ئایندەی
خوێندکارانی زانکۆ لە سایەی سەرسام بوونیان بە خراپییەکانی ڕۆژئاوا
جێگای داخە زۆرێک لەخوێندکارانی پەیمانگا و
زانکۆکانمان، لەجیاتی ئەوەی بەو هەموو لایەنە چاكانەی ڕۆژئاوا وەكو پەیڕەوكردنی
ڕێبازی زانستی هاوچەرخ وکۆشش كردن بۆ پێشکەوتنی وڵات لە ڕێگەی پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا
وپشوو درێژی لە پێناو بە دەستهێنان و فێربوونی زانست، بە شانازییەوە بوونەتە
شوێنكەوتوو ولاساییكەرەوە و شوێن پێ هەڵگری خراپە ولادان و ئاکارە ناشیرینەکانی
كۆمەڵگای ڕۆژئاوا، نەك تەنها لە ڕووی تێكەڵاوی بێ سنووری كوڕان و كچان و تەشەنە
كردن وبەئاسایی و سەردەمیانە تەماشاكردنی زاراوەی كەپڵ و بۆی فرێند و گێرڵ فرێند و
بگرە سەرهەڵدانی دیاردەی – یان بەلای كەمەوە – هەوڵی خۆ كوشتن و بەئاسایی
دەركەوتنی تاوانی خۆكوژی لە نێو خویندكاراندا كە ئەویش بەزۆری پەیوەندی بە هەندێ
دیاردەی هەڵەو نەخوازراوەوە هەیە لە ئەنجامی لاوازی ڕۆڵی ئایین لە ژیانی
خوێندكاراندا و زاڵبوونی فیكری مادی ڕۆژئاوایی، ئەگەر حاڵیش وا بڕوات نەك وڵات بە
هیچ شێوەیەك بە ئاوها نەوەیەك پێش ناكەوێت وسوودیان لێ نابینێت، بەڵكو زەنگێكی
ترسناكیشە بەوەی كە نەوەیەكی زۆر جیاواز بەڕێوەیە هەموو كارامەیی و توانایەكیان
خۆی لە لاساییكردنەوەی هەندێ لەو لایەنە خراپانەی ئەوروپا ئەبینێتەوە كە ئەوان
پێوەی ئەناڵێنن و شیرازەی كۆمەڵگایانی شێواندووە.
حەیفە لە
بڕیارێکی هەڵەدا ژمارەیەكی بەرچاو لە خوێندكاران كە وا دەرئەكەوێت زۆرینەن،
هاوکێشەکەیان پێچەوانە کردوەتەوە و زانست وهەوڵ و كۆششی ئەكادیمی لە خواری
خوارەوەی لیستی بایەخەکانیاندا خۆی ئەبینێتەوە و بە شتگەلێکەوە سەرقاڵن لادانە لە
فیترەت ، بۆ دینیان زیانە و بۆ دونیایان بی ئەوەی هەست بكەن دواکەوتنە، خۆشییەكی
كاتییە زۆر نابات وەكو خۆرە كار لەسەر داڕمانی بەهاكان و تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگای
كوردی ڕەسەن دەكات.
ئەمەی باسم
كرد جێگای داخە و پێویستی بە چارەسەری هەنووكەییە، بەڵام مایەی دڵحۆشییە
لەبەرانبەریشدا زۆرێك لە خوێندكارانی تر كە لە بازنەیەكی پرشنگداری ڕازاوەدا بە
زانست و ئاكاری جوان و پاراستنی سنوورەكانی شەرع و نەریتەكانی كوردەواری ڕەسەن كە
لە ئیسلامەوە وەرگیراوە جێگیرن و مایەی ئومێد و دوا هیوای پارێزگاری كردنن لە
تەلاری زانست و ئاكار و بەها بەرزەكان.
إحسان
برهان الدین
12 ربيع الأول 1441/
9/11/2019