نایەت تاكو دوا دانەمان تەواو نەكات، مردن ناخۆشییەكی گشتگیرە و بێ فەرق و جیاوازی هەموان دەگرێتەوە، بۆ ئەوەی پێمان بگات مەسەلەكە تەنها مەسەلەی كاتە.

لە ئەوپەڕی میهرەبانی پەروەردگاریشمان بە بئێمە ئەوەیە، كات و شێوازی مردنی لێمان شاردووەتەوە ونازانین كەی گورزی مردن ئاراستەمان دەكرێت، ئەگینا ئەگەر كاتەكەی لامان زانراو بوایە و تەمەنمان هەزار ساڵیش بوایە، هەموو چركەیەكی ئەو تەمەنە بە حەسرەت وتاڵی تێدەپەڕی! بەڵام لە بەر ئەوەی ئەو نامەی كە دراوەتە دەستی هەموو كەسێك لە ئێمە بۆی نییە بیكاتەوە و مەوعیدی دونیا بە جیهێشتنەكەی بزانێت، ژیانێكی تا ڕادەیەك ئاسوودە بەڕێ دەكەین با چەند ساڵێكی كەمیشمان بۆ نووسرابێت لەم دونیایە، یان مردنەكەمان پاش یەك خولەكیش بیت.

باشتریشە كاتێك دلنەوایی كەسێك دەكەین، یان پرسەو سەرەخۆشی خۆمانی بە هۆی مردنی ئازیزێكییەوە ئاراستە دەكەین ئەگەر نەشتوانین بەو شێوە شەرعییەی كە لە دەقە شەرعیەكاندا هاتووە دلنەواییان بكەین، هیچ نەبێت هەمووان ئەوە ئاسانە بۆمان كە بلێن: إنا لله وإنا إلیه راجعون، یان بڵێین: الله سەبوریتان بدات و پاداشتان بداتەوە و لەم ناخۆشییەی بەسەرتاندا هاتووە پشتیوانتان بێت و لە مردووەكەشتان خۆش بێت، یان قسەیەكی لەو شێوە كە دوعای بۆ مردووەكەو و بۆ كەس وكاری تێدا بێت، جگە لەوە ئەگەر بڵێین: خۆتان خۆش بن، ڕوحی شاد بێت! دوا ناخۆشیتان بێت، تەمەنی درێژی بۆ ئێوە بەجێ هێشتبێت…هیچ دەستەواژەیەك لەوانە شەرعی نین و هەندێكیشی پێچەوانەی شەرعە.

هەموو ئەوەش كە لای خۆمان هەیە – ئەگەرچی ئێستا بەبۆنەی كۆرۆناوە ڕاگیراوە – لە دانیشتنی ماڵ و مزگەوت و تەرخان كردنی چەند ڕۆژێك بۆ قبوڵ كردنی سەرەخۆشی وبۆ ماوەیەك ڕاگرتنی ئیش و كار و درووستكردنی خواردن بۆ میوان و فاتیحە خویندن و چەندین شتی تر هەمووی داهێنراوە و ئەسڵێكی نییە لە شەرعدا و وازهێنان لێیان بۆ دین و بۆ دونیامان باشترە، من وای لێ دەزانم والله أعلم.

إحسان برهان الدین

7 ذو القعدة 1441

28 حزیران 2020

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *