الثلاثاء , سبتمبر 26 2023
سه‌ره‌تا / وتاری نوسراو / ئایا مردوو پێویستی به‌ ته‌ڵقینه‌؟

ئایا مردوو پێویستی به‌ ته‌ڵقینه‌؟


ئایا مردوو پێویستی به‌ ته‌ڵقینه‌؟

به‌ بیره‌وه‌ری خۆمان كاتێك كه‌سێك وه‌فاتی كردبێت، له‌ سه‌ر قه‌بران
مامۆستایه‌كی ئایینی بەم شێوە ته‌ڵقینی خوێندووه‌: ئه‌ی فڵانی كوڕی فڵان ئێستا دوو مه‌لائیكه‌ت دێنه‌ لات و پرسیارت لێ ده‌كه‌ن: په‌روه‌ردگارت كێیه‌؟ پێغه‌مبه‌رت كێیه‌؟ دینت چییه‌؟….تا كۆتایی ته‌ڵقینه‌كه‌.
لێره‌شدا پێویسته‌ ئه‌م پرسیاره‌ بكرێت: ئایا ئه‌مه تەڵقین خویندنە بۆ مردوو كارێكی شه‌رعییه‌؟ ئایا له‌ قورئان وسوننه‌تدا به‌ڵگه‌ی له‌سه‌ر هاتووه‌؟

له‌ وه‌ڵامیشدا ده‌لێین: نه‌خێر به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك جێگیر نه‌بووه‌ له‌ پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه و سلم پاش مردنی كه‌سێك ته‌ڵقینی بۆ ئه‌نجام دابێت، واته‌ پێی بڵێ: ئێستا دوو مه‌لائیكه‌ت دێن و پرسیارت لێ ده‌كه‌ن و تۆش ئاوها و ئاوها وه‌ڵامیان بده‌ره‌وه‌، ئه‌و فه‌رمووده‌ش كه‌ باس له‌و ته‌ڵقینه‌ ده‌كات به‌و شێوازه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌كرێت له‌ سەر بنەمای فەرموودەیەكە (الطبراني ) له‌ ڕێگه‌ی (أبي أمامة الباهلي ) ده‌یگێڕێته‌وه‌ وفەرموودەەش ڕاست نییە، به‌ڵكو هه‌ندێ له‌ زانایان به‌ ( موضوع) واتە هەڵبەستراو دایانناوە‌ ، چونكه‌ چه‌ند كه‌سێك له‌ سه‌نه‌ده‌كه‌یدا هه‌یه‌ نه‌ناسراون.

ئینجا پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه و سلم له‌ ژیانی خۆیدا زۆرێك له‌ هاوه‌ڵان و كه‌س و كاری خۆی به‌ خاك سپاردووه‌و هه‌رگیز جێگیر نه‌بووه‌ كه‌ به‌و شێوه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌كرێت ته‌ڵقینی بۆ كەس ئەنجام دابێت.

به‌ڵام وارد بووه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم پاش ئه‌وه‌ی له‌ ناشتنی مردووه‌كه‌ ده‌بوویه‌وه‌ ده‌یفه‌رموو: (استغفروا لأخيكم واسألوا له التثبيت فإنه الآن يسأل) أخرجه أبو داود (3221)، والبزار (445)، وابن السني في ((عمل اليوم والليلة)) (585)واته‌: داوای لێخۆشبوون و جێگیربوون بۆ براكه‌تان بكه‌ن چونكه‌ ئێستا ئه‌و پرسیاری لێ ده‌كرێت.

ئه‌گه‌ر چی هه‌ندێك له‌ زانایان جۆرێك له‌ نه‌رمییان نواندووه‌ له‌ ڕووی ئه‌وه‌ی سه‌نه‌دی فه‌رمووده‌كه‌یان به‌ (موضوع) نه‌زانیوه‌ وهه‌ندێ قیاسیان كردووه‌ به‌ڵام له‌ سه‌ر بۆچوونی ڕاست و په‌سه‌ند و به‌ به‌هۆی نه‌بوونی هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی قورئان و فه‌رمووده‌ی صحیح له‌سه‌ر مه‌شروعییه‌تی ته‌ڵقین كردن له‌ دوای مردن ڕاست ئه‌وه‌یە ئه‌و كاره‌ به‌ بیدعه‌ وه‌سف بكرێت چونكه‌ زۆربه‌ی زانایان نه‌هیان له‌ ته‌لقین خویێدنی مردوو كردووه‌ و به‌ جائیزیان نه‌زانیوه‌و به‌ڵكو وه‌كو وتمان به‌ بیدعه‌شیان زانیوه‌ بۆ نموونه‌ وه‌كو (العز بن عبد السلام) فه‌رموویه‌تی: ( لم يصح في التلقين شيء وهو بدعة) واتە سەبارەت بە تەڵقین كردنی مردوو هیچ بەڵگەیەكی ڕاستی لەسەر نییە و بیدعەشە.

به‌ڵام له‌ فه‌رمووده‌ی صحیح دا هاتووه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه و سلم له‌ لێواری گۆڕی پیاوێك له‌ ئه‌نساره‌كاندا دانیشتووه‌و فه‌رموویه‌تی: (یا إخواني لمثل هذا فأعدوا) ، واته‌: ئه‌ی براكانم بۆ ڕۆژێكی ئاوها خۆتان ئاماده‌ بكه‌ن.
سوننه‌تیش وایه‌ دوای ئه‌وه‌ی موسوڵمانان له‌ ناشتنی مردووه‌كه‌ بوونه‌وه‌ به‌بێ ده‌نگی ماوه‌یه‌ك( ده‌وری چاره‌كێك یان بیست ده‌قه‌) له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ بوه‌ستن و ده‌توانن هه‌ركێ لای خۆیه‌وه‌ به‌ ده‌نگێكی نزم دوعا بۆ مردووه‌كه‌ بكه‌ن به‌ڵكو الله زمانی جێگیر بكات بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری ناو گۆڕ.

سه‌باره‌ت به‌ فه‌رمووده‌ی: ( لَقِّنُوا مَوْتَاكُمْ لا إِلَهَ إِلا اللَّهُ ) كه‌ فه‌رمووده‌یه‌كی ڕاسته‌ وپێشه‌وا موسلیم ڕیوایه‌تی كردووه‌، ئه‌وه‌ بۆ كاتی سه‌ره‌مه‌رگه‌ پێش ئه‌وه‌ی كه‌سه‌كه‌ وه‌فات بكات و گیان بسپێرێت، سوننه‌ت وایه‌ كه‌سێك له‌و كاته‌دا وشه‌ی (لا إله الا الله) بخاته‌ سه‌ر زاری ئه‌و كه‌سه‌ی له‌ گیان سپاردندایە بۆ ئه‌وه‌ی له‌و كاته‌دا بڵێت: لا إله إلا الله، چونكه‌ له‌ فه‌رمووده‌یه‌كی صحیح دا هاتووه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه و سلم فه‌رموویه‌تی: ( مَنْ كَانَ آخِرُ كَلامِهِ لا إِلَهَ إِلا اللَّهُ وَجَبَتْ لَهُ الْجَنَّةُ ) واته‌: هه‌ركێ دوا وشه‌ی لا إله إلا الله بێت به‌هه‌شتی بۆ واجب ده‌بێت، ئەم فەرموودە شێخی ئه‌لبانی به‌ فەرموودەیەكی حه‌سه‌نی ناوبردووه‌ له‌ “إرواء الغليل” (687).

ئینجا درووست نییه‌ كه‌سه‌كه‌ ناڕه‌حه‌ت بكرێت به‌وه‌ی زۆر ئه‌و داواكارییه‌ی لێ دووباره‌ بكرێته‌وه‌ نه‌وه‌ك بێزار ببێت و دڵی حه‌ز به‌ وتنی نه‌كات، له‌به‌ر ئه‌و كاته‌ سه‌خته‌ی كه‌سه‌كه‌ پێیدا تێده‌په‌ڕێت، به‌ هێواشی ده‌درێت به‌ گوییدا و درووست نییه‌ ئیزعاج بكرێت و زۆر لێی دووباره‌ بكرێته‌وه‌، وه‌كو پێشه‌وا (النووي) فه‌رموویه‌تی: ” وَكَرِهُوا الإِكْثَار عَلَيْهِ وَالْمُوَالاة لِئَلا يَضْجَر بِضِيقِ حَاله وَشِدَّة كَرْبه ، فَيَكْرَه ذَلِكَ بِقَلْبِهِ , وَيَتَكَلَّم بِمَا لا يَلِيق . قَالُوا: وَإِذَا قَالَهُ مَرَّة لا يُكَرِّر عَلَيْهِ إِلا أَنْ يَتَكَلَّم بَعْده بِكَلامٍ آخَر , فَيُعَاد التَّعْرِيض بِهِ لِيَكُونَ آخِر كَلَامه “

زانایان


فه‌رموویانه‌ ته‌نها به‌( لا إله الا الله) پێویسته‌ ئه‌و كه‌سه‌ ته‌لقین بكرێت و پیویست به‌ (محمد رسول الله) ناكات چونكه‌ فه‌رمووده‌كه‌ به‌و شێوه‌ هاتووه‌: “من كان آخر كلامه من الدنيا لا إله إلا الله دخل الجنة” أخرجه أبو داود (3116) وأحمد (22034).

شایانی باسه‌ ئه‌و ته‌لقینه‌ی كه‌ درووسته‌و پێش گیان ده‌رچوونی كه‌سه‌كه‌ ده‌كرێت تایبه‌ت نییه‌ به‌ته‌نها موسوڵمانه‌وه‌ به‌ڵكو بۆ تاوانیاران و بێ باوه‌رانیش هه‌ر ده‌كرێت، وه‌كو له‌ فه‌رمووده‌ی صحیح دا هاتووه‌ پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه و سلم سه‌ردانی ئه‌بو تالیبی مامی كرد له‌ سه‌ره‌مه‌رگدا پیاوێكی بت په‌رست بوو، داوای لێ كرد بڵێت لا إله الا الله بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له‌ ڕۆژی قیامه‌تدا تكای بۆ بكات، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر ڕازی نه‌بوو ئه‌و وشه‌یه‌ بڵێت.

هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه و سلم چووه‌ سه‌ر كه‌سێكی جوله‌كه‌ له‌ سه‌ره‌مه‌رگدا بوو پێی فه‌رموو: (قل أشهد أن لا إله إلا الله وأن محمدًا رسول الله) ئه‌ویش ته‌ماشایه‌كی باوك و دایكی كرد و ئه‌وانیش له‌ نزیكی ڕاوه‌ستابوون وجا پێیان وت: گوێڕایه‌ڵی باوكی قاسم واته‌ پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه و سلم بكه‌، ئه‌ویش شایه‌تمانی هێنا و ئه‌وكات پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه و سلم فه‌رمووی: (الحمد لله الذي أنقذه بي من النار) رواه البخاري . واته‌: سوپاس بۆ الله كه‌ له‌ ئاگر ڕزگاری كرد

شایانی باسه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ ته‌ڵقینی مردوویان به‌ لاوه‌ درووسته‌‌ جگه‌ له‌وه‌ی پشتیان به‌و فه‌رمووده‌یەكی زۆر لاواز به‌ستووه‌ له‌ موعجه‌می الطبراني كه‌ به‌ڕای زۆر له‌ زانایان و فه‌رمووده‌ناسان نه‌ك ته‌نها لاوازه‌ به‌ڵكو هه‌ڵبه‌ستراویشه‌، پشتیان به‌ هه‌ندێ به‌ڵگه‌ی تر به‌ستووه‌ كه‌ زۆر دوورن و ناشێن بكرێنه‌ به‌ڵگه‌ بۆ ته‌ڵقین خوێندنی مردوو ، وه‌كو: قسه‌كردنی پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه و سلم له‌ سه‌رانی كوژاروه‌كانی قوره‌یشدا له‌ جه‌نگی به‌در و هه‌ندێ فه‌رمووده‌ی تر كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ئه‌كات مردوو گوێی له‌ ده‌نگی ده‌ره‌وه‌ی گۆڕه‌كه‌ی هه‌یه‌، ئه‌وانیش ئه‌ڵێن مادام ده‌بیسێ با ئه‌و قسه‌ خێرانه‌ی بۆ بكه‌ین و له‌ڕاستیدا هه‌رگیز ئه‌وانه‌ش بۆ به‌ڵگه‌ی كارێكی وا ناشێن.

سه‌باره‌ت به‌ فه‌رمووده‌ی (قرأوا على موتاكم يس)، واته‌ سوره‌تی یس به‌سه‌ر مردووه‌كانتاندا بخوێنن، یه‌كه‌م فه‌رمووده‌كه‌ له‌لایه‌ن فه‌رمووده‌ناسانه‌وه‌ به‌ لاوازه‌ دانراوه‌ و دوو كەسی نەناسراو لە سەنەدەكەیدا هەیە، بۆیه‌ ناگۆنجێت سوننه‌تێك به‌ فه‌رمووده‌یه‌كی ضعیف دیاری بكرێت، دووه‌میش موتاكم به‌ واتای ئه‌وانه‌ دیت له‌سه‌ره‌مه‌رگدان نه‌ك ئه‌وانه‌ی مردووه‌نه‌ و ژیانیان كۆتایی پێ هاتووه‌، به‌ڵام كاتێك پرسیاری ئه‌م فه‌رمووده‌ له‌ (ابن باز) كرا فه‌رمووی ئه‌و فه‌رموده‌ لاوازه‌ و لای ئه‌هلی ته‌حقیق ڕه‌تكراوه‌ته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌سێك به‌ناوی أبو عثمان له‌ سه‌نه‌ده‌كه‌یدا هه‌یه‌ لاوازه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی له‌ سه‌ره‌مه‌رگدایه‌و هۆشی به‌ خۆیه‌وه‌ هه‌بێت ده‌كرێت له‌ ڕووی بیرخستنه‌وه‌و ئامۆژگاری، سوره‌تی یاسین یان هه‌ر سوره‌تێكی تری قورئان له‌لایدا بخوێنرێت و ئه‌وه‌ كارێكی باشه‌، به‌ڵام وه‌كو سوننه‌ت سوننه‌ت نییه‌ چونكه‌ به‌ڵگه‌ی له‌سه‌ر نییه‌.

پوخته‌ی ئه‌م بابه‌ته‌:
ته‌ڵقین خوێندنی مردوو به‌و شێوه‌ی لای خۆمان و له‌ شوێنانی تر ئه‌كرێت نه‌ له‌ قورئان و نه‌ له‌ سوننه‌ت و له‌ كرداری پێشینانی چاكی ئه‌م ئوممه‌ته‌دا هیچ بنه‌مایه‌كی ڕاستی نییه‌ و مه‌سه‌له‌كه‌ به‌ گشتی له‌سه‌ر فه‌رمووده‌یه‌كی لاواز یان هه‌ڵبه‌ستراو بونیات نراوه‌ و بۆیه‌ زانایان به‌ بیدعه‌یان زانیوه‌ و به‌ توندی نكۆڵییان لێكردووه‌، به‌ڵكو سوننه‌ت ئه‌وه‌یه‌ پێش ئه‌وه‌ی وه‌فات بكات وشه‌ی لا اله الا الله بخرێته‌ سه‌ر زمانی بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ دوا وشه‌ی كه‌ له‌ دونیا بیڵێت، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ش سوننه‌ته‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی مردووه‌كه‌ به‌ خاك ده‌سپێرن به‌بێده‌نگی ماوه‌یه‌ك له‌سه‌ر گۆڕی مردووه‌كه‌ بمێننه‌وه‌ و دوعای لێ خۆشبوون و جێگیر بوونی بۆ بكه‌ن.
هه‌ركه‌سێك مرد ئیتر خۆی و عه‌مه‌لی ئه‌گه‌ر به‌ كرده‌وه‌ی چاكه‌ له‌ دونیا خۆی فریای خۆی نه‌كه‌وتبێت، تازه‌ ته‌لقین فریای ناكه‌وێت سوودێكی پێ ناگه‌یه‌نێت.

بۆ نووسینی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ كۆمه‌ڵێك سه‌رچاوه‌ گه‌ڕامه‌وه‌، وه‌كو:
– فه‌تواكانی زانایانی وه‌كو النووي و العز بن عبد السلام وابن باز و ابن عثیمین و زانای تر.
– تلقین المیت، موقع الاسلام سؤال و جواب.
ما هو حكم تلقین المیت بعد موته، الملتقی الفقهي..هه‌ندێ سه‌رچاوه‌و موحازه‌راتی تری په‌یوه‌ندیدار.
إحسان برهان الدین
23 جمادى الأول 1440
29/1/2019 سلێمانی

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *